کۆدار: گیان‌لەدەستدانی هاوڵاتییانی پیرسەفا خەمباری کردین

کۆدار وێرای هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوی هاتووچۆی ڕێگەی مەریوان – کامیاران، جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتە فاشیستییەکانی دەسەڵاتی ئێران، هۆکاری ئەو ڕووداوەیە و هەر ئەوان لێی بەرپرسیارن.

کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، دەربارەی ڕووداوەکەی دوێنێی ڕێگەی مەریوان – کامیاران، ئەمرۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و هاوخەمیی خۆی بۆ خەڵکی گوندی پیرسەفا دەربڕی.

ئاماژە بەوەدەکات، ڕووداوی دڵتەزێنی کەوتنە خورەوەی پاسێک، بۆ ناو دۆڵێک لە ڕێگەی مەریوان – کامیاران، کە تێیدا دانشتووانی گوندی پیرسەفا بوونە قوربانیی، جێگەی ئازار و خەمبارییەکی زۆری ئێمە و گەلەکەمانە.

هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕو کە سیاسەتە دووڕوویانەکانی دەسەڵاتی مەلاکان، بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک تووشی تەنگەژەی ئابووریی ببن و بێبەش ببن لە هەموو خزمەتگوزارییەک، دەڵێت: سیاسەتە فاشیستیی و نەتەوەپەرەستیەکانی دەسەڵاتی ئێران، پەرەی بە هەژاریی، بێکاریی و هەموو جۆرە قەیرانێکی کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی داوە. دەسەڵات خەڵکی لە بچووکتریین خزمەتگوزاریی، وەک ڕێگەوبان بێبەش کردوە، هەروەها هەژاریی و بێبەشکردنی خەڵکی، کردوەتە بنەمای سیاسەتی خۆی بۆ بندەستکردنی زیاتری کۆمەڵگەکەمان.

هەروەها لە بەردەوامیی ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەش هاتووە: لە ئەنجامی ئەم سیاسەتانەدا، ساڵانە هەزاران هاوڵاتیی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن، هۆکاری ئەمەش تەنیا دەوڵەت و سیستمێکە، کە تەنیا بیر لە دەسەڵاتی ڕەها بۆسەر گەلێکی زوڵملێکراو، بە تایبەتییش گوندنشینان دەکاتەوە، هەتا بەرژەوەندییەکانی خۆی مسۆگەر بکات.

کۆدار، لە کۆتاییشدا ئەوەی وتوە: گیان لەدەستدانی ١٦ هاوڵاتیی گوندی پیرسەفای مەریوان و برینداربوونی ١٢ی دیکەیان، لەو ڕووداوەدا بووەتە مایەی ئازار و خەمی ئێمە و گەلەکەمان، وەک کۆدار سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی خەڵکەکەمان، لە مەریوان و هەموو گەلی کورد دەکەین، هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانی ئەو ڕووداوە دەخوازین، خۆمان بە هاوبەشی خەمی خانەوادەی قوربانییانی گوندی پیرسەفا دەزانین، هیوادارین بە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغانە و هەژاریی و بێبەشیی گەلەکەمان، لە پێناو گەیشتن بە ئازادیی، بە تێکۆشانمان کۆتایی بە هەموو زوڵم، قەیران و بێبەشییەکان بێنین.