جوتیارانی کەرکوک، دژ بە داگیرکارییەکانی سوپای عێراق راگەیاندراوێک بڵاودەكەنەوە

جوتیارانی کورد و تورکمان لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان دژ بە دەستدرێژی و داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە، راگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

 ماوەیەکە لە کەرکوک وەزارەتی بەرگری عێراق هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ دەستگرتن بەسەر ١٣٥ هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی ڕۆژئاوای شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بەبیانووی ئەوەی ئەو زەوییانە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا تاپۆکراون لەسەر سوپای عێراق، جوتیارانی کورد و تورکمانیش دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

 دوای داگیركردنی زەویی جوتیارانی کورد و تورکمانی لە سنوری پارێزگای كەركوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەلایەن و سوپای عێراقەوە، چەندین ناڕەزایی و خۆپیشاندان و رووبەڕووبوونەوە بۆ داكۆكیكردن لەسەر زەوییەكانیان ئەنجامدراوە، سەبارەت بەو بابەتە دوێنێ جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک لە گۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندرواێک ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە داگیركردنی زەوییە کشتوکاڵییەكانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕاگەیاند.

 لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سامی غەفور نوێنەری جوتیارانی کەرکوک بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند قسەی کرد و ووتی: "ئەوە ئێمە ماوەی ١٠ رۆژە لە خۆپیشانداناین و مانمانگرتووە و لە دژی داگیرکردن و دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانمان لەلایەن هێزەکانی فەقەی ١١ی سەربە سوپای عێراق، ئێمە وەکو جوتیارانی گوندەكانی تۆبزاوە و پایچی و بڵاوە و چەند گوندێکی دیكە، داوای بەهانەوەچوون و ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین کە لەلایەن سوپای عێراقەوە وەکو سەردەمی رژێمی بەعس، پرۆسەیەکی دەستپێکردووە بۆ دەستبەسەرگرتن و داگیرکردنی زەویی جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک".

 هەروەها سامی غەفور نووێنەری جوتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکوک سەبارەت بە پشتیوانی کردنی عەرەبی هاوردە لەلایەن ئیدارەی کەرکوک و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک، ئاشکرای کرد: "ئیدارەی شارەکە هاوکاری عەرەبی هاوردەیە، کە ئێمە خاوەن زەوین ئێدارەی کەرکوک پارێزگارە عەرەبەکەی کەرکوک گوێمان لێناگرن بەڵام عەرەبێکی هاوردە کە کاغەزیکی سەردەمی بەعسی پیە کارئاسانی کاری بۆ دەکرێت و مافی دەدنێ بۆیە هاوکاری عەرەبی هاوردەن بەڵام هاوکاری ئێمەی خەڵکی ڕەسەنی شارەکە نین، بڕیاری داگیرکردنی زەوییەکانمان لەسەردەمی بەعسدا لە (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش) دەرچووە کە ئیستا سوپای عێراق ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکات، وە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێک کۆتایی بەو بڕیارانەی سەردەمی بەعس بهێنێت کە بۆ بە عەرەب کردنی ناوچە کوردستانیەکان دەرکرابوو".

 جێگای باسە لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ کاتێک کە سوپای عێراق شاری کەرکوکی بەزەبری هێز داگیرکردن وەکو کاردانەوەیەک لەسەر ڕیفراندۆمەکەی پەدەکە، لەو کاتەوە پارێزگارێکی بەوەکالەتی عەرەبی سەپێندرا بەسەر شاری کەرکوک کە تا ئەمرۆ بەردەوامە لە ئیدارەدانی شارەکە، وە حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک بەردەوام (ڕاکان جبوری)پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە بەردەوامە لە پرۆسەی بەعەرەب کردنی شارەکە و ئەنجامدانی جیاکاری لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری لە گەرەکە کورد و تورکمانەکانی شارەکە بەراورد بە ناوچە عەرەب نشینەکان.

 هـ . ب