حسێن ئارسان لە نەخۆشخانەدا شەهیدبوو

حسێن ئارسان ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ لە شاری سلێمانی تەقەی لێکراو و سێ فیشەکی بەرکەوت، پاش مانەوەی نزیکەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەهیدبوو.

دوێنێ نزیک کاتژمێر ١٠:٣٠خولەک، هێرشێکی چەکداریی لەبەردەم دەرگای نووسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی ڕێکخراوەکە درا.

ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکرا، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان بوو، ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژی، ناوی تەواوی حسێن ئاراسان’ـە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە ئیزمیر لە دایک بووە و خەڵکی شاری ماردین بووە .

حسێن ئارسان پاش ١٧ کاتژمێر مانەوەی لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی  پزیشکیدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و شەهیدبووو.

ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانیش تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکەیەوە نەدرکاندووە.

ئەمە یەکەم هەوڵی تیرۆری سیاسیی نییە لە سلێمانی، بەڵکو لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا ئەمە شەشەم هەوڵی تیرۆر کردنە.

پێشتریش لە سلێمانی ئەکادیمیسیان ناگیهان ئاکارسەل، فەرهاد باریش کۆندو، یاسین بوڵوت، زەکی چەلەبی، لە گەرمیان مامۆستا شەماڵ و لە دهۆکیش حسێن تورەلی لە ئەنجامی هێرشی چەکداری میتی تورکدا شەهیدببوون و تائێستا ئەو دەزگایەی خۆی وەک 'ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان' دەناسێنێت هیچ بکوژێکی نەگرتووە، یان ئەگەر لەلایەن ئاسایشی سلێمانیشەوە گیرابن، ئاشکرا نەکراون.

هـ . ب