هەدەپ لە وان دەستیکرد بە وەرگرتنی داواکاری کاندیدبوون

کۆمیسیۆنی قبووڵکردنی کاندیدانی وانی هەدەپ ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی داواکاری کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنە خۆجێیەکان.

کۆمیسیۆنی قبووڵکردنی کاندیدانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) لە وان، ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی داواکاری کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ ی ئاداری ٢٠٢٤.

ئەندامی کۆمیسیۆنەکە. گوڵشەن کورد، گوتی: "ئەم دەسەڵاتە ئیرادەی گەلی دەستبەسەر کردووە و شارەوانییەکانی ئێمەی زەوتکردووە. چەندەها هاوسەرۆکی شارەوانی و ئەندامی مەجلیس و ئەندامی مەجلیسی گشتی شارەکان و هەزاران ئەندامی ئێمە گیراون. یەکەمین کاری قەیومەکان لابردنی تابلۆکان بوو بە زمانی کورد و سوریانی و ئەرمەنی. سەرەڕای هەموو فشارەکان، تێگەیشتنی جڤاکیمان بۆ شارەوانییەکان هەبووە".

هەروەها ڕایگەیاند، هەرکەس بەپێی پەیڕەوی پارتەکەیان دەجووڵێتەوە، با داواکاری کاندیدبوون پێشکەش بکات، ئەوان قۆناغی داواکاری کاندیدبوونیان دەست پێ کردووە و تا ١٠ ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.