كه‌جه‌كه‌: پێویسته‌ هه‌موو عه‌له‌وییه‌كان به‌ هه‌ڵوێستی حسێنی له‌دژی سته‌م بوه‌ستنه‌وه‌

کۆمیتەی گەلان و ئایینەکانی کەجەکە، بە بۆنەی كۆتایی هاتنی رۆژووی موحەڕەمەوە ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا داوای له‌ هه‌موو عه‌له‌وییه‌كان كرد، له‌ دژی سته‌م به‌ هه‌ڵوێستێكی حسێنی به‌شداری تێكۆشان له‌ پێناو دیموكراسیدا بكه‌ن.

کۆمیتەی گەلان و ئایینەکانی کەجەکە، بە بۆنەی كۆتایی هاتنی رۆژووی موحەڕەمەوە ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌، به‌ بۆنه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت به‌بیری بهێنینه‌وه‌ كه‌ به‌پێی تێكۆشان له‌ دژی سته‌مكاری كه‌ كاره‌ساتی موحه‌ڕه‌می لێكه‌وته‌وه‌، پێویسته‌ عه‌له‌وییه‌كان له‌ نێو تێكۆشان له‌ پێناو دیموكراتیك كردنی توركیا و تێكۆشانی گه‌لان به‌تایبه‌تی گه‌لی كورد به‌شداربن، كه‌ هێرشی كۆمه‌ڵكوژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت.

كه‌جه‌كه‌ هه‌روه‌ها داوای له‌ هه‌موو عه‌له‌وییه‌كان كردووه‌، به‌ هه‌ڵوێستی حسێنی له‌به‌رامبه‌ر سته‌م بوه‌ستنه‌وه‌ و لە نێو تێکۆشانی دیموکراسیدا بەشداربن.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌:

"موحەڕەم كۆتایی هات و به‌رخۆدانی كه‌ربه‌لا به‌ پەرستش و به‌ڕۆژوو بوون یادی كرایه‌وه‌".

هیوادارین ڕۆژوو و خێراتی عاشورا كه‌ له‌ مانگی موحه‌ڕه‌مدا ئه‌نجام ده‌درێت له‌ ده‌فته‌ری كرده‌وه‌كانیان بنووسرێت.

ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ پەرستش و راز و نیازی موسڵمانانی شیعه‌ كه‌ به‌رخۆدانی كه‌ربه‌لا به‌بیرده‌هێننه‌وه‌، واتایه‌كی ئیسلامی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌، هیوادارین پەرستشی موسڵمانانی شیعه‌ كه‌ به‌ ماته‌مینی و ڕۆژوو گرتن یادی شه‌هیدانی كه‌ربه‌ڵا ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌باره‌گای حه‌ق قبوڵ بكرێت.

ده‌مانه‌وێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین، ئه‌وانه‌ی یادی به‌رخۆدانی حەزرەتی حسێن له‌ كه‌ربه‌لا به‌دابه‌شكردنی خێرات، ڕۆژوو و جۆره‌كانی تری په‌رستش ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی ده‌روونی یادیان ده‌كه‌نه‌وه‌، خاوه‌نداری له‌ به‌ها گه‌وره‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن.

هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین: با رۆژووی دوانزە ئیمامەکانی رۆحی عه‌له‌وی قبوڵ بێت، با حەزرەتی حسێن ببێته‌ هاوڕێی، خزر و یاریده‌ده‌ری خێرخوازان و چاكه‌خوازان. له‌گه‌ڵ شه‌هیدانی كه‌ربه‌لا، به‌ڕێزه‌وه‌ یادی هه‌موو شه‌هیدانی شۆڕش ده‌كه‌ینه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ به‌ڵێنی وه‌فاداری بۆ یادی شه‌هیدان دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

كه‌ربه‌لا له‌ دژی سته‌م هێزی به‌رخۆدانه‌

عه‌له‌وییه‌كان، به‌رخۆدان له‌ دژی سته‌م كه‌ هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ كه‌ربه‌لا ئه‌نجامدرا، یادكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌ك بژارده‌ و چه‌مكێك ده‌زانن و به‌ ڕۆژووگرتن و بڵاوكردنه‌وه‌ی خێرات یادی شه‌هیدانی كه‌ربه‌لا ده‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌فاداری خۆیان بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ نیشان ده‌ده‌ن. عه‌له‌وییه‌كان به‌و هه‌ڵوێسته‌یان هاوكات ڕیزه‌كانی خۆیان له‌ كه‌ربه‌لای ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا دیاری ده‌كه‌ن. به‌رخۆدانی كه‌ربه‌لا كه‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ریتی تێكۆشان له‌ دژی سته‌م و نادادپه‌روه‌ری مرۆڤایه‌تی ده‌كات، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا بۆ ماف، دادپه‌روه‌ری، برایه‌تی، هاوبه‌شی و ئاشتی هێز به‌ گه‌لان ده‌دات. بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌رخۆدانی كه‌ربه‌لا له‌ ئێستاشدا له‌ دژی سته‌م، سته‌مكار و یه‌زیده‌كان، هێز به‌ هۆشمه‌ندی و رۆحی به‌رخۆدان ده‌دات.

ڕۆژووی موحه‌ڕه‌می ئه‌مساڵ و دابه‌شكردنی خێراتی عاشورا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ دوخێك كه‌ تێیدا بابه‌تی گه‌رم زۆر له‌ ئارادان. هاوپه‌یمانی دیكتاتۆر و فاشیستی ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌، كه‌ ده‌كرێت وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی یه‌زیدی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ پێناسه‌ بكرێت، له‌ دژی گه‌لان، ژنان، گه‌نجان به‌تایبه‌تی له‌دژی عه‌له‌وییه‌كان له‌ناو مه‌یدانێكدایه‌ كه‌ چه‌ند هێنده‌ی كه‌ربه‌لا دژوارتره‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر عه‌له‌وییه‌كان له‌سه‌ر هێڵی كه‌ربه‌لا تێكۆشان بكه‌ن، مێشك و ئه‌قلیه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامپه‌ره‌ستی ده‌سه‌ڵاتدار، له‌ هه‌ر جه‌مخانه‌یه‌ك، له‌ گوندان، له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌كورتی له‌ هه‌موو كایه‌كانی ژیان سته‌مێكی وه‌ك سه‌ره‌ده‌می كه‌ربه‌لا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌له‌وییه‌كان ده‌هێنن.

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌نگاوه‌ كرداریییه‌كاندا له‌ ژیر ناوی ڕاوێژكاری مه‌عنووی خوێندكاران، كارمه‌ندانی ئایینی داده‌مه‌زرێنن، له‌ گوندی عه‌له‌وییه‌كان مزگه‌وت دروست ده‌كه‌ن، پێشنوێژ داده‌مه‌زرێنن، جه‌مخانه‌كان وه‌ك ناوه‌ندی په‌رستشی عه‌له‌وییه‌كان ناناسێت، جه‌مخانه‌كان له‌ ژێر ناوی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌بنه‌ره‌تدا په‌یوه‌ندیان به‌ وه‌زاره‌تی كاروباری ئایینیه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌ربه‌لایه‌كه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونی یه‌زیده‌كان.

حەزرەتی حسێن پێوانی به‌رخۆدانه‌

هه‌موو ئه‌و كرده‌وانه‌ دوژمنایه‌تی سه‌نتێزی توركی ئیسلامی و ئه‌قلیه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ دژی عه‌له‌وییه‌كانه‌. له‌ دژی ئه‌و كرده‌وه‌ و سه‌پاندنانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ڕێبازی حەزرەتی حسێن به‌رخۆدان نه‌كرێت، ئه‌وا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م عه‌له‌وییه‌كاندایه‌.

ئه‌گه‌ر عه‌له‌وییه‌كان هه‌زاران ساڵه‌ سه‌رباری گوشاره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتدار خاوه‌نداری له‌ ئایینی خۆیان ده‌كه‌ن، كلتووره‌كه‌یان به‌ هێز و ئیراده‌ و ده‌رفه‌تی خۆیان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن و به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ن، لێره‌دا به‌رخۆدانی حەزرەتی حسێن له‌ كه‌ربه‌لا له‌ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هێزه‌. له‌ به‌رخۆدان له‌ دژی سته‌مكاران، كه‌ربه‌لا و حەزرەتی حسێن بۆ عه‌له‌وییه‌كان پێوانه‌ن. پێمان وایه‌ عه‌له‌وییه‌كان كه‌ داوای مافی هاوڵاتیبوونی یه‌كسان و ئازادییان ده‌كه‌ن. له‌ گوڕدان به‌ تێكۆشانی دیموكراسی ئه‌م پێوانه‌یه‌ بكه‌نه‌ بنه‌ما بۆ خۆیان، له‌ تێكۆشانی خۆتان له‌پێناو دیموكراسی دۆخێكی له‌وجۆره‌ بهێننه‌ ئاراوه‌، كه‌ له‌ئه‌نجامیدا نكوڵیكردن له‌ عه‌له‌وییه‌كان بوونی نامێنێت، په‌رستشی عه‌له‌وییه‌كان قبوڵ ده‌كرێت، ده‌ست بۆ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان نابرێت، دور له‌ گوشار و قه‌ده‌غه‌ و به‌ هۆشمه‌ندی هاوڵاتی بوونی یه‌كسان درێژه‌ به‌ ئایینی خۆیان ده‌ده‌ن و گوزارش له‌ خۆیان ده‌كه‌ن.

عه‌له‌وییه‌ به‌ڕێزه‌كان

به‌ بۆنه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت به‌بیری بهێنینه‌وه‌، كه‌ به‌گوێری تێكۆشان له‌ دژی سته‌مكاری كه‌ بووه‌ هۆی كاره‌ساتی موحه‌ڕه‌م، پێویسته‌ عه‌له‌وییه‌كان له‌ تێكۆشان له‌ پێناو دیموكراتیك كردنی توركیا و تێكۆشانی گه‌لان به‌تایبه‌تی گه‌لی كورد به‌شداربن، كه‌ هێرشی كۆمه‌ڵكوژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت. داوا له‌ هه‌موو عه‌له‌وییه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی سته‌می سته‌مكاران، به‌ هه‌ڵوێستی حسێنی به‌شداری تێكۆشانی دیموكراسی بكه‌ن.

به‌ بۆنه‌ی یادكردنه‌وه‌ی موحه‌ڕه‌م داوا له‌ هه‌موو لایه‌نگرانی ئازادی و دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ین كه‌ تێكۆشان له‌ پێناو دیموكراسی به‌گوڕتر بكه‌ن. داوا له‌ هه‌موو گه‌لان به‌تایبه‌تی عه‌له‌وییه‌كان و موسڵمانانی شیعه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ بڕوایان به‌ تێكۆشانی مرۆڤایه‌تی ئیمام حسێن هه‌یه‌، ئه‌و به‌رخۆدانه‌ ڕاست و ڕه‌وا ده‌بینن، له‌ دژی ڕژێمی سه‌نتێزی ئیسلامی تورك كه‌ فاشیست ترین ڕژێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، گوڕ به‌ به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی تێكۆشان بده‌ن.

به‌م هه‌ست و بیره‌وه‌، جارێكی دیكه‌ هیوادارین رۆژووی 12 ئیمامی شوێنكه‌وتووانی عه‌له‌وی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی یادی شه‌هیدانی كه‌ربه‌لایان كرده‌وه‌، ببێته‌ مایه‌یی دورخستنه‌وه‌ی هه‌موو شه‌ڕ و خراپه‌كارییه‌ك و ببێته‌ هۆی چه‌سپاندی ماف، ئاشتی و برایه‌تی. ئێمه‌ ده‌ڵێین با خزمه‌تی عه‌له‌وییه‌كان له‌ كاره‌ساتی موحه‌ڕه‌م له‌ ده‌فته‌ری كرده‌وه‌كانیاندا بنووسرێت. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌تایبه‌تی عه‌له‌وییه‌كان كه‌ له‌پێناو ماف و ئازادی له‌به‌رامبه‌ر سته‌م ده‌وه‌ستنه‌وه‌ به‌و هه‌ست و بیركردنه‌وه‌ سڵاویان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین.

ژ.ن