فیلمی “نامەكان لە شەنگالەوە” ١٣ی مانگ نمایش دەكرێت

فیلمی “نامەكان لە شەنگالەوە” كە باس لە دایكانی خۆڕاگری شەنگال و ئەو ئازار و ناخۆشیانەی بەسەر خەڵكی شارۆچكەكە لەكاتی فەرماندا هاتووە، دەكات، بڕیارە ڕۆژی١٣ی ئەم مانگە لە حەوتەمین ساڵیادی ڕزگاركردنی شەنگال نمایش بكرێت.

فیلمی “نامەكان لە شەنگالەوە” لەلایەن نووژییان پرۆدەكشن بەرهەم هێنراوە و لە لایەن دەرسیم زێرەڤان، كاری دەرهێنانی بۆ كراوە، تۆماركردنی لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە دەستی پێكردووە و بڕیارە ڕۆژی١٣ی ئەم مانگە، كە هاوكاتە لە گەڵ ڕۆژی ئازادكردنی شەنگال نمایش بكرێت.

فیلمەكە، هەم فكر و هەم دراما و فیلمی دیكۆمێنتاری لەخۆدەگرێت، باس لەو ناخۆشی و ئازارانە دەكات بەسەر خەڵكی شەنگال و ڕزگاربوواندا هاتووە، هەروەها تێیدا تێكۆشانی شەڕڤانانی ئازادی و ئەو دایكانەی كە هیوای سەركەوتن لە دڵیاندا هەیە نیشان دراوە.

فیلمەكە هەروەها باس لە هەنگاوەكانی ڕزگاریخوازان دەكات و جارێكی دیكە بە ڕزگاركردنی شەنگال هیوای گەلی ئێزدی نوێ دەكەنەوە.

فیلمی “نامەكان لە شەنگالەوە” لە شەش بەش پێكهاتووە و لەسەر بنەمای ڕووداوی ڕاستەقینە دروست كراوە و هەروەوها ئەو كەسانەی وەك ئەكتەر ڕۆڵیان لە فیلمەكەدا هەیە، لە ڕووداوەكانی كاتی فەرمان، بەرخۆدان و كۆچكردن دا ژیاون.

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەكانی داعش هێرشیان كردە سەر شارۆچكە و گوندەكانی سەر بە شەنگال و لە ئەنجامدا زیاتر لە دوو هەزار كەس كوژران، نزیکەى شەش هەزار و ٤٠٠ کەس لەلایەن چەتەكانی داعشەوە ڕفێندران، بەڵام لە ئەنجامی بەهاناوە چوونی ١٢ گەریلای ئازادی، توانرا گەلی شەنگال لە كۆمەڵكوژی زیاتر بپارێزن، دواتر لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بە پێشانگایەتی گەریلا و بە هاوكاری هێزەكانی یەبەشە و پاڵپشتی یەپەگە و یەپەژە توانر شەنگال لە دەستی چەتەكانی داعش ڕزگار بكرێت.

ف.ق