"هەڵبژاردن نەک کێشەکانی عێراقی چارەسەر نەکرد، بەڵکو قووڵتری کردەوە"

بە بۆچوونی لایەنە سیاسیەکان ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە نەک کێشەکانی عێراقی چارەسەر نەکرد، بەڵکو لەوانەیە کێشەکانی ووڵات قووڵتر بکاتەوە.

لە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوچوو، کە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لەهەموو هەڵبژاردنەکانی دیکەی عێراق. ئەم هەڵبژاردنە بە مێژوویی باس دەکرێت، چونکە یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە مێژووی عێراق کە لەژێر فشاری خۆپیشاندەران ئەنجامدرا.

بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکەی عێراق لەماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوودا ئەم هەڵبژاردنە کەمترین ڕێژەی بەشداریی خەڵکی تێدا تۆمارکرا، کە تەنها ٪٤٠ی خەڵکی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا کرد، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێ هیوابوونی هاووڵاتییان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق.

سەبارەت بە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و داهاتووی عێراق و ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و چەند پرسێکی دیکە، چەند سیاسەتمەدارێک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

وەکو وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ داواکاری خۆپیشاندەران

شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ووتی: "ئەو هەڵبژاردنەی کە بەرێوەچوو بەفشاری خۆپیشاندەران ئەنجامدرا، ئەو هەڵبژاردنە وەکو وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ داواکاری خۆپیشاندەران بۆ چارەسەری سیاسی و ئابوری لە عێراق."

خەڵکی عیراق زیاتر بێ ئومێد دەبێت

سەبارەت بەبایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن ٪٦٠ی هاووڵاتیانی عێراقەوە ووتی: "هۆکاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانەش لەماوەی ١٨ساڵی ڕابردوودا ئەمە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنە و لەبری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان، ووڵات رۆژ بەرۆژ خەڵکی عیراق بێ ئومێد دەبێت و برسی دەبێت و گەنجان ووڵات بەجێدەهێلن."

پەرلەمانتار لە عێراق بەفیتی ووڵاتانی هەرێمی دەجوڵێنەوە

 ووتیشی: "خەڵکی لەڕێگەی پەرلەمانتارەوە هەوڵدەدەن گۆرانکاری بکەن، بەڵام پەرلەمانتار لە عێراق بەفیتی ووڵاتانی هەرێمی دەجوڵێنەوە و زەنگی چوونە ژورەوە بۆ پەرلەمان و بایکۆتکردنی پەرلەمانتار ووڵاتانی دیکە لی دەدەن. هەروەها پۆستە باڵاکانی عێراق لەلایەن ووڵاتانی هەرێمیەوە دادەنرێت، خەڵکی بێ ئومێد بووە و پێیانوایە بەشداری هەڵبژاردن بکەن یان نا ئەوە کەسەکان دیاری کراون."

ئەمەش یەکێکە لە ئاماژە ڕوونەکان کە ساختەکاری ڕوویداوە

هەروەها شوان محەمەد سەبارەت بە ئەنجامدانی ساختەکاری لەو هەڵبژاردنەی بەرێوەچوو ووتی: "بەداخەوە لە ئێستادا لەسایەی ئەم حکومەتە گەندەڵە ئەگەری ڕوودانی ساختەکاری هەیە، بێ ئومێدی هاووڵاتیان گەیشتووەتە ئاستێک، کە خۆزگە بە رۆژانی ڕەشی سەردەمی رژێمی"سەدام حوسێن" دەخوازن، یەکێک لە ئاماژە ڕوونەکان لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان ئەوەبوو لە رۆژانی یەکەم ژمارەی دەنگەکان، کە بڵاوکرایەوە پاش سێ رۆژ ژمارەی دەنگەکان گۆڕانکاری بەسەرهات و کاندید هەبوو سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، بەڵام پاشان کەسانی دیکە هەڵبژێردران لەشوێنیان، ئەمەش کۆمەڵێ پرسیاری هێنایە کایەوە."

لە سەدام حوسێن خراپتر بوون

هەروەها ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ووتیشی: "دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی هیوایەکی بە حکومەتی نوێ هەبوو بەهۆی ئەوەی ئۆپەزسیۆن بوون و پەروەردەی ئەمریکا و بەریتانیا بوون، بەڵام ئەوان لە سەدام حوسێن خراپتر بوون."

نەک کێشەکانی چارەسەر نەکرد، بەڵکو لەوانەیە قووڵتری بکاتەوە

لەکۆتایدا شوان محەمەد ووتی: "ئەم هەڵبژاردنە نەک کێشەکانی چارەسەر نەکرد، بەڵکو لەوانیە کێشەکان قووڵتر بکاتەوە، وەکو دەبینین لەئێستادا خۆپیشاندان لەناوەڕاست و خواری عێراق دەستی پێکردۆتەوە و فراکسیۆنەکان و هێزەکان هەڕەشە لەیەکتری ئەکەن، دەستێوەردانەکانی ووڵاتان زۆر ڕوونن، بۆیە پێشبینی ناکرێت کێشەکان عێراق چارەسەر بکات، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکات، لەئێستاشدا پۆستەکانی عێراق کڕین و فرۆشتنییان پێوەدکرێت و هەردوو ووڵاتی ئێران و تورکیا ڕێگە نادەن عێراق ئارامی بەخۆییەوە ببینێ، چونکە عێراق کێشەکانی خۆیان لە عێراق ساخدەکەنەوە."

یەکەم جارە لە مێژووی عێراق

کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان سەبارەت بە جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکەی عێراق ووتی: " ئەم هەڵبژاردنە جیاوازبوو بەهۆی ئەوەی یەکەم جارە لە مێژووی عێراق کە بەفشاری خۆپیشاندەران هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، کە هەڵبژاردنی پێشوەختە داوایەکی سەرەکی خۆپیشاندەران بوو."

هەرزوو ئەو هیوایەی خەڵکی کاڵ بووەوە

سەبارەت بە بێ هیوابوونی هاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنە کۆمەڵ سەرمەد ووتی: " لەسەرەتادا بەشێوەیەک پروپاگەندە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کرا، کە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر دەبێت ئەمەش ئومێدی لای خەڵکی دروستکردبوو کە گۆڕانکاری ڕووبدات خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە خەڵکی بکرێت، بەڵام هەرزوو دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەو هیوایەی خەڵکی کاڵ بووەوە، چونکە ئەوەی خەڵکی دەیویست نەهاتە دی."

کاندیدانی سەربەخۆ کرابوونە ئامانج

هەروەها ناوبراو ووتی: "هەموو ئامارەکان وا دەریدەخات، کە ئەو ئەنجامەی لەم هەڵبژاردنەدا ڕاگەیاندرا و ئەو لایەنانەی کە سەرکەوتن پیدەچێت بەشێوەیەکی پلان بۆدارێژار ئەنجامدرابێت، بە بڕوای ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا دەستێوەردانی هەرێمی، نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەبووە.

لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدانی سەربەخۆ کرابوونە ئامانج بەشیوەیەک، کە ئومێد لای ئەو خەڵکە نەهێڵن، گۆڕانکارییان دەوێت تا جارێکی دیکە بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەن، ژمارەیەکی زۆر کەم لە کاندیدانی سەربەخۆ سەرکەوتووبوون لە هەڵبژاردن ئەو کاندیدە سەرکەوتووانەش حزبێکی دەسەڵات لە پشتییانەوە بووە، ئامانج لە بێ هیواکردنی هاووڵاتیان بۆ بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن ئەوەیە کە ئەو حزبانەی لە دەسەڵاتن پێگەی جەماوەریان جێگیرە و نایەنەوێت خەڵکی دیکە بەشداری هەڵبژاردن ببێت."

عێراق لەبەردەم دوو ئەگەردایە، کە یەکێکیان شەری نێوخۆیە

لەکۆتایدا هاوسەرکی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی سەبارەت بە داهاتووی عێراق دوای ئەم هەڵبژاردنە ووتی: "حکومەتی نوێی عێراق لەبەردەم کێشەی گەورەتر و قووڵتر دەبێت بەراورد بە حکومەتەکانی پێشووتر، لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پێکهێنانی حکومەت ساڵێکی خایەند بە بڕوای ئێمە پێکهێنانی حکومەت ئەم جارە کاتێکی زیاتر دەخایەنێت.

وولات لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان ئەم لایەنە براوانە بەشێک لە کورسییەکانی خۆیان بەش دەکەن لەگەڵ لایەنی دیکە و بەشدارییان پی دەکەن لە حکومەت یان کێشەکان دەگاتە ئەو ئاستەی لە عیراق شەڕی نێوخۆی دروست ببێت."

ژ.ت