هەڵەبجە؛ كۆنفڕانسێكی زانستی بۆ داهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو

كۆنفڕانسی زانستی زانكۆی هەڵەبجە بۆ داهێنان بەڕێوەچوو، یەكێك لەداهێنەرەكان جوتیارێكی كوردی خەڵكی شارەزوورە، کە گۆڕانكاری لەتراكتۆری جۆری عەنتەردا كردوە و چەند تایبەتمەندییەکی بۆ زیاد کە کارئاسانی زۆر بۆ جوتیاران دەکات.

ئەمڕۆ لەهۆڵی كتێبخانەی گشتی زانكۆی هەڵەبجە بەشداری ٨٢ داهێنەر لەعێراق و هەرێمی كوردستان ١٠یەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی و پێشانگا بۆ داهێنان بەڕێوەچوو، تێدا داهێنەرەكان بیرۆكەی كارەكانی خۆیان خستەڕوو لەو جێگایانەی خزمەتیانن پێكردوە.

دكتۆر سیروان حامید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بە ڕۆژنیوزی راگەیاندووە، ئەمڕۆ ١٠یەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەهاوكاریی سەنتەری نێودەوڵەتی فەڕەنسی بۆ بیرمەندان و داهێنەران ساز دەكرێت، تێیدا ١٠ زانكۆیی حكومی و ئەهلی لەعێراق و هەرێم بەشداریدەكەن، ئەو كەسانەدی بەشدارییان لەكۆنفرانسەكەدا كردوە، لەبواریی پزیشكی و ئەندازیاری و فیزیاو داهێنانەكانیان باسدەكەن كە بەشێوەی پۆستەر خراوەتەڕوو.

سەبارەت بەگرنگی كۆنفڕانسەكەش وتی، كۆنفڕانسەكە گرنگە بۆ زانكۆی هەڵەبجە، بەهۆی ئەوەی لەپێشوودا شارەكە ناوەندی داهێنانبووە لەبواری ئەدەبی و هونەری شۆڕشگێڕی و خەباتی سیاسیدا، بۆیە ئەم كۆنفڕانسانە بەهەموو جۆرێك گرنگی تایبەتی هەیە تێدا بیرۆكەكان ئاڵوگۆڕدەكرێت لەنێوان بەشداربواندا.

لای خۆشیەوە عوسمان ساڵح كە لە ساڵانی ڕابردوودا تراكتۆری عەنتەری بەنوێترین شێواز خستەڕوو یەكێك بوو لەو داهێنەرانەی بەشداری لەكۆنفرانسەكەدا كردوە بۆ ڕۆژنیوز وتی، بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ وەك داهێنەرێك لەبواری تراكتۆردا بەشداریم لەم كۆنفرانسەكردوە، داهێنانەكانی من بریتیە لەپێشخستنی تراكتۆریی عەنتەر بەگۆڕانكاری نوێوە، تائێستا توانیومانە سەدان تراكتۆر نوێبكەینەوە پێشیان بخەین و داهێنانی تێدابكەین.

سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەشی لەتراكتۆردا كردونی وتی، گۆڕانكارییەكان لەتاك ئەكسلەوە كراون بەدەبڵ ئەكسل، بەستنی هەر چوار برێكی واتە سەلامەتە لەهەموو ڕێگایەكدا بڕوات و وەرناگەڕێت، هەروەها تیژڕەوكردنی لەكاتژمێرێكدا لە ٢٥ كیلۆمەترەوە بۆ ٥٠ كیلۆمەتر، جگەلەوەش دەبڵ ڕادێتەر ئەوەش لەكاتی كاركردندا بەهیچ جۆرێك گەرم نابێت خزمەتی تەواوی جوتیارانی پێدەكرێت.

هـ . ب