کەجەکە ناڕەزایەتیی بەرامبەر رادەستکردنی سیاسەتمەداری کورد عومەر بارتان لەلایەن پەدەکەوە بە دەوڵەتی تورک دەربڕی و رایگەیاند، "ئەو کارانە ئازار بە هەموو کورد دەگەیەنێت، بۆیە داوا لە پەدەکە دەکەین دەست لەو کارانەى هەڵگرێت".
لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە، پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەگەڵ تورکیا زیانێکی گەورە لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەدات. راشیگەیاند، ئەو نزیکایەتی و رەفتارەکانى پەدەکە پەیوەندیی نێوان رێکخستنەکانی کورد تێکدەدات.
راگەیاندراوەکەى کەجەکە:
"پەدەکە سیاسەتمەدارێکی تری کوردی رادەستی دەوڵەتی تورک کرد، کە ساڵ و نیوێک لەوە پێش دەستگیریان کردبوو. عومەر بارتان سیاسەتمەداری کورد، کە بەهۆی کارە سیاسییەکانییەوە لە تورکیا داگایی و زیندانکرا بوو، هاتبوو بۆ باشووری کوردستان. عومەر بارتان لە بریی ئەوروپا رووی لە باشووری کوردستان کرد، کە لە ژێر بەڕێوەبەریی کورددایە و نەیخواست لە وڵاتەکەى خۆی بڕواتە دەرەوە، بەڵام لە باشووری کوردستان رووبەڕووی دۆخێک بوویەوە، کە چاوەڕێی نەدەکرد. سەرباری ئەوەى هیچ هۆکارێک بۆ دەستگیرکردنی لە گۆڕێ نەبوو و تەنها لەبەر ئەوەى سیاسەتمەدارێکی کورد بوو و دەوڵەتی تورک دەیخواست بیگرێت و زیندانیی بکات، لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکرا. پەدەکە جاروبار بۆ ئەوەى دڵی دەوڵەتی تورک خۆش بکات سیاسەتمەدارانی کورد رادەست دەکات. ئەو کارانە، کە لەلایەن دەزگا ئیدارییەکانی ژێر کۆنترۆڵ و بەڕێوەبەریی پەدەکە بەرێوەدەچن، هەموو کورد ئازار دەدات. ئێمە داوا لە پەدەکە دەکەین دەست لەو کار و هەڵوێستانەى هەڵگرێت.
دەوڵەتی تورک سەرۆکایەتیی دوژمنایەتیکیردنی کورد دەکات. لە باکووری کوردستان و تورکیا هەموو رۆژێک دەیان سیاستمەداری کورد تەنها لەبەر ئەوەى داکۆکی لە ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد دەکەن، دەستگیر و زیندانی دەکرێن. عومەر بارتانیش بەو پاساوە پووچانە لەلایەن دادگای دەوڵەتى تورکی داگیرکەری پاکتاوکارەوە سزا درابوو. رادەستکردنی ئەو سیاسەتمەدارە بە تورکیا، بە مانای ئەوەیە، کە پەدەکە داکۆکی لە پاساوەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دەستگیرکردن و زیندانیکردنی کوردان دەکات.
پەیوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک زیانی گەورە بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت. بۆ ئەوەى هەندێک شەڕڤان هەڵبێن سیاسەتی هاندان و دنەدان بەڕێوەدەبات، هەروەها بە رادەستکردنی ئەو کەسانە بە تورکیا، یارمەتی و هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات. ئەو هەڵوێست و رەفتارانەی پەدەکە هەڵوێست و رەفتارێک نییە، کە حیزبێکی کورد لە خۆی نیشانی بدات. زۆرێک لە ئەندامان و شەڕڤانانی پەکەکە، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پەدەکەوە نییە دەستگیر دەکرێن و چەندین ساڵ لە زینداندا رایاندەگرن، بەڵام سیخوڕێک، کە دەستی بە خوێنی گەریلا سوورە و شوێنی گەریلاکان بە دەوڵەتی تورک رادەگەیەنێت، کاتێک دەستگیر دەکرێت، پەدەکە بە خێرایی داوای ئازادکردنی دەکات.
ئەو نزیکایەتی و رەفتارانەی پەدەکە لە ناو گەلی کورددا دەبنە هۆی ناڕەزایەتیی گەورە. لە هەمان کاتدا پەیوەندیی نێوان رێکخستنەکانی کورد تێکدەدات. دەوڵەتی تورک سەرۆکایەتیی دوژمنایەتیکردنی کوردان دەکات و ئامانجی پاکتاوکردنی کوردانە. بۆیە بەم هەڵوێست و کارانە پشتیوانیی لەم شێوەیە بۆ دەوڵەتێکی لەو جۆرە نەک تەنها زیان لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەدات، بەڵکو لە هەمان کاتدا زیان بە دەستکەوت و تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان دەگەیەنێت. لەبەر ئەوانە دەبێت پەدەکە دەست لەو هەڵوێست و کارانەى هەڵبگرێت و هیچ سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕێکی کورد رادەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار نەکات".
ژ.ت