"هێرشە کیمیاییەکان زیانێکی زۆر بە داهاتووی کورد دەگەیەنێت"

پرۆفیسۆری فیزیۆلۆژی دکتۆر سادات عەبدوڵا عەزیز ڕایگەیاند، پێویستە ناوەندێک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک دروست بکرێت و ڕاشیگەیاند: "لە ڕێگەی ئەو چەکانەوە، کە دەیان ساڵە کاریگەرییان دەمێنێتەوە، هێرش دەکرێتە سەر داهاتووی گەلی کورد".

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو ڕۆژێک لە باشووری کوردستان و لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و لەسەر ژینگەی کوردستان  چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت. بەم دواییانە هەپەگە ڕایگەیاندووە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نێوان ٧ و ٩ی کانوونی یەکەم دا بە لایەنی کەمەوە ١٥٠ جار بە چەکی کیمیایی سەنگەرەکانی شەڕی شەهید بۆتانی لە مەیدانی بەرخۆدانی چەمچۆ بۆردوومان کردووە. ئەمەش زیانێکی گەورە بەسروشتی ناوچەکە دەگەیەنێت.

دکتۆر سادات عەبدوڵا پسپۆڕی فیزیۆلۆژی لەبارەی کاریگەری و زیانی بۆردومانەکان بە چەکی کیمیایی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

دکتۆر سادات عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا، بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی بەپێی ستانداردی نێونەتەوەیی و پەیماننامەکان کارەساتێکی مرۆییە و وتی: "بەپێی یاسای نێونەتەوەیی هەر وڵاتێک و کەسێک و نەتەوەیەک ئەو چەکانە لە بەرامبەر گەلێکی تر بەکاربهێنێت، دەبێت بەپێی ئەو یاسا لە دادگای نێونەتەوەیی دادگایی بکرێت".

'کاریگەریی لەسەر تەواوی سیستەمی سروشت هەیە'

دکتۆر سادات عەبدوڵا عەزیز باسی لە کاریگەریی چەکی کیمیای کرد و وتیشی: "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تەنها کاریگەری لەسەر مرۆڤ نییە، بەڵکو هاوکات کاریگەری زۆر خراپیشی لەسەر ژینگە هەیە، کاردەکاتە سەر تەواوی سیستەمی سروشت. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی سەدان ساڵ دوای بەکارهێنانی ئەم چەکە ژینگە وەک جاران خۆی نوێ نەکاتەوە و ئەمەش زیانێکی زۆر بە داهاتوو دەگەیەنێت. بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان کاریگەری چەک و گازە ژەهراوییەکان لەسەر ئەو هەرێمە تەنها بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر مرۆڤ نییە، بەڵکو هەموو بوونەوەرە زیندووەکان و مرۆڤەکان سەدان ساڵ لە ژێر کاریگەریی ئەو چەکە دەمێننەوە".

'ئەو ژینگەیەی چەکی کیمیایی تیادا بەکاردەهێنرێت ژیانی تیادا نامێنێت'

سەبارەت بەکێشەی چەکی کیمیایی دکتۆر سادات عەزیز ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بە وردی لەسەر ئەو بابەتە هەڵوەستە بکرێت و داوا لە ناوەندە زانستییەکان و دامەزراوەکانی کارکردن لەسەر چەکی قەدەغەکراو بکرێت، کە لێکۆڵینەوەی جددی لەو ناوچانەدا بکرێت، کە چەکی کیمیاییان تیادا بەکارهاتووە. و وتی "ئەگەر هات و دەرکەوت لەو ناوچانەدا چەکی قەدەغەکراو بەکارهاتووە، پێویستە ئەو دەوڵەتانە، کە کاریگەری و ڕۆڵیان هەیە و هەروەها ئەو کۆمپانیانەی، کە ئەو چەکانە بەکاردەهێنن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت. چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تەنیا ئەوە نییە، کە گوایە تۆ 'دوژمن و نەیارەکەی' خۆت لە ناو دەبەیت، بەڵکو هاونکات سروشتی ناوچەکەش لەناودەبرێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ نەتوانێت وەک پێویست لەو ژینگەدا بژی".

'پێویستە ناوەندێک بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە دابمەزرێت'

دکتۆر سادات عەبدوڵڵا عەزیز ئاماژەی بەوەدا، لە ڕاستیدا هەموو کارەکان پێویستیان بە رێکخستنکردن هەیە و دەبێت ناوەندێک هەبێت، کە بتوانێت هەستێت و بەرپرسیارانە کار بۆ ئەو بابەتە بکات و وتیشی، "ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، کەسانی شارەزا دەبێت بۆ ئەو بابەتە کۆببنەوە و تاوەکو پێکەوە کاری لەسەر بکەن".

'هەوڵ دەدرێت نەتەوەیەک لە ناو ببرێت'

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبەر ئەوە کێشەیەکی پەیوەندیدارە بە جینۆسایدەوە و هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەیەک دەدرێت، ئەوا پێویستی  بەدامەزراوەیەکی سەربەخۆ هەیە، کە کاری لەسەر بکات. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤەوە، رێکخستنێک و ناوەندێکیان بۆ دروست بکرێت و داوایان لێ بکرێت، کە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن. بەم شێوەیە دەتوانن کەسانی شارەزا و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانی ئەو وڵاتانە بخرێنە ناو کارەکەوە تاوەکو زیاتر و وەک ئامار و داتا ئەو بابەتە بکەنە ناو پێوەرە جیهانییەکانەوە".

'دوژمنانی کورد دەیانەوێت کێشەکە بە سیاسی بکەن'

دکتۆر سادات عەبدوڵا عەزیز ئەوەشی ڕاگەیاند: "دوژمنانی کورد ئەمە دەکەنە کێشە و بابەتێکی سیاسی، چونکە بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن و کورد لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە. دەبێت ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە لە کێشەیەکی سیاسی دەربهێنرێت و ئەو بەرگە سیاسییەی کە بە سەریدا دەکرێت لاببەن و بیکەنە پرسێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ژینگەیی. دەبێت خەڵکی ئەو ناوچەیە، کە لەو ژینگەیەدا دەژین، بپارێزرێن.

'کلیلی چارەسەری گفتوگۆ و دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەرییە'

کێشەی کورد لەتورکیا بەهێرش و چەکی قەدەغەکراو چارەسەر ناکرێت و پرۆسە و قۆناغەکانی ڕابردووش ئەمەی سەلماندووە، کە کێشەکە بەکوشتن چارەسەر نابێت. کلیلی چارەسەر ئەوەیە، کە گفتوگۆ بکرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی کورد لە تورکیا بدۆزرێتەوە".

ژ.ت