"کاتی هاتووە سوپای تورک بگەڕێنینەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە"

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار ڕایدەگەیەنن، لە زاپ داگیرکەری تورکیان شکاندووە و دەڵێن، بەم ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەی دوایین، دەیانەوێت داگیرکەران بگەڕێننەوە شوێنی خۆیان.

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە درووشمی "داگیرکەری لەم خاکە دەڕۆن، یان هەموویان دەمرن" دەستیان بە هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕی کرد دژی سوپای تورک کە دەیەوێت باشووری کوردستان داگیربکات. ئەو گەریلایانەی بەشداربوون لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی ٢٠ ی تشرینی دووەم، قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

گەریلای هەپەگە هاوڕێ چیا، گوتی "لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ هەڵمەتێکی پاییزی بۆ سەر دوژمن دەستی پێ کردووە. ئامانجی هەڵمەتەکە دوورخستنەوەی سوپای داگیرکەری تورکە لە هەرێمەکانمان، ڕێکخستن دەرفەتی ئەوەی پێداین بەشداری هەڵمەتەکە بکەین. ئێمەش بەشداری قۆڵەکانی هێرشی ئەم چالاکییە دەبین. وەک هێزی گەریلا بەرەو ئامانجەکەمان دەڕۆین. بەتایبەت چیای ئامێدی لەڕووی مەعنەوییەوە بۆ ئێمە گرنگییەکی مەزنی هەیە، زۆرێک لە هەڤاڵەکانمان لەو چیایە شەهید بوون. هەموو ئەو هەڤاڵانە ڕۆڵیان هەبووە لە ئامادەکردنی سەنگەرەکانی چیاکە و شەڕەکاندا، ئەگەر ئەمڕۆ ئامێدی وەک قەڵایەک بەرامبەر دوژمن وەستاوە و بووەتە دەردی دڵی دوژمن، ئەوە لە سایەی ڕەنجی ئەو هەڤاڵە شەهیدانەیە.

ئێمە بە هەستی تۆڵەسەندنەوە، هەڵدەکوتینە سەریان

ئێمە خاوەن ڕۆح و مەعنەویەتێکی وەهاین؛ بەم ڕۆح و هەستی تۆڵەسەندنەوە هەڵدەکوتینە سەر دوژمن. دەمانەوێت هاوکاری ئەو هەڤاڵانە بکەین کە لە تونێلەکانی شەڕدا بەرخۆدان دەکەن. پێشڕەوی دوژمن لە گۆڕەپاندا ڕاگیرا، ئێستە کاتێتی بیانگەڕێنینەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون. لە لایەکی تریشەوە هەندێک هێز هەن کە بوونەتە کۆیلەی دەوڵەتی تورک و هەوڵی ئاستەنگکردنی ئێمە دەدەن، بەڵام شکستی دەوڵەتی تورک دەبێتە شکستی ئەوانیش. چونکە ئێمە لەم خاکەداین، ئەوان بوونیان هەیە. ڕێبەرێتی بۆ دەوڵەتی تورک گوتبووی "هەبوونی و مردنی ئەوان لەم خاکەدا بەدەست ئێمەیە". ئەمە هەم بۆ دەوڵەتی تورک و هەم بۆ هێزە کۆیلەکان ڕاستە.

ئێرە وڵاتی ئێمەیە

گەریلای یەژا ستار ساکینە ڕۆژین ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە وەڵامدانەوەی سیاسەتی گۆشەگیری و بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو گەریلایانەیە لە تونێلەکاندا بەرخۆدان دەکەن،  گوتی، "دوژمن لە ساڵی ڕابردووەوە هێرش دەکاتە سەر گۆڕەپانی ئامێدی، دوژمن بۆ ڕێگری لە بەرخۆدانی تونێلەکان، هەرچی لەدەستی دێت دەیکات، لەوانەش بەکارهێنانی گازی کیمیایی و چەکی ئەتۆمی تاکتیکی.بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە تێکشکێنین، بڕیارمانداوە هەڵمەتێکی لەم شێوەیە دەست پێبکەین. وەک گەریلاکانی یەژا ستاری بەشداری هەڵمەتەکە، بەرپرسیارێتی خۆمان دەزانین.  لەم شەڕەدا گەریلا ژنەکان لە ئاستی پێشەنگدا ڕۆڵ دەگێڕن، بەرخۆدان لە زۆر گۆڕەپانی ڕۆژئاوای زاپ بەردەوامە و لەم هەڵمەتەشدا ئێمە لە قۆڵی هێرشداین.هەروەک زۆرێک هەڤاڵە شەهیدەکانمان گوتیان، سەبرمان بەرامبەر دوژمن نەماوە، وڵات وڵاتی ئێمەیە، دوژمنیش هەوڵی تاڵانکردنی وڵاتەکەمان دەدات، هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ شکاندنی ئەم دەستە  دەیکەین. چالاکی خوداوەندانی ئازادییمان، هاوڕێیان سارا و ڕوکەن، کاریگەری مەزنی کردە سەرمان، هەروەها هەڤاڵان ڕۆژهات و ئەرداڵیش بوونە شوێنکەوتووی ئەوان. ئێمە بە ڕۆحی هەڤاڵانی فیداکارمان تێدەکۆشین و سەردەکەوین".

دەبێتە نیشانەی ڕیسوایی

گەریلای هەپەگە، عەگید حەسەکە، ڕایگەیاند،  ئاستەنگەکان هەرچی بێت، ئەوان بڕیاریانداوە سوپای تورک لەم خاکە دەربکەن و گوتی، "ساڵی ڕابردوو دوژمن لەو سەنگەرانە شکستی هێنا و ناچار بوو بکشێتەوە، نەیانتوانی بەرامبەر گەریلا شەڕ بکەن. ئەمساڵ ویستی جارێکی تر بەختی خۆی تاقی بکاتەوە، بەڵام هەرچییەک ڕووبدات، ئێمە بڕیارمان داوە دوژمن لێرە دەربکەن. بەم شێوەیە شایستەی ڕەنج و متمانەی پارتەکەمان دەبین. شکستی دوژمن لەسەر ئەو گردانە دەبێتە نیشانەی ڕیسوایی سوپای تورک. لەبەرئەوەی دەزانن ئەم شەرمەزارییە بەسەریاندا دێت، هێزەکانیان ناچار دەکەن لە دژی ئێمە شەڕ بکەن، هەر بۆیە بە تەکنیک و فڕۆکەکانیان هێرشی قورس دەکەن، لەسەرووی ئەم هێرشە قورسانەش ڕۆژانە ٢ یان ٣ سەربازی سوپای تورک دەکوژرێن، لە هەر چالاکیەکی فراواندا نزیکەی ٥٠ سەربازی سوپای تورک دەکوژرێن. ئەو زیانانە بە گەلی تورکیا ناڵێن ، ئەوانەشی بە ناچاری ئاشکرای دەکەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە ڕووداوێک مرددوون.

ئەوانەی سەربازی خۆیان دەسووتێنن نابنە دۆست

شەڕێکی ناڕەوا و دڕندانە دژی گەریلا بەڕێوەدەچێت. شەڕ هەندێک پێوەری هەیە، سنووری هەیە. بەڵام سوپای تورک هەموو جۆرە چەکێک بەکاردەهێنێت، چونکە بە ئاستێکی زۆر لە دژی ئێمە شکستی هێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرناکەوێت. سەرکەوتن هەمیشە هی ئێمە بووە و هی ئێمە دەبێت. لایەنێکی دیکەی شەڕەکە، پەیوەستە بە پەدەکەوە. ئەم ڕێکخستنەی بانگەشەی کوردایەتی دەکات و بەرپرسیارە لە پاراستنی کوردستان، بەرامبەر هاتنی هێزی دوژمن دەنگ هەڵنابڕێت، ئێمە لەمە تێناگەین. ڕێگە بە سوپای تورک دەدات بە ئاسانی لەم خاکەدا جموجۆڵ بکات. ئەگەر پەکەکە نەبوایە پەدەکەش هیچ نرخێکی نەدەبوو. لە سایەی پەکەکەوە باسی ناوی پەدەکە دەکەن. دەڵێن لەگەڵ تورکیا دۆستن. ئاخۆ ئەو هێزەی سەربازەکانی خۆی بسوتێنێت چۆن دەبێتە دۆستی تۆ؟".