هێرشبەرانی سەر بازگەیەکەی پۆلیسی کەرکوک دەستگیرکران

دوای ئەوەی بەهۆی هێرشێکی چەکداری لە بازگەیەکی نێو شاری کەرکوک سێ پۆلیسی کەرکوک برینداربوون، هێرشبەران دەستگیرکران و بەمادەی ٤ی تیرۆر سزادەدرێن.

دوای ئەوەی دوێنێ شەو لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هێرشکرایە سەر خاڵێکی چاودێری پۆلیسی ئامادە لە گەڕەکی کۆبانی شاری کەرکوکەوە لەئەنجامی ئەو هێرشەدا ئەفسەرێک بەپلەی نەقیب بەناوی (موهەند عەدنان ساڵح)بەسەختی برینداربووە لەگەڵ ٢ پۆلیسی دیکە.

مقه‌ده‌م عامر شوانی وته‌بێژی پۆلیسی كه‌ركوك بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "دوای ڕوودانی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو پۆلیسی شارەکە کرانە حاڵه‌تی ئاماده‌باشی و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌لەماره‌كه‌ دەستیپێکرد و برینداره‌كان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كران. ئەمڕۆش دوای دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارەکان ناسنامەی هیرشبەرەکان ئاشکرا بوو".

 سەبارەت بە وردەکاری هێرشی سەر بازگەکەی پۆلیسی کەرکوک وتیشی: "لەدوای هێرشی سەر بازگەیەکی پۆلیسی ئامادە لەنزیک گەڕەکی دۆمیز، کە ماوەیەکی کەمە دانراوە و دەکەوێتە نێوان رێگای بازنەیی و گەڕەکەکانی دۆمیز و کۆمەڵگەی کۆبانی لە باشوری شاری کەرکوک، بەپێی لێکۆڵینەوەی دوای هێرشەکە دەرکەوتووە، سێ کەس لەچۆڵەوانییەوە تەقەیان لە ئەفسەرێکی بازگەکە کردووە بەناوی نەقیب موهەنەد عەدنان، کە ئەو ئەفسەرە فیشەکێک بەر سەری کەوتووەو برینەکەی سەختە، فیشەکێکی دیکەش بەر قاچی پۆلیسێک کەوتووەو برینەکەی سوکە، برینداری سێیەمیش فیشەکی پێوەنییە، بەڵام لەئاکامی ڕووداواەکە زیانی پێگەیشتووە و برینەکەی سووکە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ پۆلیسێک گیانی لەدەست نەداوە".

ئەو سەرچاوەیەکی پۆلیسی کەرکوک باسی ئەوەشیکرد: "هەر لەلێکۆڵینەوەی سەرەتایی نزیک لەرووداوەکەوە ماتۆڕسکیلێک دۆزرایەوە، کە گومان دەکرێ هی ئەوانەبێت تەقەیان کردووە، دواتر گەنجێک لەو نزیکە دەستگیرکراو لەوەوە زۆر شت روون بوەوە، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و دان پێدانانی گومان لێکراوەکەدا دەرکەوتووە، شەوێک پێشتر ماڵەکانی نزیک لە بازگەکە ئاهەنگی بوک گواستنەوەیان هەبووە و تەقەیەکی زۆریان بە ئاسماندا کردووە، ئەفسەری ئەو بازگەیە چووەتە ئەو ماڵەی تەقەی ئاهەنگەکەی کردووە و هۆشداری پێداون لەسەر ئەم سەرپێچییە، شەوی دواتر ئەو سێ کەسە هەستیان بە سوکایەتی کردووە و وویستویانە تۆڵە بکەنەوە، هەر بۆیە تەنیا ئەفسەرەکەشیان کردووەتە ئامانج و پۆلیسە بریندارەکەش فیشەکێکی تیخی بەرکەوتووە".

هەرووەها سەبارەت بە پەیوەندی ئەو هێرشەبەرانە لەگەڵ گروپی توندڕەو، لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، تەقەکەرەکان کەس و کاریان پێشینەی پەیوەندییان بە گروپە چەکدارییە توندڕەوەکانەوە هەیە.

لەهەر ئەگەرێکدا ئەوەی بۆ پۆلیس گرنگە تەقە کەرەکان ناسنامەیان دیارە و ئەوانەی دیکەش دەستگیر دەکرێن، جێگای باسە تاوانەکەش بەهەر بیانویەک بێت، تۆمەتبارەکان بەماددەی٤ ی تێرۆر دەدرێنە دادگا  بۆ سزادانیان.

ژ.ت