ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار و پارێزەری ڕێبەر ئاپۆ، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ سەردانی ناوەندی گشتیی جەهەپەیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە.
پاشان پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست.
پەروین بوڵدان: ئۆزەل پشتگیرییەکی بەنرخ دەکات
پەروین بوڵدان ڕایگەیاند، لێرە بەدواوە، ئۆزەل پشتگیرییەکی بەنرخی پرۆسەکە دەکات و گوتی: "لەگەڵ بەڕێزیاندا، بابەتەکانی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغەکانی پاش مەراسیمی چەک لەناوبردن، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت، چاوەڕوانییەکان لەم کۆمیسیۆنە و ڕێککەوتنەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتییمان، بەشێوەیەکی بەرفراوان تاوتوێ کرد".
کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن گرنگە
پەروین بوڵدان ڕایگەیاند ئەمە "کۆبوونەوەیەکی گرنگە"، گوتی: "چونکە سبەی بەڕێز نوعمان کورتولموش لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنی هەموو پارتەکان کۆدەبێتەوە".
پەروین بوڵدان ڕایگەیاند ئەم کۆبوونەوەیە گرنگە، چونکە هەر پارتێک بۆچوون و پێشنیار و چاوەڕوانیی جیاوازی هەیە بۆ کۆمیسیۆنەکە، گوتی: "بەڕێز ئۆزەل لە سەرەتاوە پشتگیری گرنگی لە مەسەلەی ئاشتی دەکات و تیشکمان خستەسەر گرنگی ئەم پشتگیرییە. ئێمە زانیمان کە بەڕێز ئۆزەل لێرە بەدوا پشتگیری زیاتری پرۆسەی ئاشتی دەکات و بەردەوام دەبێت. سوپاسی بەڕێز ئۆزەل دەکەین بۆ پێشوازیی کردنمان. کۆبوونەوەی سبەی دەربارەی کۆمیسیۆن زۆر گرنگە. هەموومان چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەکەین".
سانجار: پەرلەمان ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت
میدحەت سانجار ڕایگەیاند بێگومان ڕۆڵی پەرلەمان لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە، پەرلەمان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت بۆ پتەوکردنی پرۆسەی چارەسەر، دەبێت هەموو دەرفەتەکان بخرێتەگەڕ تاوەکو پرۆسەکە بەکۆمەڵایەتی ببێتەوە و ئاشتی هەموو کۆمەڵگە بگرێتەخۆ.
دەبێت ئاشتی کۆمەڵایەتی ببێتەوە
سانجار گوتی: "بۆ ئەوەی ئاشتی بێتەدی، دەبێت بەکۆمەڵایەتی ببێتەوە. بۆ ئەمەش گەرەنتی یاسایی و میکانیزمە دیموکراتیکەکان زۆر گرنگن. لەڕێگەی بەکۆمەڵایەتیبوونەوە، ئاشتی دێتەدی. گرنگترین ئامرازی بەکۆمەڵایەتیبوونەوەش، گەرەنتی یاسایی و میکانیزمە دیموکراتیکەکانن. بێگومان هەموو پارتێکی سیاسی و ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی چاوەڕوانی لەم پرۆسەیە هەیە، دەشێت هەریەکەیان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر پرۆسەکە هەبێت. بۆ چارەسەری ئەو پرسەی کە ٥٠ ساڵە ئێش و ئازاری لێ کەوتووەتەوە، بەرپرسیارێتی هەموومانە هەوڵی ئاوارتە بدەین. بەجێگەیاندنی ئەم بەرپرسیارێتییە بە دیالۆگ لەگەڵ هێزەکانی کۆمەڵگە و هەموو ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت".
سانجار تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکەی سبەی بۆ کۆمیسیۆنەکە، گوتی: "بەگوێرەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە، کات و هەلومەرجی کاری کۆمیسیۆنەکە دیاری دەکرێت. هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی ئاشتی و دادپەروەری و یەکێتیی کۆمەڵایەتی بەردەوام دەکەین. بەم شێوەیە پێکەوە دەتوانین سەربکەوین".