دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕاگەیاندراوێکی لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڵاوکردەوە، کە تیایدا ٣ کورد کۆمەڵکوژکران. کەجەکە کۆمەڵکوژییەکەی بە بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم وەسفکرد، کە تیایدا ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان کۆمەڵکوژکران و ڕاشیانگەیاند، ئاکەپە - مەهەپە و میت لە کۆمەڵکوژییەکە بەرپرسیارن.
ڕاگەیاندراوەکەى کەجەکە:
"هێرشێک لە دژی ناوەندی ڕۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس ڕوویدا و لە هێرشەکەدا ژمارەیەکی زۆر کورد بریندار بوون و گیانیان لە دەستدا. ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشە ڕوونە دەکەین، کە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپەوە ئەنجامدراوە. ئەوانەی لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە بە ڕێزەوە یادیان دەکەینەوە. ئەوانەی لەم هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە شەهیدی نەمری کوردستانن. پێویستە گەلی کوردستان و دۆستە کوردەکانیان کاردانەوەی توندیان بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییە هەبێت و خاوەنداری لە شەهیدە نەمرەکان و یادیان بکەن.
ئەم کۆمەڵکوژییە بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریسە. دەوڵەتی تورک بە هێرشەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ، کە ٣ وڵاتپارێزی شۆڕشگێڕی کوردی کۆمەڵکوژکرد، کۆمەڵکوژکردنی کوردەکانی بردە ئەوروپاش. وەک کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیستی ئاکەپە - مەهەپەوە ئەنجامدراوە. ئاکەپە - مەهەپە دوژمنی کوردن و لە هەموو شوێنێک دوژمنایەتیی کورد دەکەن. بەو عەقڵیەتەوە کوردستانیانی ئەوروپاش دەکەنە ئامانج. ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەوڵەتی تورک، دەسەڵاتدارانی ئاکەپە - مەهەپە و میت-ەوە ئەنجامدراوە. ئەگەر دەوڵەتان و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەوروپا بەڵێیان بۆ نەکەن و پشتیوانییان لێ نەکەن دەوڵەتی تورک و میت بە تەنیا ناتوانن ئەو هێرشانە ئەنجام بدەن، ئەمە ڕاستیەکە لە بەرچاوە و هەموو کەسێک دەبێت ئەمە بزانێت. لە شوێنێکی وەک پاریسدا، کە هەموو شوێنێک لەلایەن هەواڵگری و ئاسایشەوە چاودێری دەکرێت، ئەم ڕاستییە لە بارەی ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییەوە دەردەکەوێت.
هەرچەندە ئاشکرایە کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لەلایەن دەوڵەتی تورک و میتەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەوڵەتی فەرەنساوە ڕوون نەکراوەتەوە و ڕاستیەکەی ئاشکرا نەکراوە. ئەنجامدەری کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم لە زینداندا کوژرا و دۆسیەیەکە داخرا. ئەگەر کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم پەردەپۆش نەکرایە و کۆمەڵکوژیەکە ڕوون بکرایاتەوە، ئەوا ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵکوژییە ئەنجام نەدەدرا و ڕێگری لەمجۆرە کۆمەڵکوژیانە دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمە نەکرا و بەردەوامییان دا بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک و میت و ئەمڕۆ کۆمەڵکوژییەکی نوێ ئەنجامدرا. کۆمەڵکوژییەکە لە نزیک شوێنی کۆمەڵکوژیەکەی ٩ی کانوونی دووەم و لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٩ی کانوونی دووەمدا ئەنجامدرا. ئەمە بارودۆخێکی زۆر سەرنجڕاکێشە.
ئەو شەڕە، کە دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە دژی کوردان بەڕێوەی دەبات یەکێک لە پێکانی لە ئەوروپادایە. گوشار و دەستگیرکردنەکانی دوێنێ لە ئەڵمانیا لە دژی دامودەزگا و وڵاتپارێزان و نیشتمانپەروەرانی کورد و کۆمەڵکوژییەکەی ئەمڕۆی پاریس دەریدەخەن، کە دیدێکی نوێ لە دژی کوردان ئامادە کراوە، کە دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە بەسەر ئەوروپادا سەپاندوێتی.
دەوڵەتی فەرەنساش دەڵێت، هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە. ئەگەر ئەو بە ڕاستی پەیوەندیی نییە ئەوا دەبێت ئەو کۆمەڵکوژیانە ڕوون بکاتەوە و ڕاستیەکان ئاشکرا بکات. گرێ ئەم هێرشانە کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ پاریسە، بۆیە دەبێت دەوڵەتی فەرەنسا لەم بارەیەوە، کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم ڕوونبکاتەوە و زانیاریی قەناعەت پێکەر بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بخاتەڕوو. هەروەها دەبێت لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە ڕابوەستێت، کە ئەمڕۆ ئەنجام دراوە و ئەم کۆمەڵکوژییە ڕوونبکاتەوە. نابێت ئەو هەڵوێستانە نیشان بدرێن، کە ئەم کۆمەڵکوژییان سادە و ئاسان، یان تاریک و لێڵ بکەن. ئەگەر دەوڵەت و حکومەتی فەرەنسا بەو شێوەیە نزیک ببنەوە و قورسایی بخاتە سەر ئەوە و ڕاستییەکان ڕوون بکەنەوە، ئەوا ئەو تاوانە لە گۆڕێدا نامێنێت. ئەگەر وەها نەبێت، دەوڵەتی فەرەنسا ناتوانێت لەو تاوانبارییەوە دەربچێت و نە ئێمە و نە گەلی کوردستانیش ناتوانین بەو شێوەیە بیر بکەینەوە، کە دەوڵەتی فەرەنسا بە ئەرێنی و بە متمانە و باوەڕەوە نزیک دەبێتەوە.
ئێمە باش دەزانین، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و کۆلۆنیالیست، لە سایەی ئەو پشتگیرییە، کە دەوڵەتانی ئەوروپا پێشکەشی دەکەن، کۆمەڵکوژیی کوردانی ئەنجامداوە. ئەگەر دەوڵەتانی ئەوروپا تەنیا بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا پەیوەندیی نەبەستن، دەوڵەتی تورک ناتوانێت درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی بۆ جینۆسایدکردن و سڕینەوە و پاکتاوکردنی کورد بدات. ئەو پەیوەندییانەی دەوڵەتانی ئەوروپا، کە تەنیا لەسەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانن، وایان لێدەکات، کە ببنە هاوبەش لە جینۆسایدکردنی کورددا، بەڵام گەلی کوردستان چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناکات. نابێت هیچ دەوڵەتێکی ئەوروپی بەتایبەتی دەوڵەتی فەرەنسا پشتیوانی لە سیاسەتە پاکتاوکارانە و کۆمەڵکوژیەکانی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە بکات، بەڵکو دەبێت لە دژی بوەستیتەوە. ئەو جۆرە هەڵسوکەوت و ڕێبازە پێویستی بە بەها دیموکراتییەکانی ئەوروپاش هەیە. ئەگەر بڕوا بەوە دەکرێت، کە لە ئەوروپادا بەهای دیموکراتیک هەیە، ئەوا نابێت پشتیوانی لە سیاسەتەکانی پاکتاوکردن و قڕکردنی کورد لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە - مەهەپەی دژە - دیموکراتیک بکرێت.
پێویستە گەلی کوردستان و دۆستەکانیان بچنە پاریس و هەڵوێستی دیموکراتیکی خۆیان بە توندی نیشان بدەن. دەبێت هەمووان بچنە پاریس و تا ئەو کۆمەڵکوژیانەی دژ بە کورد ڕوون دەکرێنەوە هەمیشە چالاکی ئەنجام بدەن. دەبێت گەلەکەمان و دۆستانی گەلەکەمان بە شێوەیەکی دیموکراسیانە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکانیان نیشان بدەن و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن. لە بەرامبەر هەوڵی تێکدەرانە و ئاژاوەگیڕانەدا هۆشیار و هەستیار بن و بە ڕێکخستنکراوی بجوڵێنەوە و ڕەفتار بکەن. پێویستە ڕای گشتیی ئەوروپاش هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و لە هەموو ڕوو و لایەکەوە ئەو کۆمەڵکوژیانەی دژ بە کورد ڕوونبکەنەوە و هەوڵ بدەن بە تێکۆشان و خەباتی ڕەوای دیموکراسیانەی گەلی کورد دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە".
ژ.ت