گەنجان لە شەنگال لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی رێپێوانیان ئەنجامدا

گەنجانی شەنگال بە رێکخستنی رێپێوانێکی بە مەشخەڵ سڵاویان لە بەرخودانی گەریلا کرد و لە دژی داگیرکەری داوایان لە گەنجانی ئێزدی و هەموو گەنجانی کوردستان کرد، کە بەشداری جەنگی ئازادی ببن.

یەکێتیی گەنجانی ئێزدی و یەکێتیی ژنانی گەنجی ئێزدی و بە بەشداریی هاووڵاتییانی شەنگال لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانیان ریپێوانێکی بە مەشخەڵیان رێکخست. رێپێوانەکە لە بەردەم خوێندنگەى ناوەندی کۆمەڵگەى دوهلا دەستیپێکرد.

 لە رێپێوانەکەدا بە بەردەوامی دروشمی دڵسۆزی بۆ گەریلا دەوترایەوە. ئاڵاکانی پەکەکە و پۆستەرەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرزکرابوونەوە. رێپێوانەکە تاوەکو بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی گەل بەردەوام بوو.

لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی گەل و بە ناوی گەنجانەوە سالم شەنگالی راگەیاندراوێکی خوێندەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتبوو، "ئێمە وەک گەنجانی ئێزدی رێککەوتنی شەڕ لە دژی ئێمە و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان هەرگیز قبوڵ ناکەین، چونکە ئەو رێککەوتنە راستەوخۆ بۆ دوژمنایەتیکردنی گەل، ئایین و باوەڕەکانە. شەڕێکی گەورە لە گۆڕێدایە و دەبێت هەموو کەس بەرامبەر ئەو شەڕە هۆشیار بێت. شەڕی مان و نەمانە، بۆیە دەوڵەتی تورک بە هەموو هێزی خۆیەوە شەڕ دەکات.

 دەوڵەتى تورک بۆ ئەوەى بە ئامانجەکەى بگات هەموو هێزی خۆی خستووەتەکار، بەڵام سەرباری ئەوەى هەموو هێز و تەکنیک و تەکنەلۆژیای سەربازیی خۆی خستووەتە کار تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین سەربکەوێت. ئەو شەڕە نیشانەى شکستی دەوڵەتی تورکە. ئێستا دەیانەوێت لە رێگەیى ناتۆوە بنەماڵەی بارزانی بخەنە ناو ئەو شەڕەوە و بە تایبەتی ناتۆ دەیەوێت لە مەتینا ئاڵۆزی و قەیران دروست بکات و گەریلا و پێشمەرگە بکات بە گژی یەکتردا.

با پێشمەرگە نەکەوێتە ناو ئەو داو و یارییەوە و ئەگەر ئەوەی ئێستا درێژەی پێبدرێت کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە، چونکە ئەگەر گەریلا نەمێنێت ئەوا کورد و کوردستانیش نامێنێت. شەڕێ گەریلا لە دژی داگیرکەران شەڕێکی مێژووییە و دوژمنی بەرەو لێواری هەڵوەشاندنەوە و ترازان بردووە.

ئێمە وەک گەنجانی ئێزدی لە هەواری مام زەکی شەنگالی، بەشیرەکان تاوەکو زەردەشت و عەگید جڤیان، سڵاوی خۆمان بۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەنێرین. ئێمە بە دڵنیاییەوە داگیرکەریی سەر خاکی وڵاتەکەمان قبوڵ ناکەین و داگیرکەران دەردەکەین. ئێمە داوا لە گەنجانی ئێزدی و هەموو گەنجانی کوردستان دەکەین، بەشداری جەنگی ئازادی ببن.

ئێمە بە بەرخودان و تێکۆشانی گەریلا داگیرکەران تێکدەشکێنین و رێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین.

لە دوای خوێندنەوەى راگەیاندراوەکە بە ئاگر نووسینان "جەنگی ئازادی" و بە بەردەوامی دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" دەوترایەوە.

ژ.ت