کەجەکە: دەبێت عەلەوییەکان و کوردان بگەڕێنەوە سەر خاک و وڵاتی خۆیان

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، لە چوارچێوەی پیلانی شارک ئیسلاحات دا و بە کۆمەڵکوژیی وەک کۆمەڵکوژیی مەرەش و گوشار و زۆردارییە هەمەلایەنەکانیان رۆژئاوای فورات-یان لە کورد و عەلەوی چۆڵ کرد.

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، لە چوارچێوەی پیلانی شارک ئیسلاحات دا و بە کۆمەڵکوژیی وەک کۆمەڵکوژیی مەرەش و گوشار و زۆردارییە هەمەلایەنەکانیان رۆژئاوای فورات-یان لە کورد و عەلەوی چۆڵ کرد، بۆیە داوای لە کوردان کرد بگەڕێنەوە بۆ سەر خاک و وڵاتی خۆیان.  

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژیی مەرەش، کە لە ١٩-٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨ دا روویدا، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆمەڵکوژیی مەرەش هەم بۆ رەخسانی بناغەى کودەتای فاشیستیی ١٢ی ئەیلول و هەم بۆ پاکتاوکردنی کورد لە رۆژئاوای فورات ئەنجامدرا. راشیگەیاند، "سوپای تورک، کە لە دۆخە  جیاجیاکاندا زۆر بە خێرای دەست بە جموجوڵ دەکات، بەڵام کاتێک بابەت بووە کووشتنی کوردان و عەلەوییەکان، دوای کۆمەڵکوژییەکان دەگاتە شوێنی رووداوەکان. هەڵوێستی پۆلیس و سوپا لە کۆمەڵکوژیی مەرەش و سێواس دا سەلمێنەری ئەوە بوون، کە ئامانجەکە پاکتاوکردنی عەلەوییەکان و کورد بووە".

بکوژانی عەلەوییان و کوردان خەڵات دەکرێن

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کۆمەڵکوژیی مەرەش ئەوەى سەلماند، کە لە ناو سنوورەکانی تورکیادا کوشتنی عەلەوییان و کوردان نورماڵ و ئاساییە و ئەوەشی راگەیاند، "ئەوانەى کوردان و عەلەوییان دەکوژن لە بریی سزادانیان خەڵات دەکرێن، بۆیە کۆمەڵکوژیی لەو جۆرە بە ئاسانی ئەنجام دەدەرێن. ئەمڕۆش عەلەوی و کورد دەکوژرێن و سیاسەتی سزانەکردنی بکوژان بەردەوامیی هەیە. گەنجی کورد و عەلەوی کەمال کورکوت بە بەرچاوی کامێراکانەوە کوژرا، بکوژەکانى ئازاد کران و ئەوەش نمونەیەکی زەق و بەرچاوی ئەو سیاسەتەیە. لە پرسوس ٣ مرۆڤ لە بنماڵەى شەنیاشار لەلایەن خزمانی پەرلەمانتارێکی ئاکەپەوە (ئیبراهیم خەلیل یڵدز) کوژران، بەڵام ئەوانەى دەستگیردەکرێن، کوڕان و منداڵانی بنەماڵەى شەنیاشارن. دەوڵەتى تورک کارەکتەری خۆی لە ناو هەر دوو رووداوەکەدا بەشێوەی تەواو و روون نیشانداوە. سەدان و بگرە هەزاران رووداوی لەو شێوەیە هەیە.

بەپێی دەستووری بنەڕەتیی نهێنی

لە تورکیا دەستوورێکی بنەڕەتیی فەرمی هەیە، هەروەها دەستوورێکی نهێنی هەیە. دەستوورە نهێنییەکە بە تورکردنی کوردان و بە سونەکردنی عەلەوییەکانی بۆ خۆی کردووەتە ئامانج. ئەوەى لە بنەڕەتدا کاری پێدەکرێت دەستوورە بنەڕەتییە نهێنییەکەیە. ئەو سیاسەتەى لە دژی کوردان و عەلەوییان بەڕێوەدەچێت لە پیلانی چاکسازیی رۆژهەڵات (شارک ئیسلاحات) لە ساڵی ١٩٢٦ەوە بە شێوەیەکی روون دیاری کراوە. کۆمەڵکوژیی مەرەش لە چوارچێوەی پیلانەکانی چاکسازیی رۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٢٦ەوە ئەنجامدراوە. ئامانجی سەرەکیشی کوردانی عەلەوی بوو لە رۆژئاوای فورات و دێرسیم دا. دوای کۆمەڵکوژیی مەرەش، کورد لە رۆژئاوای فورات نەما و ناچاری کۆچبەری کران و ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ چ ئامانجێک ئەنجامدراوە. رۆژئاوای فورات بە زۆری  دانیشتوانەکەى کورد و عەلەوی بوون، بەڵام ئەمڕۆ دانیشتوانی کورد لەو ناوچەیە دابەزیوە بۆ سەدا ١٠ و بە کۆمەڵکوژییەکان، گوشار و سیاسەتە هەمەلایەنەکانیان رۆژئاوای فوراتیان لە عەلەوی و کورد چۆڵکرد.

باوەڕەکانیش پاکتاو دەکرێن

لە کۆمەڵکوژیی مەرەش دا زیاتر لە ٢٠٠ مرۆڤی بە تەمەن، ژن و منداڵ کۆمەڵکوژ کران. ئەوەش دەرەنجامی بۆچوونی دەوڵەتی پاکتاوکەری تورک بوو بەرامبەر بە عەلوییان و کوردان. نەک تەنها فاشیستەکانی مەهەپە، بەڵکو بەشێک لە مەرەشییەکانیش بەشداری کۆمەڵکوژییەکە بوون و ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە دەوڵەت چ جۆرە کۆمەڵگەیەکی دروستکردووە. ئێمە ئەوەمان لە کۆمەلکوژیی مادیماک لە سێواسیش بینی. ئەمڕۆش لە هەموو کات زیاتر ئەو نزیکایەتی و هەڵسوکەوتە بەرامبەر بە کوردان و عەلەوییەکان دەبینرێت. لە دژی عەلەوییەکان سیاسەتی پاکتاوکردنی بیر و باوەڕەکەیان بەڕێوەدەچێت. تاوەکو عەلەوییەکان ئەو راستییە نەبینین ناتوانن لە کۆمەڵکوژیی مەرەش تێبگەن، نە دەشتوانن رێگری لە پاکتاوکردنی باوەڕەکەیان بکەن. پێویستە هەموو عەلەوییەکان ئەوە ببینن، کە دەوڵەت دەیەوت عەلەوییەکان لە رووی باوەڕ و رۆشنبیری و کولتورییەوە پاکتاو بکات و بەگوێرەی ئەوەش هەڵوێست لە خۆیان نیشان بدەن و تێبکۆشن.

دەبێت بەشداری لە تێکۆشانی دیموکراسیدا بکەن

عەلەوییەکان بە گۆڕینی ئەو عەقڵییەتەی دەوڵەت دەتوانن پارێزگاری لە هەبوونی خۆیان بکەن. تاوەکو ئەو عەقڵییەتە نەگۆڕێت، هەڵەیە  عەلەوییەکان وابزانن، کە دەتوانن خۆیان لە پاکتاوکردن بپارێزن و بە عەلەوی بوونی خۆیانەوە بژین. بیرکردنەوەیەکی پێچەوانەى ئەوە، خەفڵەتێکی گەورە و هەروەها خیانەتێکی نەزانانەیە. بۆیە ئەرکی بنەڕەتیی کۆمەڵگە و باوەڕی عەلەوییەکان ئەوەیە بەشداری لە تێکۆشانی دیموکراسی دا بکەن. بۆ عەلەوییەکان ئێستا گەورەترین عیبادەت تێکۆشانی دیموکراسییە. چونکە تەنها کاتێک تورکیا دیموکراتیک ببێت، ئەو کاتە عەلەوییان دەتوانن باوەڕ و ئایینەکەى خۆیان بپارێزن و بەپێی جەوهەری خۆیان بژین.

دەبێت عەلەوییەکان لەسەر خاک و وڵاتی خۆیاندا بن

توڕەیی لە دژی کۆمەڵکوژیی مەرەش لە پێش هەموو شتێکەوە بە توڕەیی لە دژی ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵکوژییەوە دەبێت. ئەگەر ئەوان خواستیان لە رێگەى کۆمەڵکوژییەوە رۆژئاوای فورات و دێرسیم لە عەلەوی چۆڵ بکەن و کوردی تیادا نەهێڵن، ئەوا ئەو کاتە گەڕانەوە بۆ سەر ئەو خاکە و زیندوکردنەوەى باوەڕ و ئایین و رۆشنبیریی خۆتان لەسەر ئەو خاکەدا دەبێتە باشترین وەڵام. نیشتەجێبوون لە ئەگە، لە گەورەشارەکانی تورکیا و لە ناوچەکانی تری جیهان دەبێتە هۆی بەدیهاتنی ئامانجی پاکتاوکەران. ئەوە بەس نییە، کە تەنها بە تەمەنەکان لەو خاکەدا بمێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ ئەو خاکە، بەڵکو دەبێت گەنجانیش لەو خاکەدا بمێننەوە و بە رەنجی خۆیان جارێکیتر خاکی خۆیان بکەنەوە بە خاکی عەلەوییان و کوردان. بەو شێوەیەش ئێمە دەتوانین دروستترین و باشتریین وەڵام بۆ بەرز راگرتنی یادی ئەو کەسانە بدەینەوە، کە لەو کۆمەڵکوژییانەدا شەهید بوون.

عەقڵییەتی کۆمەڵکوژکردن لەسەر دەسەڵاتە

با گەلەکەمان بزانێت، عەقڵییەتی کۆمەڵکوژیی مەرەش بەردەوامیی هەیە. خاوەکانەکانی ئەو عەقڵییەتەى لە مەرەش و سێواس کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، ئێستا لە دەسەڵاتدان. ئێستا لەو کاتە زیاتر راستییەکەی دەوڵەت هەیە، کە دوژمنایەتی بەرامبەر بە عەلەوییان دەکات و دەیەوێت عەلەوێتی لە گۆڕێدا نەهێڵێت. تەنها ئەو راستییە بەسە بۆ ئەوەى، کە روون بێتەوە چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانی عەلەوییان و کوردان. لە پێش هەموو شێتکەوە عەلەوی و کورد و کۆمەڵگە، کە لەو دەوڵەتە پاکتاوکەرەوە زیانیان پێگەیشتووە، رەنجدەران، ژنان و گەنجان دەبێت هاوپەیمانیی دیموکراسی بئافرێنن و لە دژی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە تێکۆشان گەورە بکەن. بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان و کاتێک تورکیا دیموکراسی بوو، ئەو کاتە عەلەوی و کورد و کۆمەڵگە و باوەڕ و ئایینە جیاجیاکان دەتوانن لە ناو هۆشمەندی و عەقڵییەتی نەتەوەی دیموکراتیکدا، لەگەڵ باوەڕ، ناسنامە و رۆشنبیری و کولتوری خۆیان بە شێوەیەکی ئازاد بژین.

ئێمە ئەو کەسانە، کە لە کۆمەڵکوژیی مەرەش دا شەهید بوون بە رێزەوە یادیان بەرز رادەگرین و بەڵێن دووبارە دەکەینەوە، کە تورکیای دیموکراتیک و کوردستانی ئازاد، کە خەونی ئەوان بووە، بەدیی بهێنین. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە هەموو هێزە دیموکراسییەکان دەکەین، بۆ ئەوەی عەقڵییەتی کۆمەڵکۆژیی مەرەش لە دەسەڵات بخەین، تێکۆشان گەورەتر و بەهێزتر دەکەین".

ژ.ت