دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلێکی بە ئامانج گرت و ٣ کەسی تێدا شەهیدبوو- نوێکرایەوە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ناوچەی شارباژێری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ٣ شەهیدی لێکەوتەوە.

بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی هەرمێلە ی شارۆچکەی چوارتای ناوچەی شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی سەر ئۆتۆمبێلێکی کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٣ کەسی مەدەنی شەهیدبوون و ئۆتۆمبێلەکەش بەتەواوی سوتاوە.

بە گوێرەی زانیاریە بەدەستخراوەکان یەکێک لە شەهیدەکان خەڵکی گوندی چەمەکەیە لە سنوورى شارباژێر، یەکێکی دیکەشیان منداڵێکە کە نەخۆشبووە و کانوولای لەدەست بووە. سەبارەت بە کەسی سێهەم بە هۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە ناسنامەی نەناسراوەتەوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوێنێ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی دیکەی مەدەنی لە نزیکی شارەدێی خەلەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد  و بە هۆیەوە “موزەفەر حسێن” و دوو منداڵەکەی بەناوەکانی “محەمەد موزەفەر تەمەن ١٨ ساڵ و موبین موزەفەر تەمەن ١٤ ساڵ” شەهیدبوون.

بەم شەهیدانەوە ژمارەی شەهیدە مەدەنییەکانی ئەمساڵ بە هۆی بۆردوومان و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری کوردستان بووبە ٢٣ شەهید، هەروەها ١٧ـی دیکەش برینداربوون.