گەریلایەکی خەڵکی گیلان: پەکەکە باشترین شوێنە بۆ هێنانەدی خەون و ئاواتی گەنجان

رۆژهەڵات باز گەریلایەکی خەڵکی تاڵشی گیلانە سەبارەت بە پەیوەستبوونی بە ریزەکانی پەکەکەوە وتی: دوای لێکۆڵینەوە و لە نزیکەوە ناسینی تێکۆشانی ئازادی بڕیاریداوە بەشداری بکات و جەختیش دەکاتەوە، " پەکەکە باشترین شوێنە بۆ هێنانەدی خەون و ئاواتی گەنجانی شۆڕشگێڕ".

گەریلایەکی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بە ناوی رۆژهەڵات باز کە گیلەکیە و خەڵکی شاری تاڵشی پارێزگای گیلانی باکووری ئێرانە، لا چاوپێکەوتنێکی کورتدا لەگەڵ رۆژنامەوان عەگید سیروان سەبارەت بە چۆنێتی ناسینی ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە، ئەوەی چۆن کاریگەری لەسەر دانراوە و هەروەها دۆخی شەڕ و هێرشە داگیرکەرییەکانی ئێستا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و هەروەها بەرخودانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە بەرامبەر ئەو هێرشانە قسەی کرد و ئاماژەشی بەوەدا کە ئەندێشەکانی عەبدووڵا ئۆجالان باشترین بژاردەیە بۆ گەنجانی ئازادیخواز و سەرجەم نەتەوە و گەلان و کە رێگەیەوە دەتوانن ئاوات و داواکارییەکانیان بهێننەدی.

گەریلا رۆژهەڵات باز ئاماژەی بەوەکرد کە لە زێدی ئەو ژمارەیەکی زۆر کورد دەژین کە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئێران بەتایبەتی دەسەڵاتی پاشایەتیەوە بەرەو ئەو ناوچەیە راگوێزراون و چەندین هاوڕێی کوردی هەبووە و لە رێگەی ئەوانەوە کوردی ناسیوە و دوای ئەوەش کە لە کاتی سەربازی زۆرەملێدا لە مەریوان بووە زیاتر کوردەکانی ناسیوە و هاوڕێی کوردی هەبووە.

ئاشکراشی کردووە، بەر لەوەی بچێتە سەربازی لێکۆڵینەوەی لەسەر پەکەکە هەبووە و لە مەریوانیش زیاتر پەکەکەی ناسیوە و تەنانەت توانیویەتی هەڤاڵان لە دەوروبەری ئەو شارە ببینێت.

گەریلا رۆژهەڵات باز ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵی ٢٠٢٠ هەڤاڵانی بینیوە و زیاتر بزوتنەوەی ئازادیی کوردستانی ناسیوە بڕیاریداوە پەیوەست بێت بە ریزەکانی گەریلاوە و بۆ ماوەیەکیش هەر لە ناوخۆی رۆژهەڵات وەک گەریلا ماوەتەوە و دوای ساڵێک رووی کردووەتە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا.

لەوەڵامی پرسیارێکدا کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی شەڕ و هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، چۆن چووەتە ئەوێ و دۆخەکە چۆن هەڵدەسەنگێنێت، ئەو گەریلایەی هەپەگە وتی، "چەند جار پێشنیازم کرد، سەرەتا هەڤاڵان نەیانویست کە بێمە ئێرە، بەڵام دواتر بە هۆی ئەوەی پێداگریم کرد، رازی بوون بەوەی بێمە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا"، هەروەها راشیگەیاند: "دەوڵەتی تورک بەهەموو توانای خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر پەکەکە و دەیەوێت لەناوی ببات، بەڵام هەڤاڵانمان لێرە لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا خۆڕاگری دەکەن و منیش بڕیارم داوە پەیوەست بم بەو بەرخودانەوە و لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بجەنگم".

رۆژنامەوان عەگید سیروان پرسیاری ئەوە لە گەریلا رۆژهەڵات باز دەکات کە ئایا بەلاتەوە سەیر نییە کە هەندێک ئەم شەڕە وەک شەری نێوان پەکەکە-کورد لەلایەک و دەوڵەتی تورک لە لاکەیترەوە پێناسەدەکەن، کەواتە چۆنە کە پەیوەست بوویت بەم تێکۆشانەوە و چۆن ئەم تێکۆشانە بۆ خۆت هەڵدەسەنگێنیت؟

لەوەڵامدا ئەو گەریلا گیلەکیەی هەپەگە وتی، "بەر لە هەموو شتێک دەبێت بڵێم، ئەو تێگەیشتنەی کە لە هەندێک شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە ئەم شەڕە، شەڕی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورکە، بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە. واتە ئەندێشە و رامانەکانی رێبەر ئاپۆ تەنیا بۆ یەک گەل نییە، بەڵکوو بۆ سەرجەم گەلانی جیهان و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ لەسەر گەلانی فارس، عەرەب و گەلانی دیکە کاریگەری داناوە. واتە دژی سیستمی دەسەڵات و دەوڵەتە. ئەگەر کەسێک لەو راستیە تێبگات کە سیستمی دەوڵەت و زۆرداری چ شتێکی بەسەرماندا هێناوە، بە بڕوای من دەبێت خۆی بە ئارەزومەندانە بێتە ناو ئەم شەڕەوە. منیش هەر بەم پاڵنەرەوە بەشداریم لەم شەڕەدا کرد". جەستیشی کردەوە ئەمە تەنیا شەڕی کوردەکان و دەوڵەتی تورک نییە، بەڵکوو هەموان لەم شەڕ و تێکۆشانەدا بەشدارن. منیش لەبەر ئەم هۆکارەیە لێرەم".

سەبارەت بەوەی کە لە رووی زمانەوە تووشی کێشە و دژواری نابێت، بەوپێیەی کە زۆرینەی گەریلاکان بە کرمانجی و سۆرانی قسە دەکەن، گەریلا رۆژهەڵات باز وتی، "نا کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، ئەو هەڤاڵانەی کە خەڵکی رۆژهەڵات بوون دەیانتوانی بە فارسی قسەم لەگەڵدا بکەن، منیش زۆر زوو فێری کوردی بووم. واتە زۆر دژوار نییە، مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی خۆی لەگەڵ زمانی کوردی و هەر زمانێکی دیکەدا بگونجێنێت و منیش فێربووم، راستە سەرەتا هەندێک دژوار بوو، بەڵام ئێستا باشە و بە دڵنیاییەوە دژوار نەماوە".

پرسیاری ئەوە لە گەریلا رۆژهەڵات باز دەکرێت کە ئەم شەڕە دژوارەی لەئارادەیە چ کاریگەرییەکی لەسەرداناوە؟ ئاخۆ هیچ هەڤاڵێکی شەهید بووە؟ هەڤاڵەکانی فارس نین، لە باکووری کوردستان و هەموو شوێنێکی جیهانەوە هاتوون و لێرە دەجەنگن، لە تێکۆشانی شان بە شاندا لەگەڵ ئەوان، لێرە چ هەستێکی هەیە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "هاوڕێیەتی لە ناو رێکخستندا بە رای من لە هاوڕێیەتی لە ناو شار و شوێنەکانی دیکە جیاوازە، زۆریەک لە هاوڕێیانم لێرەبوون، هاوڕێی زۆر نزیک  و گیانی بە گیانی بووین و شەهیدبوون و ئێستا لەناوماندا نین، هەر ئەوە ئیرادە و پێداگری من لەم شەڕە و بۆ وەستانەوە دژی سوپای تورکی داگیرکەر پتەوتر کرد. بەکورتی هاوڕێیەتی وهەڤاڵێتی لێرە زۆر جیاوازە لە شوێنەکانی دیکە و کاریگەری زۆری لە سەر من داناوە".

لە درێژەی قسەکانیدا گەریلای هەپەگە رۆژهەڵات باز ئەوەی خستەڕوو، کە ژیان لەناو پەکەکەدا بۆ گەنجان و ژنان و ئەو خەڵکانەی لەناو شار و گوندەکاندا دەژین و دەیانەوێت ژیانێک ئازاد و ئازادی رادەربڕینیان هەبێت، باشترین بژاردەیە. ئەوان دەتوانن لەناو حزبدا ئازادی بەدەست بهێنن و بە بڕوای من باشترین شوێنە بۆ هێنانەدی بیرکردنەوە و ئاواتەکانی ئەوانەی دژی سیستم و دەوڵەتن. پێشنیاز دەکەم بێن و پەیوەست بن بە ریزەکانی پەکەکەوە. بەم جۆرە تێکۆشانیان کاریگەری دەبێت، نەک ئەوەی لەوێ و لە دەرەوەی پەکەکە تێکۆشانێکی سنوورداریان هەبێت کە کریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. تێکۆشان لێرە زۆر کاریگەرترە لە تێکۆشان لەناو شارەکان.

گەریلا رۆژهەڵات باز لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا وەک گەریلایەکی گیلەک بەم جۆرە ئاوات و خواست و روانینی خۆی بۆ داهاتوو و هەروەها بۆ گەلانی ئێران خستەڕوو: "کاتێک لەناو شاردا دەژیام دەمویست ببمە شۆڕشگێر، بەڵام لێرە تێگەیشتم و دەزانم کە چۆن دەتوانم ببمە شۆڕشگێڕی راستەقینە. بەڕای من هەر کەس کە وەک من لەناو شاردا خۆی بە شۆڕشگێڕ دەزانێت، دەتوانێت لێرە ببێتە شۆڕشگێڕ و پەیوەست بێت بە ریزەکانی گەریلاوە، بڕوام وایە پەکەکە و کوردەکان دەتوانن خۆڕاگری بکەن و لەسەدا سەد لەم شەڕەدا سەردەکەوین".