چالاکیی خەڵکی شەنگال، کە بە ئامانجی پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدیخان دەستیپێکردووە، بە بەشداری گروپەکانی شارەدێی سنونێ و دگورێ بەردەوامە.
هاوڵاتیانی شەنگال لە چوارچێوەی چالاکییەکانیان دژی پەیمانی بەغدا- هەولێر، بە ئامانجی پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدیخان، بۆ سێیەم ڕۆژ لەبەردەم ناوەندی ئاسایشی شەنگال بەردەوامی بە چالاکییەکەیان دەدەن.
چالاکییەکە بە دروشمی “ئێمە هەموو ئاسایشین” دەستیپێکردووە و تا هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، دوێنێ گروپەکانی چالاکوانان لە کۆمەڵگەکانی بۆرک و دهۆلا بەشداری چالاکییەکە بوون و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئاسایشی ئێزدیخان ڕاگەیاند، ئەو گروپە تا بەیانی ئەمڕۆ لە چادرەکە بوون و بە گۆرانیی و هەڵپەڕکێ کۆتا چالاکیی خۆیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆش گروپەکانی چالاکوانان لە شارەدێی سنونێ و دگورێ دەوری چالاکییەکەیان وەرگرت و درێژە بە چالاکییەکە دەدەن، خەڵکیش سەردانیان دەکەن و پشتیوانی خۆیان ڕادەگەیەنن.
ف.ق