خەڵکی شەنگال سەردانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان کرد
لە سەروبەندی نۆیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابدا خەڵکی شەنگال لە حەردان سەردانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیان کرد.
لە سەروبەندی نۆیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابدا خەڵکی شەنگال لە حەردان سەردانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیان کرد.
دوێنێ ئێوارە ئەندامانی دامەزراوە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای ئێزدی سەردانی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی حەردانیان کرد و شەهیدانی فەرمانەکەیان بە بیرهێنایەوە. بە دەیان کەس لە خەڵکی شەنگال کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکدا داوایان کرد رای گشتی لەپێناو پاراستنی مافەکانی کۆمەڵگای ئێزدی هەڵوێستیان هەبێت.
راگەیەندراوەکە لەلایەن ئەندامی تاژێ کنێ خدر خوێندرایەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە سەرەتادا هەموو شەهیدانی فەرمانەکە بە بیر دەهێنینەوە، وابووە نۆ ساڵ بە سەدان کەس لە خەڵکی ئێمە بە دەست داعش و بە هاوکاری ماڵی بارزانی کوژران. دەیانویست کۆمەڵگای ئێزدی لەناو ببەن و لە شەنگال بجنەدەرەوە. کۆمەڵگاکەمان خۆڕاگری کرد و نەیهێشت ئەو خەونەی دوژمن بچێتەسەر. ئەمرۆ بۆ ئێمە رۆژێکی رەش و بەئازارە، داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین ئەو رۆژە لە ید نەکەن، خاوەنداری لە شەهیدانیان بکەن. ئەگەر ئەمڕۆ لە سەر ئەم خاکە دەژین لە سایەی رەنجی شەهیدانە. هەر بستێک لەم خاکە بە رەنج و خوێنی شەهیدێک سوور بووە. ئێمە بەڵێن دەدەین کە دەست لە رێبازی ئەو شەهیدانە هەڵنەگرین، کە گیانیان لەو پێناوەدا بەخشیوە.
لە درێژەدا کنێ خدر وتی، "نۆ ساڵ تێپەڕبوو، بەڵام ئەو رۆژە پەڵەیەکی رەشە بە ناوچاوانی مرۆڤایەتی و ئەو وڵاتانەی باس لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن. لەبەر ئەوەی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئێمە رووبەڕووی ئەم کۆمەڵکوژیە کراینەوە. بەڵام کەس خاوەنداری لێنەکردین. شەرمەزارییەکی گەورەیە کە تائێستا ئەو فەرمانە بە جینۆساید نەناسراوە و تەنیا وەک نوسینێکی سەر کاغەز ماوەتەوە. ئێمە داوا لە هەموو مرۆڤایەتی دەکەین لە بەرامبەر کۆمەڵگای ئێزدیدا خاوەن بەرپرسیارێتی بن".
هـ . ب