"دۆزی کورد بەنێودەوڵەتی کراوە، ناتوانرێت کورد لە گۆڕانی ناوچەکە دەربکرێت"

سیاسەتمەدارێکی باشوری کوردستان دەڵێت: "پەرتەوازەبوونی پێکهاتەکانی عێراق وایکردووە وولاتانی ناوچەکە بڕیار بدەن لەسەر سەروەری و بڕیارە ناوخۆیەکانی حکومەتی عێراق".

 حەسەن ئەمین شێخانی سیاسەتمەداری دیاری باشوری کوردستان و شاری کەرکوک و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەری زلهێزەکان کرد و لەنێوانیشیدا دۆخی گەلی کورد لەم قۆناغەدا هەروەها تیکشی خستەسەر هێرشی داگیرکەران و بۆسەر خاکی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە.

 ناتوانرێت کورد لە هاوکێشەی گۆڕانی ناوچەکە دەربکرێت

 سەبارەت بە گۆڕانکاری لەناوچەکە و کاریگەری لەسەر کوردستان داگیرکەرانی، حەسەن شێخانی سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوک و باشوری کوردستان ڕایگەیاند: "لای هەمووان ئاشکراییە بەهۆی شەڕی نێوان وولاتانی زلهێز، جەنگی سێیەمی جیهان دەرگای وولاتانی کوتیوە کە سەرەتاکەیشی لە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە دەستی پێکردووە کە کاریگەری کردۆتە سەر ئابوری تەواوی جیهان بەتایبەی لە ڕووی خوراک و سووتەمەنیەوە، لەگەڵ زیاتر چوونە ناو زستان کاریگەری ئەم جەنگە زیاتر دەردەکەوێت، هەروەها ناکۆکیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان وولاتانی کەنداو و ئێران ڕوو لە زیادبوونە، هەرچوار وولاتی داگیرکەری کوردستان لە گۆڕانکاری لەناوچەکە دەترسن چونکە دەزانن لەئیستادا پێگەی کورد پێگەیەکە کە ناتوانن لە هاوکێشەی گۆڕانکاری نەخشەی ناوچە دەری بکەن".

لەڕێگەی دەستووری عێراقەوە کورد سەربەخۆیی خۆی پاراستووە'

 سەبارەت بەدۆخی باشوری کوردستانیش، ئەو سیاسەتمەدارەی باشور بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "خۆشبەختانە لەدوای نووسینەوەی دەستوری عێراق کورد توانیویەتی چەندین مادەی دەستوری جێگیربکات کە مانەوەی سەربەخۆی خۆی لەچوارچێوەی عێراق بپارێزێت و دامودەزگای تایبەت بەخۆی هەبێت، لەسەردەمی رژێمی پێشووی عێراق ئێران، تورکیا و سوریا بەردەوام هاوئاهەنگیان لەگەڵ یەکتر کردووە لەپێناو ڕێگە نەدان بەکوردان بۆ ئەوەی کیانی سەربەخۆی خۆیان نەبێت،  تورکیا ئێران بەردەوام داوایان کردووە کە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستی حکومەتی عێراقەوە بێت تا ئاسان تر بتوانن سەربەخۆی کورد کۆنترۆڵ بکەن".

'تورکیا دژی هەموو کیانێکی کوردییە'

 سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان حەسەن شێخانی ڕایگەیاند: "بەپی سیاسەتی پەیڕەوکراوی دەوڵەتی تورکیا کە دەلێت 'نابێت هێچ کیانێکی کوردی بوونی هەبێت، تورکیا دەترسێت کە بەهەمان شیوەی دروستبوونی ناوچەی دژە فڕین لەباشور کە لە ئەنجامدا بووە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١، هەمان سینارێۆ لە رۆژئاوای کوردستان دووبارە بێتەوە و هەرێمێکی دژە فڕین دروست بکرێت، هەروەها دیوێکی دیکەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، بابەتی سەختبوونی ململانیەکانی هەڵبژاردنە کە ئەردۆگان و پارتەکەی ترسیان لێ نیشتووە و هەوڵدەدەن کێشەکانی ناوخۆی بەرەوە دەرەوە هەناردە بکەن لەڕێگەی سیاسەتی ڕاگەیاندنی جەنگەوە".

 'بە نێونەتەوەیی کردنی دۆزی کورد زۆر لە قازانجی گەلی کوردە'

 هەروەها سەبارەت بەچۆنیەتی خۆپاراستنی کوردانی رۆژئاوا لە هێرشە نامرۆڤایەتیەکانی دەوڵەتی تورکیا، ناوبراو ووتی: "پێویستە هەسەدە و کوردانی رۆژئاوا بەردەوام بن لە پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان زلهێزەکان لە ناوچەکە، هەروەها پێویستە هەندێک لە داواکرییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت تا فشارەکان کەمتر بنەوە، وە گرنگترین شت کە کوردی هەرچوارپارچەی کوردستان کردوویەتی بە(نێونەتەوەیی)کردنی دۆزەکەیەتی، کە بەنێودەوڵەتی کردنی دۆزی کورد زۆر لە قازانجی گەلی کوردە، کە نزیکترین نموونە مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراقە کە بەفشاری نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوە مادەیە بڕیاردراوە دەست بەجێ بەجێ کردنی بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان".

'عێراق هەستی بە مەترسی بوونی هێزەکانی تورکیا و ئێران دەکات لە خاکەکەی'

 سەبارەت بەدۆخی کوردان لەباشوری کوردستان، ئەو سیاسەتمەدارەی دیارەی باشوری کوردستان ڕایگەیاند: "لەئیستادا حکومەتی عێراقیش هەستی بەو مەترسییەکردووە ئەگەر وولاتان بێنە ناوخاکی هەرێمی کوردستانەوە ئەوە پێشەڵکاری سەروەرەی خاکی عێراقە، دۆخی کورد لە عێراق لە دۆخی کوردانی پارچەکانی دیکەی باشترە چونکە بوونی کورد لە دەستوری عێراق کیانی هەرێمی کوردستان پارێزراوە، وە پێویستە سیستەمی فیدڕاڵی و هەرێمیە بگوازرێتەوە بۆ سوونە و شیعەکانی عێراقیش".

 'وایکردووە ووڵاتانی ناوچەکە بڕیارە لەسەر سەروەری عێراق بدەن'

 لە کۆتاییدا حەسەن شێخانی سیاسەتمەداری دیاری باشوری کوردستان و شاری کەرکوک، سەبارەت بەلاوازی سەروەری عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوخۆی عێراق ئاشکرای کرد و ووتی: "چارەسەری کێشەکانی عێراق ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی زلهێزەکانی، وڵاتانی هەرێمی و نێوخۆی هەیە، چونکە لە عێراق هەریەکە لە دەوڵەتە زلهێزەکان و هەرێمیەکان دەستێوەردان دەکەن لە کاروباری نێوخۆی عێراق، هەروەها لەڕووی ناوخۆیەوە ماڵی عێراقییەکان شپرزەیە کە کورد و سوونەو شیعە نێو ماڵیان پەرتەوازەیە و یەکگرتوو نین، ئەمەش وایکردووە وولاتانی ناوچەکە بڕیار بدەن لەسەر سەروەری و بڕیارە ناوخۆیەکانی حکومەتی عێراق".

هـ . ب