هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە ڕێزەوە یادی ئەڤین (ئەمینە کارا)، میر پەروەر و عەبدوڕەحمان کزل کردەوە و ڕایانگەیاند: "ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپەوە ئەنجامدراوە، کە پشتیوان و بەڕێوبەری داعشە".
هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:
"لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ئەڤین (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە و دوو مرۆڤی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەرمان بە ناوەکانی میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل شەهید بوون. لە کەسایەتی ئەو هەڤاڵە شەهیدانەدا بە ڕێز و پێزانییەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی دەکەینەوە و بەڵێنی سەرکەوتن، کە بە شەهیدەکانمان داوە دووبارە دەکەینەوە. بەخشیوە
هەڤاڵمان ئەڤین لە ساڵی ١٩٨٨ەوە بەشداری ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادی بووە و لەو کاتەوە بۆ ئازادیی گەلی کوردستان تێدەکۆشێت. لە زۆر ناوچە و گۆڕپاندا لە دژی دوژمنی داگیرکەر تێکۆشاو و شەڕی کردووە، هەبوون و ژیانی خۆی بەم تێکۆشانە بەخشیبوو. هاوکات پێشەنگی تێکۆشانی ژنان بوو. لە بەرەپێشبردنی هێڵی ژنانی ئازاد و ئافراندنی هۆشمەندی و وشیاری ژنان و ئیرادەیاندا، هاوکاری و تێکۆشان و ڕەنجێکی زۆر گەورەی پێشکەشکردبوو. ڕەنجێکی زۆری بۆ بە سوپابوونی ژنان دا و ئەرکی زۆر گەورەی جێبەجێ کرد.
لە بەرەوپێشبردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕەنج و هەوڵ و هاوکارییەکی زۆر گەورەی هەڤاڵ ئەڤین هەبوو. بەشداری شەڕی دژ بە داعشی کرد و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی لە تێکشکاندنی داعشدا. نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو خزمەتێکی زۆر گەورەی بە هەموو مرۆڤایەتیش کرد. لەسەر بنەمای هێڵی ژنانی ئازاد لە دژی دڕندەیی و دواکەوتوویی داعش شەڕی کرد و بە کردەوە سەرکەوتنی نیشان دا. وەک ژنێک بووە خاوەنی ئەو شەرەف و شکۆیەە، کە لە دژی دوژمنی ژنان و دواکەوتوویی تێکۆشان و شەڕ بکات، لە دژی داعش شەڕی کرد و داعشی تێکشکاند. بێگومان هەڤاڵ ئەڤین لەسەر بنەمای هۆشمەندیی ئازادیی ژنان، هێز و داوای تێکۆشان لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ، کە پشتبەستووە بە ئازادیی ژنانەوە، بە دلسۆزیی بۆ گەلی کوردستان و خۆشەویستی و باوەڕی بە هێڵی ئازادیی ژنان ئازادیی وەرگرت.
هەڤاڵ ئەڤین لە شەڕی دژ بە داعش دا بریندار بوو و بۆ چارەسەری چووە ئەوروپا. لە ئەوروپا هەم چارەسەری وەردەگرت و هەم درێژەی بە تێکۆشانەکەى دەدا. لەو ساتەوە، کە بەشداری ریزەکانی ئازادیی بوو تاوەکو ساتی شەهید بوونی، هەموو کاتێک لە تێکۆشاندا بوو. گەل و ژنانی کوردستان لە نزیکەوە هەڤاڵی ئەڤین دەناسن، بۆیە دوای ئەوەی شەهیدبوون بە بەهێزی و توندی خاوەندارییان لە تێکۆشانەکەی کرد. گەلی کورد بەرەو پاریس خرۆشان و خاوەندارییان لە هەر سێ شەهیدەکە کرد. ئەم هەڵوێستە زۆر مانادار بوو.
ئاشکرایە ئامانجی سەرەکیی ئەو هێرشە هەڤاڵ ئەڤین بووە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بکوژ و دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە دەیانەوێت بە سەرکوتکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و بە هێرشکردنە سەر پێشەنگەکانی تێکۆشانی ئازادی داعش رزگار بکات و هێڵی داعش سەرلەنوێ زاڵ و باڵادەست بکاتەوە. ڕوون و ئاشکرایە ئاکەپە – مەهەپە خاوەنی هەمان عەقڵییەت و بیرکردنەوەی داعشن، لە پشتیوانیکردنی داعش زیاتر، هەر لە سەرەتاوە داعشیان بەڕێوەدەبرد و ئەوەش لەلایەن هەموانەوە دەزانرێت. لەبەر ئەوەی هەڤاڵ ئەڤینیش لە دژی داعش شەڕی کردبوو و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی لە تێکشکاندنی داعشدا، ئاکەپە - مەهەپە و میت هێرشیان کردە سەری شەهیدیان کرد. گەلی کورد و دۆستەکانیان لەبەر ئەوەی ئەو ڕاستییە دەزانن بە هەستێکی بەهێزی خاوەندارییەوە هەڵسوکەوتیان کرد، بەداخەوە هەڵسوکەوت و نزیکبوونەوەی دەوڵەتی فەرەنسا و دەسەڵاتداران نیگەرانییەکانی ئێمە و گەلەکەمانیان نەڕەواندەوە، دوور لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان ڕاوەستاون. بەداخەوە نزیکبوونەوەی دەوڵەتی فەرەنسا بەوجۆرەیە، کە کۆمەڵکوژییەکە وەک ڕووداوێکی ئاسایی نیشان دەدات و سروشت و ناوەڕۆکی ڕووداوەکە دەشارێتەوە و بە جۆرێک نیشانی دەدات، کە وەک ئەوەی هێرشێکی کەسی ڕووی دابێت.
نابێت خۆی تووشی نزیکایەتی و ڕەفتاری بە ئەنقەست بۆ داپۆشینی ڕاستییەکان بکات و ئەم کوشتارە وەک هێرشێکی شەخسی و ڕەگەزپەرستانە وێنا بکات. هەمان هەڵوێست لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا نیشاندرا و سەرباری ئەوەی دەوڵەتی فەرەنسا دەیزانی ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەوڵەتی تورک و میتەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ڕاستییەکەی دەستنیشان نەکرد. ئەگەر ئێستاش ئەم ڕێبازە بەردەوام بێت ئەوە بە ڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی جینۆسایدکردنی کوردان دەکات، بە مانای پاراستنی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە و داعشە. لەکاتێکدا، کە دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر کەسێک، کە دژی داعش شەڕی کردووە، هەڵوێستی بەو جۆرە هیچ مانایەکی تری نابێت.
پێویستە دەوڵەت و حکومەتی فەرەنسا ئەو دوو کۆمەڵکوژییە لە پاریس بە باشی هەڵبسەنگێنن و ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن. وەک کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەم ئەم کۆمەڵکوژییەش پلان بۆ داڕێژرابووە. بێگومان لە پشت ئەم کۆمەڵکوژییەوە دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە و هێزە هەواڵگرییە جیاوازەکان هەیە، کە پشتگیری لە دەوڵەتی تورک و میت وەردەگرن. ئەوە قبوڵ ناکرێت، کە ئەم دۆخە نەبینرێت، یان ئاشکرا نەکرێت. ئێمە جارێکی تر داوا لە دەوڵەت و حکومەتی فەرەنسا دەکەین، کە ڕێگایەکی ڕاست بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بگرنەبەر. ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەوە ئەنجامدراوە، کە پشتیوان و بەڕێوەبەری داعشە. دەبێت بە هەموو شێوەیەک ڕاستییەکان دیاری و ئاشکرا بکرێن.
گەلی کورد و دۆستانیان بە توندی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییە دەربڕی و هەڵوێستێکی ڕاستیان دەربڕی، بەڵام پێویستە ئەو چالاکییانە دوور بێت لە توندوتیژی و نابێت ڕێگە بە وروژاندن، یان کاری تێکدەرانە بدرێت. پێویستە گەل و دۆستانمان بە هەستیارییەکی زۆرەوە ناڕەزایەتیی خۆیان لەسەر بنەمای دیموکراسییانە نیشان بدەن".
ژ.ت