دەنگی ناڕەزایەتی دژی لەسێدارەدان لە ئێران دەگەیەندرێتە هەموو گەلانی جیهان

ناوەندی راپەڕینی گەلی شۆڕشگێڕیی کوردستان بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی رای گشتی جیهانی بۆ سەر پرسی لەسێدارەدان لە ئێران هەڵمەتێکی ئینتەرنێتی بە هاشتاگی 'نابۆ ئێعدام' بەڕێوەدەبات.

 بە پێی بانگەوازێکی ناوەندی راپەڕینی گەلی شۆڕشگێڕیی کوردستان رۆژی هەینی ٢٣ی بەفرانبار (١٣ی کانوونی دووەم) کاتژمێر ٢٠ بە هاشتاگی "#نا بۆ ئێعدام #NoToExecution و بە دروشمی '#نا بۆ ئێعدام- بەڵێ بۆ دیمۆکراسی'، 'ئێعدام واتە کوشتنی کۆمەڵگا'، 'با لەبەرامبەر ئەو سزا دژە مرۆڤانەدا یەکدەنگ بین' هەڵمەتێکی ئینتەرنێتی بەڕێوەدەچێت.

هەر لە بانگەوازەکەدا هاتووە، "سزای لەسێدارەدان تاوانێکی دژە مرۆڤانەیە بە ئامانجی کوشتنی کۆمەڵگا و لەناوبردنی بێبەزەییانەی ئازادییەکان کە لە ئێران لە لایەن رژێمەوە دژ بە گەل دەسەپێندرێت".

داواشی کردووە، "رۆژی ١٣ی کانوونی دووەم "لەبەرامبەر سزای بێبەزەییانەی سێدارە هەموو ئێران یەکدەنگ بن و دەنگیان بگەیەننە گەلانی جیهان و هەڵوێستی ئەخلاقی و مرۆڤانە دەرببڕن و بە هەمووان دەنگی راگرتنی سزای لەسێدارەدان بەرزبکەنەوە" و جەختیشی کردووەتەوە کە "ئازادی مافی سروشتی زیندانیانە".

لەسەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارەدان لەیەکێک لە ئامرازەکانی دەسەڵات بووە بۆ سەرکوتی بەرهەڵستکاران و گەلانی ئەو وڵاتە و لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیشەوە تا ئێستا سزای لەسێدارەدان بەسەر زیاتر لە ١١٠ خۆپیشاندەردا سەپێندراوە و سزای لەسێدارەدانی چوار خۆپیشاندەریش جێبەجێ کراوە.

هـ . ب