كۆمیتەی گەلان و باوەڕیەكانی كۆدار لەپەیامێكدا جەژنی قۆربانی لەهەموو مۆسڵمانان و بەتایبەتی مۆسڵمانانی كوردستان پیرۆز دەكات.
لەپەیامەكەی كۆمیتەی گەلان و باوەڕی و ئەدیانی كۆداردا بەبۆنەی جەژنی قۆرباندا هاتووە:
"كۆمیتەی ئەدیان و باوەڕیەكانی"كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان"كۆدار"، جەژنی قۆربان لەهەموو مۆسڵمانان پیرۆز دەكا و بۆ گەلەكەمان و هەموو گەلانی ژێردەستە هیوای بەرقەراری ئاشتی و عەدالەت داوا دەكات.
گەلی كورد لەكاتێكدا بەرەو پێشوازی لەجەژنی قۆربان هەنگاو دەنێت كە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین لەگەڵ شەڕ، قەیران، نەداری، بێكاری، كۆمەڵكۆژی و زۆڵم و ستەمی سیستەمە فاشیستیەكان رووبەروویە. ئەم راستی و كەش و هەوایە وا دەخوازێت كە بابەتەكانی"ئاشتی، بەرابەری، عەدالەت و ئازادی" بۆ گەلەكەمان زیاتر لەهەموو كات و ساتێك ببنە رۆژەڤ. لەشوێنێكدا كە زیاتر لەهەموو شوێنێكی تر جەژنەكانی تێدا پیرۆز كراوە، بینەری زۆڵم و ستەمین كە لەمێژوودا هاوتاكەی نەبینراوە. بەلەبەرچاوگرتنی زۆڵم و ستەمی سیستەمە فاشیستیەكان بەتایبەتی سیستەم و دیكتاتۆری رژێمی ئێران، تێكۆشان لەپێناو چەمكی یەكگرتوویی گەلان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی كە پارچەیەكە لەئۆمەت لەئیسلامدا و دەتوانێت بەشێكی گرنگ لەراز و نیازەكان بێت. سیستەمە زۆدارەكان لەهەرێمەكە و بەتایبەتی رژێمی فاشیستی ئێران ئەمڕۆكە بەبەكارهێنانی دین ئیسلام و بەكارهێنانی وەكو چەكێك، شێوەیەك لەدینی لەرێ لادەری لەبەرامبەر بەدینی ئیسلامی خاوێن و كۆمەڵگەی ئازادی بۆنیاد ناوە. رژێمی تئۆكراتیكی ئێران كە بەهەموو نەخۆشیەكانی دەسەڵاتداری گیرۆدە بووە لەپێناو گەیشتن بەئامانجەكانی هەموو دینەكان و گەلان دەكاتە قۆربانی. هەموو دۆژمنانی گەلان لەهەرێمەكەش بەبەكارهێنانی دینی ئیسلام و لەرێگا دەرخستنی دین، هەوڵدەدەن رەوایەتی بەزۆڵم و ستەمەكانیان بدەن.
ئەمڕۆكە تێكۆشانی گەلان لەدژی رژێمی دیكتاتۆر گەورەترین راز و نیاز و عەبادەت لەپشتیوانی و هاوكاری چین و توێژە جۆربەجۆرەكان لەوانە؛ مامۆستایان، كرێكاران، خانەنشینان، ژنان، گەنجان، زیندانیانی سیاسی و مەدەنیە كە لەرێگەی بەدەستهێنانی ئازادی قۆربانی گەورەیانداوە. لەو باوەڕەداین كە گەلان بەم هێز و مۆڕال و جۆش و فیداكاریەیان دەتوانن بەتێكۆشانی بەردەوامیان، نەتەوە دیموكراتیك بۆنیاد بنن. بەم بۆنەشەوە جەژنی قۆربان دەرفەتێكە بۆ بڵندكردنی یەكگرتوویی، هاوكاری و تێكۆشان لەپێناو دەربازكردنی هەموو قەیرانەكان لەوانە؛ كۆمەڵكۆژی، نەداری و برسێیەتی. ئەركی گەلانی ئێرانە كە لەرژێمی دەسەڵاتدار بەهۆی بەكارهێنانی هێز و دەسەڵاتەكەیەوە، حیسابی لێ بپرسنەوە و دادگایی بكەن.
گەلی كورد ئەمڕۆكە بووەتە پێشەنگی تێكۆشان بۆ رزگاری گەلان و رێڕەوانی هەموو دین و باوەڕیەكان. لەسەر گەلەكەمانە كە لەرۆژانی جەژن وەكو رێزێك و خاوەنداری لەشەهیدانی رێگای ئازادی لەهەموو بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەكانیان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران پشتیوانیان بكرێت. بەهیوایەن كە جەژنی قۆربان دەرفەتێك بێ بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری یەكگرتوویی و پێكەوەژیانی دیموكراتیانەی گەلان و دینەكان لەسەر رێگەی تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموكراسی. ئەمڕۆكە بۆ گەلانی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی گەلی كورد، تێكۆشان لەدژی دەوڵەتە فاشیست و داگیركەرەكان لەهەرچوار بەشی كوردستان بەئەندازەی راز و نیاز و عەبادەت، نان و ئاو بەنرخترە و گرنگی زیاتری هەیە. بەتێكۆشان و بەرخۆدان دەتوانن، جەژنەكان، ژیان و كۆمەڵگە واتای راستەقینە بدەن. جەژنی قۆربان بكەنە جەژنی یەكگرتوویی و پێكەوەژیانی گەلان. لەكەش و هەوای تێكۆشان و بەبیرخستنەوەی ئەو لایەنە لەژیانی زەحمەت و سەختی هەرێمەكە، جارێكی تر جەژنی قۆربان لەهەموو مۆسڵمانان، گەلی كورد، بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پیرۆز دەكەین و هیوای ژیانێكی مرۆڤیی، عادلانە و دیموكراتیك بۆ گەلان داواكارین."
ف.ق