نەورۆز لە کوردستان، تورکیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر چوار لای جیهان بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێکرا. گەریلاکانی یەژاستار فەراشین زاگرۆس و ئارژین دەستان باکور جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٣یان لە لێدوانیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) هەڵسەنگاند.
فەراشین زاگرۆس سەرنجی راکێشا بۆ سەر گرنگی نەورۆز بۆ گەلی کورد و رایگەیاند کە ئەوان بە گیانی بەرخودانی نەورۆز دەستیان بە ساڵی ٢٠٢٣ کردووە. فەراشین زاگرۆس بە بیری هێنایەوە کە لە تەواوی مێژوودا گەلی کورد بە پێشەنگایەتی کاوەکانی سەردەم بەردەوام بەرامبەر بە زوحاکەکان وەستاوەتەوە و وتی، "گەلی کورد لە رێگەی نەورۆزەوە زیاتر شان دەداتە بەر تێکۆشان و بەرخودان. ئێمەش بە بۆنەی نەورۆزەوە بەڵێنی بەرزکردنەوەی تێکۆشان دەدەین".
'دەمانەوێت ئاگری نەورۆز گەشتر بکەین'
گەریلای یەژاستار فەراشین زاگرۆس باسی لەوەکرد کە گەلی کورد بە بەخشینی قوربانی خۆی گەیاندووەتە ئەم ئاستە و لە درێژەدا سەرنجی راکێشایە سەر ئەو تایبەتمەندیانە و وتی: "ئەو تێکۆشانی ئازادییەی مەزڵوم، رەخشان، رۆناهی و بێریڤانەکان گەورەتر بووە و گەورەتریش دەبێت. بۆ ئەوەی لە چیاکانی کوردستان ئاگری نەورۆز گەش بکەین ئێمە دەمانەوێت لە تەواوی جیاکانی کوردستان شایەنی ئەم تێکۆشانە بین".
فەراشین زاگرۆس سەرنجی راکێشا بۆ سەر کاریگەری بومەلەرزە لە باکوری کوردستان و لەبارەی هیوا و ئاواتەکانی خۆی لە نەورۆزدا وتی، "وەک دەزانرێت ئێمە لە قۆناغێکی دژواری تێکۆشانداین. گەلەکەمان بە هۆی بومەلەرزەوە ئازاری زۆر دەچێژێت. ئێمەش بەڵێن دەدەین کە بە بەرخودانی خۆمان ئازارەکانی گەلەکەمان ساڕێژ بکەین. جارێکیتر نەورۆزی گەلەکەمان پیرۆز دەکەین".
' ئێمە خاوەنداری لە میراتی مێژوویی نەورۆز دەکەین'
ئارژین دەستان باکور لە سەرەتای قسەکانیدا نەورۆزی لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڤاڵانی پیرۆز کرد. گەریلا دەستان باکور باسی لەوەکرد کە نەورۆز بۆ ئەوان جێگەی خرۆش و سەرهەڵدانە و وتی، "خۆی لە خۆیدا نەورۆز رۆحی سەرهەڵدان و بەرخودانە. ئێمە شان دەدەینە بەر ئەو میراتە مێژووییە. ئێمە لە جۆش و خرۆش و دڵخۆشی نەورۆزداین".
'گەریلا لە هەموو چیاکان خۆڕاگری دەکەن'
دەستان باکور ئەوەشی خستەڕوو کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئەمرۆ لە سەرجەم چیاکانی کوردستان خۆڕاگری دەکەن و پەیامەکەی لەبارەی نەورۆزەوە بەم قسانە گەیاندە کۆتایی: "ئێمە بە ئاگری مەزڵوم، زەکیە، رەخشان، رۆناهی و بێریڤان نەورۆز پیرۆز دەکەین. رەنج و تێکۆشانی ئەوان، بنەمای گەورەکردنی بەرخودان بەهێز دەکات. وەک رێبوارانی رێگەی ئەم بەرخودانە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆلۆنیالیزم و داگیرکەری ئێمە لە هەموو چرکە و ساتێکدا ئامادەین".
هـ . ب