کۆدار و پەژاک: هەڵبژاردن لە ئێران بووە دانان و کودەتای سیاسی

کۆدار و پەژاک رایانگەیاند، ١٣هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران بوو بە دانان و کودەتای سیاسیی ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی ٢٠٢١ی زایینی لە ئێران.

کۆمەڵگەى دیموکراتیک  ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هەڵبژاردنەکان و بایکۆت و دۆخی سیاسی و داهاتووی تێکۆشان و سیاسی بۆ گەلانی ئێران بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە هاوبەشەکەى کۆدار و پەژاک

هەڵبژاردن بووە دانان و کودەتای سیاسیی ١٤٠٠

هەڵبژاردنی ١٣هەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئێران لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی ئێرانەوە بایکۆت کرا. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)یش ئەو هەڵبژاردنەیان زۆر بە توندی بایکۆت کرد. بە گشتی و لە سایەی هەڵوێستی چالاکانەى گەلانی ئێران بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بەو شێوەیە، کە چاوەڕێ دەکرا بووە هۆی دەرکەوتنی بەرەیەکی رادیکاڵی مەدەنی و سیاسی و ئەنجامی سەرنجڕاکێشی لێکەوتەوە.

هەڵبژاردن پێش بەڕێوەچوونی ماوەی چەندین مانگ بوو لەلایەن بەیتی رەهبەریی بە سەرۆکایەتیی خامنەئییەوە پلان و ئاراستەى بۆ دانرابوو. باڵی توندڕەو و سوپای پاسداران بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە دەسەڵاتخوازانە ئابووری و سەربازی و ئایدۆلۆژییەکەی هەموو ئاراستە پێدانەکانی رێکخست و هێدی هێدی دەستی بە سڕینەوەى جیابیران و نەیاران و ئۆپۆزسیۆن کرد. ئەو کارە بە رەتکردنەوەى بێباکانە و هەڵادروستکەرانە و لایەنگرانەی پاڵێوراوەکان لە دوایین مانگەکاندا تەواو بوو و خواستیان خەڵک بۆ رەوایدان بەو کارەیان بەکاربهێنن. رەتکردنەوەى بەشێک لە بەکرێگیراوانی خودی بەیتی رەهبەریش شانۆییەک و کارێکی فریودەرانەی خەڵک بوو تاوەکو خۆیان پێداگر و توند نیشان بدەن. سەرەڕای ئەنجامی دەنگدانی شانۆیی، گرتنەبەری رێوشوێنەکانی پێش دەنگدان رەوایی بوونی هەڵبژاردنەکەى لە ناو برد. باڵی توندڕەو و بەیتی شوێنکەوتنی هێڵی "ویلایەتی دانانی فەقیهـ" نەک تەنها هێڵی ریفۆرمخوازیی لاواز و بێکەڵک کرد، بەڵکو هێڵی "ویلایەتی هەڵبژاردنی فەقیهـ"یشی لە ناو رەوتە توندڕەوەکاندا وەلا نا. ریفۆرمخوازەکانیش سەلماندیان، کە بۆ کۆمەڵگە جێگای متمانە نین. کەواتە رژێم بۆ مانەوەى خۆی لەم ساڵانەى دوایدا بەهۆی راپەڕینەکانی گەلەوە بێ متمانە بووە، بۆیە بە ناچار دەستیان بەو سەرکوت و لە ناوبردنە سیاسییە کرد کە پێی دەڵێین، "کودەتای ١٤٠٠". هەڵبژاردن کرا بە دانان و کودەتای سیاسیی ساڵی ١٤٠٠.

ژنان بە تەواوی تیایدا نادیار بوون و تایبەتمەندیی زەقی پیاوسالارانەی ئایینی دوایین گورزەکانی خۆی لە دژی ژنان لە پێناو سڕینەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسەت و بەڕێوەبرندا بەکارهێنا. ئەوە لە کاتێکدا بوو، کە تێکۆشانی ژنان لە ساڵانی رابردوودا زووتر و زیاتر لە رێکخراوە مەدەنییەکانی دیکە بوونی خۆی سەلماندبوو. ئەم هەڵبژاردنە وەک جەنگی عەقڵییەتی جنسیەتپەرەستانەی ئایینی لە دژی کۆمەڵگەى چەندین ملیۆنیی ژنان لە مێژوودا تۆمار کرا.

گەلانی ئێران لە فارسەوە تاوکو کورد، بەلوچ، لوڕ، عەرەب، ئازەری و ... هتد بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە راستیدا چەند هەنگاوی بەرچاویان بۆ پێشەوە هەڵگرت. ئەو بایکۆتە جەماوەرییە بەو ئەنجام و ئامارە فریودەرانەیە، کە دام و دەزگا خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکانی رژێم رایانگەیاندووە و رێژەى بەشداریکردنیان بە ٤٨.٨ نیشانداوە، لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت. بەکارهێنانی زۆر، تۆقاندن، هەژاری و بێکاریی هاووڵاتییان وەک کارتی گوشار و زۆر لە دژی هاووڵاتییان بۆ بردنیان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بە بەرچاوی رای گشتیی ناوخۆ و دەرەوە روون و ئاشکرا بوو. سەرباری ئەوەش ئەنجامی خوار سەدا ٥٠ نیشانەى سەرکەوتنی بەرەی گەلە لە دژی دەزگای زۆر و سەرکوتی بەیتی رەهبەری. لێکدانەوە و شیکردنەوەیەکی جگە لەوە غەدرکردنێکی روونە لە مافی گەلانی رادیکاڵ و راستیخواز. راگەیاندنی فەرمیی ٤٨.٨ لە سەد ئامارێکی ساختە و کۆدەنگی هەموو دام و دەزگاکانی دەسەڵات و دەزگا توندەڕەوەکانیانە، کە بە شێوەیەکی دوژمنکارانە و ئەنقەست هیچ شەفافیەتێکیان نییە. بەڵام سەرباری ئەوانەش بەشداریکردنی سەدا ٢٦ی خەڵکی تاران و رێژەى زۆر کەمی بەشداریکردنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان نمونەیەکی زەق و بەرچاوی راستیی دەنگدانی شانۆیی پشتبەستوو بە زۆری ئاشکرا کرد.  

بەیتی رەهبەری بە سەرۆکایەتیی خامنەئی پێش رۆیشتنی لە ئاکامدا گورزی بەرکەوت و لاواز بوو. رەوایبوونی لە دەستدا و رێژەى دەنگدانی خوار سەدا پەنجا نیشانەى بێ متمانەیی گەلانە بەرامبەر بە بەیتی خامنەئی و دەزگای ویلایەتی فەرمانپێکردن (ولایت امر)ی دیکتاتۆرانەکەى بوو، چونکە پێگەى ویلایەتی فەرمانپێکردنەکەى بۆ مەبەستە دەسەڵاتخوازانەکەى لە دەرەوەی ئایین بەکارهێنا و ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی کۆمەڵگەى لێکەوتەوە. لەبەر ئەوەش پێگەى ئەو ویلایەتە سەرەڕۆ و خۆتەوەرە زۆر بە هێزی بێ متمانە کرا و تەنانەت گورزی کوشندەی قەرەبوو نەکراوی لە داهاتووشی دا. بەیت، کە فتواشی وەک فێڵێک و ئامڕازێکی تۆقاندنی ئایینی بەکاردەهێنا بە رووبەڕووبوونەوەى ناڕەزایەتییەکانی گەلان زۆر بە توندی ئابڕو و متمانەى خۆی لە دەستدا. بەکارهێنانی فتوا وەک گوشارێک و ئامڕازێکی بەهێز لە کۆمەڵگەى ئایینی ئێراندا، بەڵام دیسانەوە ئەوەش سوودی نەبوو و هۆکارەکەشی بۆ رەتکردنەوەى ئەو دەزگایە لەلایەن کۆمەڵگەوە دەگەڕێتەوە.

باێکۆتی بێ وێنەى گەلان لە بنەڕەتدا دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ تێکۆشانی جەماوەریی لە داهاتوودا و بناغەیەکە بۆ چوونە ناو قۆناغی راپەڕین. ریفۆراندۆمێکە بۆ پەسەند کردنی راپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦ / ٢٨ی کانونی ٢٠١٧ و گەڵاڕێزانی ٩٨ / ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ و بەردەوامیدان بوو بۆ یادی گیانبەختکردوانی ئەو خۆپیشاندانانە. رابوونێک کە خواستیان بە دانانی ١٣هەمین خول، لە یادگەى کۆمەڵگەدا بیسڕنەوە، بەڵام تووشی داڕمانی سیاسی بوون. ئەوە دەگەیەنێت، کە لەمەو بە دوا و بەو پشتیوانییە جەماوەرییە، راپەڕینە مەدەنییەکان و ناڕەزایەتییەکان کاروبارەکانی رژێم تووشی گرفتی زیاتر دەکات. ئەو بایکۆتە دەستی شەقام بە تایبەتی، ژنان، گەنجان، کرێکاران، کارمەندان و رووناکبیران بە ئومێدەوە بۆ رۆیشتنە قۆناغێکی رادیکاڵتر بەهێزتر کردووە. رژێم چۆن لە گەلان نەترسا و گرنگیی پێ نەدان تووشی ئەو دەرەنجامە قورسە بوویەوە. ئەو بایکۆتە تەنها یەکێک لە بەشەکانی تێکۆشانی گشتیی گەلانە و بە دڵنیاییەوە بە بەش و لایەنەکانی تر تێکۆشانەکەیان کامڵ دەکەن. ئەو رێگا گەلییە پێشڕەوانەیە ساڵهای ساڵە دەستیپیکردووە و گەڕانەوەی بۆ نییە و بە هیچ تێکناشکێت.

دوای دەنگدانی شانۆیی ١٤٠٠ کە لە بنەڕەتدا کودەتایەکی سیاسی بوو و سەرباری هەموو ئەو بێ ئاکامبوونەی دەزگای دەسەڵات و ناڕەوایی بوونی بەو قەبارەیە لە قەیران و گێژاوی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە، بە دڵنیاییەوە نابێت هیچ کەس چاوەڕوانی پەڕجوو بێت لە سەرۆک کۆماری دانراو، کە تەنها یەک کەسە و سیستمی دیکتاتۆری و شەڕانگێزانەى هەبێت، چونکا نەک هیچ یەک لە کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو مامەڵەى لەسەر دەکرێت، لە بەرجامەوە بیگرە تاوەکو رێکخستنی زاڵمانەى ناخۆیی لە پێناو ئەندازیاریکردنی دەسەڵات و زاڵبوون بەسەر کۆمەڵگەدا بەکاریدەهێنن. سوود لە بەرجام وەردەگرن تاوەکو دۆخەکە هێور و کۆنترۆڵ بکەن و بەوەش لە پێناو مانەوەى دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خۆیان سوودی لێوەردەگرن. ئێران یەکێک لە بازنەکانی دونیای زاڵمانەى سەرمایەداریی جیهانییە و هەر ئەوە بەسە بۆ ئەوەی بچێتە ریزی بەرەی دژی گەلییەوە. رژێم دەیەوێت هەموو گۆڕەپانەکانی ناوخۆ و دەرەوە بەبێ سەرنجدانە داوا رادیکاڵەکانی گەل، تەنها بە رێکاری "سازش" لە بریی "چارەسەری دیموکراتیک" پێکەوە ببەستێتەوە. بەرەی گەلیی بایکۆت هەمان بەرەی "چارەسەری دیموکراتیک"ە لە بەرامبەر بەرەی "سازش" دا و ئەو بابەتەش ئەوە دەگەیەنێت، کە داهاتوویەکی پڕ لە گرژی و قەیران چاوەڕێی کۆمەلگە و دەوڵەتی ئێران دەکات. کۆمەڵگە سەلماندی، کە ناتوانێت بێدەنگ بێت و ئیدی ئامادە نییە وەک ساڵی ١٣٥٧ / ١٩٧٩ دۆخی گێژاودروستکەری دەزگای دەسەڵات  قبوڵ بکات. کەواتە دۆخەکە هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام هەڵوێستی گەل رادیکاڵتر دەبێت. نمونەى بەرچاوی ئەوەش مانگرتنی بەرفراوانی هەزاران کرێکاری بواری نەوت و گازە، کە لە دوای چوارەمین رۆژی هەڵبژاردنەکانەوە دەستیپێکردووە.

کێشەى کورد لەم نێوانەدا گەورەترین و بنەڕەتی ترین کێشەیە بۆ رژێمی ئێران و ئەگەر دەست بە چارەسەرکردنی دیموکراتیکی نەکات باجەکەى دەدات. دوژمنایەتیکردن لەگەڵ ئازادیی گەلی کورد دەبیتە هۆی لاوازیی تەواوی رژێم و ستەمکردن لە کۆمەڵگەى ئێران. لە هەڵبژاردنی ١٣هەمین خولیشدا هیچ یەک لە نوێنەرە دانراوەکان کەمترین بەرنامەیان بۆ خزمەتکردن بە نەتەوەکان نەبوو. هەر خۆی دانانی توندڕەوەکان پەیامی بەردەومیدانە بە سەرکوتی گەلان. وەکیەک لێکردنی هەر سێ دەزگای جەجێبەجێکار، یاسادانان و دادوەری و خستنە ژێردەستی خامنەئی و سپا نیشانەى دەستپێکردنی قۆناغی سەرکوت و تۆقاندن و جەنگە نەک چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی ئێران و ئەوەش مەترسیدارترین دۆخە بۆ هەموان، بەڵام بایکۆتی جەماوەری وەڵامێک بوو بە فاشیزمی ریشەدار لە ئێرانی هاوچەرخدا. گەلانی ئێران ئەگەر لە دوای دەستکەوتەکانی ئەم ساڵانەى دوایدا لە بەرامبەر رژێمی دیکتاتۆری تێنەکۆشن،  سیاسەتی جینۆسایدی کولتوریی توندتر و سەرکوت و تۆقاندنی سیاسی و سەربازیی دڕندانەتریان رووبەڕوو دەکرێتەوە. ئێرانیش لە هێڵی سەرمایەداریدا لە بواری لە ناوبردن و دادۆشینی گەلانی چەوساو و سیاسەتەکانی ناتۆدا درێژە بە پێگەى خۆی دەدات. گرژییە دەرەکییەکانی رژێم تەنها ململانێیە بۆ دەسەڵات و هەژموونی ناوچەیی و جیهان لە نێوان بەرەکانی خودی سەرمایەداریدا. ئەو بەرەیە لە دژایەتیکردنی نەتەوەی کورددا بە گشتی یەک هێڵی هاوبەشیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکردووە. ئەوە لە کاتێکدایە هەر ئەم نەتەوەیە بووەتە هیوا و ئومێدی هەموو گەلانی چەوساوە و زوڵم لێکرا و ئومێدواربوونی گەلانی بۆ ئازادی زیاتر کردووە.

وەک کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بڕیار و پێداگرییەوە رایدەگەیەنین، کە بیرکردنەوە لە داهاتووی کۆمەڵگەى ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سنووردار ناکرێت بە بابەتی پێش هەڵبژاردن و دەنگدانەوە. ئەوە هەڵبژاردنە، کە لە دڵی د یموکراسییەوە دەردەکەوێت نەک دیموکراسی لە دڵی هەڵبژاردنەوە. کەواتە لەمەودا ئەم هەڵبژاردنە شانۆییەى ١٣هەمین خول لە ئێراندا نا، بەڵکو بەرەی بایکۆتی جەماوەری و ئەنجامەکانی گرنگن. رەنگە ئەو بایکۆتە هەموو شتێک نەبێت، بەڵام چەند هەنگاوە بەرەو پێش و نزیکتربوونەوەیە لە هەڵسوڕانی هەمەلایەنەیى دیموکراتیکی گەلانی ئێران. هەم دەسەڵاتی ئایینی و هەم دەسەڵاتی سیاسیی رژێمی ئێستا لە بازنەى "جمهوریت" و "ئیسلامیەت" دا دۆڕاون. ئەمە سەرەتای قۆناغێکە نەک هەموو قۆناغی داهاتوو. داهاتوو خودی کۆمەڵگە بە گرتنەدەستی دەستپێشخەری رێکیدەخات و دیاریی دەکات. ئێمەش وەک بزووتنەوەى ئازادیخوازیی گەلەکەمان و بۆ خزمەت بە گەلانی ئیران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە هیچ گیانفیداییەک درێغ ناکەین. ئەوە ئەرکی مرۆیی، ئەخلاقی، سیاسی و دیموکراتیکە و بە هەموو جۆش و خرۆشی راستگۆیانە و دۆستانەوە جێبەجێی دەکەین. هەر  نەک داهاتووی تێکۆشانمان لە چوارچێوەی بابەتێکی بێ بەهای وەک شانۆی هەڵبژاردنی رژێمدا دانەڕشتووە، بەڵکو بە دووربینیی قوڵتر و بیری گەورەترەوە و سەرتر لەوەمان بۆ تێکۆشانی هەمەلایەنەی گەلەکەمان هەیە. لەو بوارەدا بڕوای پتەومان بە خۆمان هەیە و داوا لە پلاتفۆرمی دیموکراتیکی گەلی کورد و گەلانی ئێران دەکەین، کە تاوەکو ئاستی فیدایەتی حساب بۆ پشتیوانیەکانمان بکەن. داهاتووی ئیران گەورەتر و زیاترە لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردن – بایکۆت، هەڵمەتی دیموکراتیک بەردەوام و درێژخایەنە و بە دڵنیاییەوە بە ئامانج و مەنزڵى خۆی دەگات. بڕوای بە هێزمان بە ژنان، گەنجان، کرێکاران، کارمەندان، رۆشنبیران و ئەکادیمییەکانە، کە لەم ساڵانەی دوایدا لە سایەی گەشەی بەشداربوونی جەماوەری و گەلی دا بەهێزتر بوون، بە قۆناغێک گەیشتووین، کە هەموو چین و توێژەکان و هەموو ئۆپۆزسیۆن بۆ یەکگرتوویی لە پێناو ئازادیدا یەکبگرن. ئەو یەکگرتنەی گەلان لە ئێستاوە بووەتە مایەى ترسی ئەو رژێمە دیکتاتۆرییە و بە دڵنیاییەوە بەرەی دیموکراتیکی گەلان سەردەکەوێت.  

ژ.ت