دەوڵەتی تورک بە درێژای مێژووی درووستبوونی وەک دەوڵەت نەتەوەیەکی ناوەندیی نەژادپەرەست، بۆ کۆتکردن و سەرکوتکردنی ڕابوون و سەرهەڵدانی ئازادانەی کوردی ئازاد، سەدان فرتوفێڵی سەربازیی و هەواڵگریی و میدیایی و ئابووریی بەکار هێناوە، بەڵام وەک دەبینرێت بە درێژایی مێژووی ئەم دەوڵەتە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد، بە تەواوەتی کپ و بێدەنگ نەکراوە، بۆ ئەمە دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی مەرامەکانی، چەندین ڕێکاری لە ڕێی کوردی ناپاک و ناڕەسەن و نۆکەرەوە گرتووەتە بەر. یەکێک لەو ڕێکارە فێڵاوییانە درووستکردنی چەندین ڕەوتی بەناو ئیسلامیی ساختەیە لە ژوورە تاریکەکانی هەواڵگرییدا، یەکێک لەو پارتانەی کە دەوڵەت لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا درووستی کردووە، پارتێکی بە سیما و ناواخن چەتەیە بە ناوی هوداپار(حزبوڵا) کە وەک منداڵ و پۆلیسی دەوڵەتی تورک یاریی بە هەستە ڕەسەنە ئایینیەکەی کۆمەڵی کوردەواریی دەکات بۆ بەرژەوەندیی فاشیزمی دەوڵەت نەتەوەی تورک، لە باشووری کوردستان چەندین پارت و کەسایەتیی کەوتوونەتە ناو ئەم تەڵەیەی دەوڵەتەوە، هەندێکیشیان بە دیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتە ئیسلامییەکان، بە زانابوون شانەوشانی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەرم و ترسناکەی دەوڵەت چوونەتە خزمەتی مەرامەکانی دەوڵەتی تورک. بۆ ئەوەی لەم پیلانگێڕییە ترسناکە تێ بگەین، ئێمە دەبێت بگەڕێیەنەوە بۆ ڕەگوڕیشە و سەرچاوەی مێژووی پڕتاوانی ئەم ڕێکخستنە چەتەیەی نێو باوەشی دەوڵەتی تورک.
حزبوڵڵا/ هوداپار Hüda Par کێن؟
لە سەروبەندی هەڕۆژانی تەخت و تاجی شاهەنشاییدا، بە فەرمانی خومەینی بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ سنوورەکانی دەرەوەی ئێران کرایە ڕۆژەڤ، خومەینی فەرمانی دەکرد کە ئەم جۆرە پارتانە پەلوپۆ بۆ تێکڕای وڵاتانی تر بهاوێژن. ئەمەش لە ژێر ناوی [هەناردەکردنی شۆڕشی ئێران بۆ وڵاتانی تر] پاساو دەدرا. بەپێی سەرچاوەکان کادیرانی ئەم ڕەوتە پێشتر لە ئێران پەروەردەی چڕی سەربازیی و ئیدۆلۆژیی و هەواڵگرییان دیتوە، پاشان لە تورکیاش جارێکی تر پەروەردە کرانەوە. ساڵانی 1979 و 1980دا، کتێبخانەی وەحدەتی شاری ئامەد، کە خاوەنەکەی عەبدولوەهاب ئکنجی بوو، کرایە شوێنی ڕێکخستنی ئەم ڕەوتە. لە ساڵی 1981دا، فیدان گونگۆری ئیسلامیی کتێبخانەی مەنزیلی دامەزراند و کردییە شوێنی سەرەکیی ڕێکخستن. لە 1982 کەسێکی دیکە بە ناوی حوسێن وەلی ئۆغلو کە خەڵکی باتمان بوو، هەر لە ئامەد کتێبخانەی ئیلیمی کردەوە. ئیدی هەر دوو کتێبخانەکە بوونە ناوەندی ڕێکخستن و کار و چالاکی سیاسی. زۆری نەخایاند گونگۆر و وەلی ئۆغلو بەجیا دەستیان دایە ڕێکخستن و پاشان ناکۆکیی کەوتە نێوانیانەوە. بەوهۆیەوە حوسێن وەلی ئۆغلو کتێبخانەکەی لە ئامەدەوە گواستەوە بۆ باتمان. لە ساڵی 1987دا پەیڕەوانی کتێبخانەی ئیلیم بەفەرمی خۆیان وەک حزبوڵا ڕایگەیاند و بەکارهێنانی وشەی ئیلیمیان قەدەغە کرد. ئەمە شەڕێکی دژواری لە نێوان ئیلیم و حزبوڵادا نایەوە. دەوڵەتیش لەڕێی دەزگای هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژیتەم)ـەوە، لە 15ـی ئایاری 2014 زەکەریا یاپچی ئۆغلۆ، کە لە ئیزمیر کۆماندۆی دەوڵەت بووە، دانی بە پەیوەندیی ئیلیم و ژیتەمدا نا و پەردەی لە سەر چەندین تاوان و کۆمەڵکوژی دژی کورد و کەسایەتییە کوردەکان هەڵماڵی. دەوڵەت هەمیشە وەک هێزێکی نێوەنگیر بۆ ڕاوەکورد بەکاری هێناون، بەکارهێنانی وێنە و ناوی شێخ سەعیدی پیرانیش بەبێ ئاماژەکردن بۆ لایەنی نەتەوەیی ئەم کەسێتییە کوردییە دەچێتە چوارچێوەی ئەو شەڕەی دەوڵەت و هوداپارەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە باوەکانی ئەم پارتە کوشتنی ڕاستەوخۆی کەسایەتییە نوخبەیی و ڕۆشنبیر و ئایینییەکان و کەسانی ئازادیخوازی کوردە.
لە 16ی شوباتی 1992 لە گۆڤاری "بەرەو 2000" بەم مانشێتە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و حزبوڵای ئاشکرا کرد: ''ئەندامانی حزبوڵا لە ناوەندی تیمە تایبەتەکانی سەر بە هەواڵگری سەربازی دەوڵەتی تورک، کە بە چەڤیک ناسراون، پەروەردە دەکرێن''. دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئامادەکاری هەوڵەکە، ڕۆژنامەوان هالیت گونگەن، لەلایەن ئەو تاقمەوە کوژرا. جەنگیز ئاڵتوونی پەیامنێری ڕۆژنامەی یەنی ئولکە چەندین دۆسییەی لەسەر حزبوڵا بڵاو کردەوە، بەکارهێنانی حزبی کۆنترا لەداهێنانی ئەو بوو. لەسەر ئەوەش لە ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 1992دا تیرۆر کرا. لێکۆڵەر و رۆژنامەوان حافیز ئاکدەمیر، کە لە سەر حزبی کۆنترا لە دۆسیەیەکی دەکۆڵییەوە، لە 8ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، لە ئامەد لە لایەن ئەو تاقمەوە تیرۆر کرا. لە 20ی نۆڤەمبەری ساڵی 1992، هەر لە شاری ئامەد، نامیق ترانجی، بەرپرسیاری گۆڤاری گەرچەک کاتێک دەچووە نوسینگەی گۆڤارەکەی، لە لایەن هەمان تاقمەوە تیرۆ کرا. هۆکاری تیرۆرکردنەکەشی بڵاوکردنەوەی دۆسییەک بوو سەبارەت بە تاوانەکانی ئەو تاقمە و پەیوەندیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک. دامەزرێنەری ( ژیتەم)، وتبوی: حوسەین وەلی ئۆغلوو بە پشتیوانی من حزبوڵای دامەزراند و بەرێوەی دەبرد. هەروەها عیسمەت سەزگین، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی تورکیا، وتی: ئێمە حزبوڵامان دژی پەکەکە دروست کرد لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری ساڵی 2019شدا، هودا- پار پشتیوانی لە ئاکەپە کرد بوو. لە بەرانبەر ئەوەشدا ئاکەپە لە 2019 تا 2022 سەدان تاوانباری حزبوڵای ئازاد کرد، ئەوانە ئەو کەسانە بوون کە دەستیان بەخوێنی ڕۆڵەکانی کورد سور بوو. هەروەها ئەردۆگان وەک پاداشتی پشتیوانیی ئاکەپە، لە 3ـی ئایاری 2023 محەمەد ئاکسۆی سەرکردەی هوداپار، کە دەستی بە خوێنی چەندین کەسی بێتاوان سوورە، ئازاد کرد. حزبوڵا کە پاشان بوو بە هوداپار، لەنێو خەڵکدا وەک دەستکێش و بەلەپیتکەی دەوڵەت ناو دەبرێن. هەوەها دەچنە چوارچێوەی پلان و ئۆپەراسیۆنی چۆکدادان، کە دەوڵەت دژی کوردی ئازادیخواز لە باکووری کوردستان دایمەزاندووە، بۆ نموونە لە کاتی شۆڕشی کۆبانێدا، خەڵکی باکوور چەندین چالاکیی و خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیی ڕۆژاوا دەست پێ کرد، ئەندامانی هوداپار و دەوڵەت پێکڕا، 43 کوردیان لێ کوشتن. ئێمە دەپرسین، داخۆ بۆچی وێڕای کوشتنی ١٧ هەزار کەس لەلایەن هوداپار و دەوڵەتی قووڵەوە، کەچی پاش ڕاپەڕینی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، حکومەتی پەدەکە نوێنەرایەتیی لە دهۆک و هەولێر بۆ کردوونەتەوە. هەروەها سەرۆکی ئەم پارتە چاوی بە سەرکردەی پارتە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان کەوتووە و ئەم سەرکردە ئیسلامییانەی باشووریش میدیا و ڕێکخستنەکانیان خستووەتە خزمەتیان.
بۆ ئەمە دەتوانین ئاماژە بە چەندین دیدار و چاوپیکەوتنی سەرانی ئەم گرووپە چەتەیە لەگەڵ بەرپرسانی حزبیی و حکوومی باشووری کوردستان بکەین، ساڵی ٢٠١٩ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەت ی کوڕەگەورەی سەرۆکی پارتی دیموکرات پێشوازیی لە شاندێکی ئەم گرووپە چەتەیە بە سەرۆکایەتی ئیسحاق ساغڵەم و وەفدێکی یاوەری کرد، جارێکی تر و ساڵی ٢٠٢٢ وەفدێکی پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی پێشوازیی لە سەرانی ئەم گرووپە چەتەیە بە سەرۆکایەتیی زەکەریا یایچی ئۆغڵۆ کرد، بەپێی میدیاکانی پارتیی دیموکرات، وەفدەکەی پارتیی جەختیان لە سەر پەرەپێدان و توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرانی ئەم گرووپە چەتەیەی دەست هەواڵگریی تورکیا کردووەتەوە، پەیوەندی ئەم گرووپە چەتەیە تەنیا لەگەڵ سەرانی پەدەکە نییە، لە سەروبەندی هەرڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردووی تورکیادا مەسعوود بارزانی سەرۆکی پەدەکە خۆی پێشوازیی لە زەکەریا یایچی ئۆغڵۆ سەرۆکی ئەم گرووپە چەتەیە کرد و جەختی لە یارمەتیی و پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم گرووپە چەتەیە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا خستە ڕوو، هێژای گوتنە پەیوەندیی ئەم پارتە تەنیا لە سنووری پەدەکەدا نەماوەتەوە، بەڵکوو گەرای پەیوەندیی لە نێو پارتە ئیسلامییەکانی کوردستانیشدا خستووە و لە هەڵبژاردنەکانی مانگی و پاش دیدار و چاوپێکەوتنی سەرانی ئەم گرووپە چەتەیە لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیی، میدیای یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵ بە چڕوپڕیی کەوتنە پشتیوانیی ئەم پارتە و دژی پارتی چەپی سەوز وەستانەوە.
هـ . ب