کەجەکە: حسابی کۆمەڵکوژیەکان لە داگیرکەری قڕکەر دەپرسن

کەجەکە رایگەیاند، دووم کۆمەڵکوژی پاریس بەردەوامی کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی یەکەم و کۆمەڵکوژی رۆبۆسکێیە و وتی، " گەلە وڵاتپارێز و دۆستەکانمان تێکۆشانی ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسی بەرەو سەرکەوتن دەبەن و حساب لە داگیرکەری قڕکەر دەپرسن.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە وتی، " جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١دا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورکەوە شەرمەزار دەکەین. لە کۆمەڵکوژیەکەدا ٣٤ کورد کۆمەڵکوژکران. بەڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە کۆمەڵکوژیەکەدا شەهید بوون."

هاوسەرۆکایەتی کەجەکە وتی، " کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی یەکێک لە دەیان کۆمەڵکوژی سەر کوردە کە لەسەر بناغەی دوژمنایەتی کورد و قڕکردن ئەنجامدراوە. ئەو کۆمەڵکوژیە دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر کورد بە ئاشکرا دەخاتەڕوو. لە رۆبۆسکی ٣٤ کوردی مەدەنی بە شێوەیەکی دڕندانە و زاڵمانە شەهید کران. کۆمەڵکوژیەکە کە تاوانێکی گەورەی قڕکردنە، پیویستی بە دادگاییکردن و حسابپرسین هەیە. بەڵام تاوەکو ئێستا لێپرسینەوەی لێنەکراوە، بە پێچەوانەوە، دەوڵەت و حکومەت هەوڵیاندا کە کۆمەڵکوژیەکە بە رەوا نیشان بدەن و تەیب ئەردۆغانیش کۆمەڵکوژیەکەی کە ٣٤ کورد شەهیدکران، بە راست لەقەڵەمدا و بە ئاشکرایی خاوەنداری لە کۆمەڵکوژیەکە کرد. ئایا بۆچی لە سەدەی ٢١دا لە بەرچاوی هەموو جیهان کورد کۆمەڵکوژ دەکرێت. بەرگری لە کۆمەڵکوژیەکە دەکرێت و نابێتە بابەتی هیچ حساب و کاتابێک؟ ئەم دۆخە بە تەنیا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەتوانرێت، رەوا بکرێت. دەوڵەتی تورک خاوەن هەژموون و کارەکتەری دژە کوردە. لە ئەنجامی ئەوەدا، کوشتن، کۆمەڵکوژی و قڕکردنی کورد وەک شتێکی راست و پێویست دەبینێت. لە راستیدا لای دەوڵەتی تورک تەنیا یەک یاسا هەیە، ئەویش یاسای قڕکردنی کوردە. لە هەژموون و پراکتیکی دەوڵەتی تورکدا، نەک کوشتن، بەڵکو نەکوشتنی کورد تاوانە. کوردێک بە تەنیا کاتێک کە دەست لە کوردبوونی خۆی هەڵدەگرێت دەتوانێت بژی. جگە لەوە هیچ دەرفەتێک بە کورد نادرێت. کاتێک کورد دەیەوێت وەک خۆی بێت، بە زمان، ناسنامە، کەلتور و ئیرادەی خۆی بە ئازادی بژی، کۆمەڵکوژ دەکرێن. ئەوەی لە رۆبۆسکی ئەنجامدرا، بەم شێوەیە بوو. دەوڵەتی تورک ٣٤ کەسی کۆمەڵکوژ کرد کە خاوەنی داواکاری ئازادی و وڵاتپارێزی بوون.

دەکرێت بە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپەی فاشیست لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژیەکان بکرێت

لە ڕاگەیاندراوی هاوسەرۆکایەتیی دەستەی  بەڕێوەبەری کەجەکە دا ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە کراوە:

رێگای بوون بە دەسەڵات و دەسەڵاتداری لە تورکیا قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی کوردان و بەردەوامیدان بە سڕینەوە و قڕکردنە. کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی خاوەنی تایبەتمەندیەکی وەهایە، کە ئەو ڕاستییە دەخاتە بەرچاو و ئاشکرای دەکات. ئاکەپە و سەرەکە فاشیستە دیکتاتۆرەکەی ئەردۆغان هەموو رێگا و شێوازێک بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەی کورد بەڕێوە دەبات و ئەوەش هەموو ڕۆژێک بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەهێزتر ئەنجام دا و بەوەش هەوڵی دا ببێتە دەسەڵاتدار و بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی خۆی بدات.

دوژمنکاریی بەرامبەر بە کورد و جینۆسایدکردن و پاکتاوکردن لەم کاتەدا لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپەوە ئەنجام دەدرێت. بە دامەزراندنی هاوپەیمانی ئاکەپە - مەهەپە سیاسەتی جینۆسایدکردنی کوردان لەسەر بنەمای پلانی میساقی - میلی بە بەرفراوانترین هێرشی داگیرکارییەوە پەیڕەو و جێبەجێ کرا. لە چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکدا، کە کوردی تیادا بێت هێرش ئەنجام دەدەن و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، لە باکوورەوە بۆ باشوور، شەنگال، مەخمور، ڕۆژئاوا و ئەوروپا ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەکەن. تازەترین نموونەی ئەمە دووەمین کۆمەڵکوژی پاریسە، دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس بەردەوامی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسە لە ٩ی کانوونی دووەم و کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکییە، کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکیش بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکانی پێشووترن. هەمووهێرش و داگیرکاری و کۆمەڵکوژیەکان لەسەر بنەمای تەواوکردنی پرۆسەی کۆمەڵکوژکردنی کوردان ئەنجام دەدرێن.

ئەوەی لەم سەردەمەدا کۆمەڵکوژی بەسەر کورددا دەسەپێنێت دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپەیە، بۆیە بە ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دەتوانرێت ڕێگری لە جینۆسایدکردنی کورد بکرێت و دەکرێت لێپرسینەوە لە حملەو کۆمەڵکوژیانە بکرێت. دەبێت تێکۆشان بۆ ئەمە زیاتر بەهێز بکرێت. ڕوونکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکان، ئازادی گەلی کورد و دیموکراتیزەبوونی تورکیا تەنیا بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپە بەدی دێت. ئێمە جارێکی تر ئاماژە بەوە دەکەین، لێپرسینەوە لە هەموو تاوانەکانی قڕکردن و پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورکی فاشیست و بە تایبەتیش لێپرسینەوە لە ئەردۆغان و باخچەلیی فاشیست  دەکرێت. بە دڵنیاییەوە گەلی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەری کوردستان و دۆستەکانیان  تێکۆشان و خەباتی دێموکراسی، دادپەروەری و ئازادی سەر دەخەن و گەورەترین لێپرسینەوە لە داگیرکەری پاکتاوکار و جینۆسایدکار دەکەن. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە گەلەکەمان، هێزە دیموکراسیخوازەکانی جیهان دەکەین، کە تێکۆشانی دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی بەرزتر و بە هێزتر بکەن".

ف.ق \ ژ.ت