هەپەگە: سوپای تورکی داگیرکەر لە چەند ناوچەیەکی زاپ کشایەوە

هەپەگە ڕایگەیاند، سوپای تورکی داگیرکەر لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی زاپ کشایەوە و ڕاشیگەیاند: "ئەو ئەنجامە مێژووییە نیشانەی بەهێزبوونی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و نیشانەی شکستی سوپای تورکە".

ڕاگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە بەو شێوەیەیە:

"سوپای تورکی داگیرکەر لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانیی بەرفراوانی دەستپێکرد و لە ١٧ی نیسانش لە زەمینەوە دەستی بە هێرشکرد بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، بەڵام گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە بەرخودانێکی ئەفسانەیی و بە شێوازی شەڕی تیمە پسپۆڕ و شارەزاکان کە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە مەیدانەکان و تونێلەکانیان بەکاردەهێنا و بە تاکتیکی داهێنەرانەی گەریلایانە، بەرەنگاری ئەو هێرشە بەربڵاوەی داگیرکاری بوونەوە.

سوپای تورک ماوەی ٨ مانگ هەموو جۆرە تەکنیکێکی جەنگی لە هەوا و زەمینەوە بەکارهێنا بۆ نەهێشتنی سەروەری و باڵادەستیی گەریلا لەناوچەکەدا، بۆردومانی بێشوماری ناوچەی بەرخۆدان و بەرەنگاریی دەکرد و بەهەزاران جار چەکی کیمیایی و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە نەیتوانی بە دڵی خۆی پلانی داگیرکاری خۆی جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتیشدا گورزی کەمەرشکینی گەریلاکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی یەک لەسەر یەک لێدەدرا، دا کە گەریلاکان خۆیان بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆیی ڕازاندبوویەوە.

بەتایبەتی لە ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکان، دواینەکانیان کە لە ٢٥ی تشرینی دووەم لە شاخی جودی ئەنجامدرا و لە ٢٦ی تشرینی دووەم لە مەیدانی بەرخۆدانی شاخی هەکاری ئنجامدرا، سوپای تورک گورزی قورسی بەرکەوت و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپەی هەژاند. سوپای تورک لەم شەڕە قورسە بێ ئامانەدا زیانی قورسی بەرکەوت و لەگەڵ ئەوەشدا بە هیچ شێوەیەک زیانەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرد.

دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٥ی کانوونی یەکەمدا لە مەیدانی بەرخودانی ساجا گەورە بەرپرسێک و چەند بەرپرسێکی باڵای سوپای تورک لە چالاکیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا سزادران و دابڕاندنیان لە ناوچەی زاپ بووە هۆی ئەوە سوپای تورک لە لوتکەی چیای کوڕەژارۆ و گوندی ساجا لە ناوچەی شێلادزیی ئامێدی و دەوروبەری و شاخی شەهید سیان و دۆڵی شەهید کونجی بکشێتەوە.

هەروەها سوپای تورک لە هەموو بەرەکانی مەیدانی بەرخۆدانی شاخی جودی هەڵات، کە تەرمی سەربازەکانی خۆیان بە فەرمانی خولوسی ئاکار سوتاند. سوپای تورک لە ١١ و ١٢ی کانوونی یەکەم شاخەکانی جودی،  شەهید کەنداڵ، شەهید شیلان، شەهید چەکدار، شەهید بەختیار، شەهید ساڤۆشکا و شەهید لەشکەر لەژێر گورزی قورسی یەک لەسەر یەکی گەریلادا ناچار بە کشانەوە و هەڵهاتن کران.

سوپای تورک، کە دەیویست شاخی جودی داگیر بکات و خۆی تیادا جێگیر بکات، بە هەلیکۆپتەر چەندین کەرەستەی هێنایە ناوچەکە و بەشێکی زۆریان سووتاندووە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی هێزەکانمان و هەندێکیشیان لەسەر زنارەکان و گابەردەکانەوە هەڵدایە خوارەوە و لە کاتی هەڵاتنیان بە هۆی ترس و شپرزەی و شڵەژانی زۆریان، بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانیان بەجێهێشت و سوپای تورک ناچار بوو لە گوندی ساجا و دەوروبەری لە ڕۆژهەڵاتی زاپ و ناوچەکانی دەرەوەی شاخی ئێف ئێم و شاخی هەکاری لە ڕۆژئاوای زاپ بکشێتەوە.

بێگومان سوپای تورک بۆ دەربازبوون لە گورزی قورسی گەریلا بڕیاری کشانەوەی خۆی لە ناوچانەدا دا، فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل لە لێدوانێکی پێشتریدا بۆ داگیرکەران وتبووی: "یان دەکشێنەوە و دەڕۆن، یان دەمرن" هەندێک لەو داگیرکەرانە بە هۆی چالاکی و ئۆپراسیۆنی بەردەوامەوە سزادران، ئەوانی تریش، کە مابوونەوە ناچار بە هەڵاتن خۆیان ڕزگار کرد. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بە بەرپرسیاریی تەییب ئەردۆغان و خولوسی ئاکار، ماوەی ٨ مانگ ئەو هەموو سەربازانەی سوپای تورکیان  بەکارهێنا، کە زیاتر لە ٢٧٠٠ سەربازیان لێ کوژرا، چەندین جار تاوانی شەڕیان ئەنجامدا، بەڵام سەرباری ئەوەش شکستیان هێنا و بە ئامانجەکەیان نەگەیشتن. ئەم ئەنجامە مێژووییە نیشانەی بەهێزبوونی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و نیشانەی شکستی سوپای تورکە. هاوکات ئاماژەیەکی جدییە بۆ تێکشکان و داڕمانی بنەڕەتی لە ناو دەوڵەتی تورکدا".

ژ.ت