هێزە ئەمنییەکانی ئێران چوار هاووڵاتی دیکەی کوردیان دەستگیرکرد

لە شارەکانی شنۆ و سایین قەڵای سەر بە پارێزگای ورمێ چوار هاوڵاتی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکران، بەمەش ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەم مانگەدا ٣٠ کەسی تێپەڕاند.

بە گوێرەی هەوآڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە درێژەی شەپۆلی نوێ دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و هاوڵاتیانی کورد، لە شارەکانی شنۆ و سایین قەڵا چوار هاوڵاتی بە ناوەکانی لوقمان حاجی خۆش، سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەستبەسەرکراون.

لوقمان حاجی خۆش دوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەرکراوە و هەریەک لە سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مورادی خەڵکی گوندی (قوزلوی هەوشار)ی سەر بە سایین قەڵا لەمیانی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەستگیرکراون.

لەسەرەتای مانگی ئایارەوە، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ بڵاوکراونەتەوە، لانیکەم ٣٢ هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنی و کولتوری لەلایەن هێزەئەمنییەکانی ئێرانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون.

هۆکاری دەستبەسەرکردنی بەشێکی زۆری ئەو کەسانە بۆ رێکخستن و بەشداری لە مەراسیمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ دەگەڕێندرێتەوە.

هـ . ب