کەجەکە قۆناغی وەستاندنی چالاکییەکانی کۆتایی پێهێنا

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، قۆناغی راگرتنی چالاکیەکانیان کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات رایانگەیاندبوو و لە ماوەی هەڵبژاردنیشدا درێژیان کردبووە، بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە کۆتایی پێهێناوە.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بارەی هێرشەکانی پاکتاو و سڕینەوە لە سەر بزوتنەوە و گەلی کورد راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە:

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"وەک دەزانرێت لە ٦ی شوباتی ٢٠٢٣دا لە ئەلبیستان و بازارجخ دوو بومەلەرزەی بەهێز روویاندا. دوای ئەوەی زانیمان لێکەوتەکانی بومەلەرزەکە زۆر دژوارن، وەک بزوتنەوە بەرپەرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان بە جێگەیاند و بڕیارمان دابوو تا ئەو دۆخە دژوارە مرۆییە کۆتایی دێت، چالاکییەکانمان رابگرین، ئێمە ئەو بڕیارەمان بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە. داوامان لە سەرجەم هێزەکانمان، هەروەها هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی لە دەرەوەی خۆمان کردبوو کە لەبەر هەمان هۆکار بەتایبەتی لە شارەکان چالاکی نەکەن. هێزەکانی پاراستنی گەلمان لەو چوارچێوەدا راگەیەندراویان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، کە ئەوان چالاکییەکانیان رادەگرن، لەم قۆناغەدا جگە لە خۆپاراستن لە بەرامبەر هێرشەکان ئەوان چالاکی ئەنجام نادەن. هەپەگە و یەکینە سەربازییەکانمان سەرجەمیان بە گوێرەی ئەو بڕیارەی بزوتنەوەکەمان جوڵانەوە.

لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەری دژواری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست نەرەخشێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری راگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. بێگومان وەک بزوتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەربۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پرۆسەی سیاسی.

بە دڵنیاییەوە گەلەکەمان، وڵاتپارێزان، رێکخراوە کوردییە دیموکراتیکە دۆستەکان، زۆر کەسایەتی، هێزی دیموکراسی لە تورکیا، زۆر هێز و دامەزراوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمی و رای گشتیی دیموکراتیک ئەو بریارەی ئێمەیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و پشتیوانیان لێکرد. بەڵام دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هێرشەکانی خۆیان بەمەبەستی داگیرکردن، پاکتاو و کۆمەڵکوژرکردن زیاتر کرد و ئەو بڕیارەی ئێمەیان لەباربرد. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لەو ماوەیەدا هەرگیز هێرشەکانیان رانەگرت، هێرشیان کردە سەر گۆڕەپانەکانی گەریا، چەکی قەدەغەیان بەکارهێنا. جگە لە گۆڕەپانەکانی گەریلاش هێرش و کۆمەڵکوژیشی لەسەر کوردان لە باشوور، شەنگال، مەخمور و رۆژئاوا درێژە پێدا. لە تورکیا و باکوری کوردستانیش هێرشەکانی بۆ سەر گەل و سیاسەتی دیموکراتیک زیاتر کرد. گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی دژوار بەردەوامبوو. بە کورتی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لە چوارچێوەی کۆنسێپتی پاکتاو و کۆمەڵکوژیدا هێرشەکانی بۆ سەر بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان زیاتر کرد و گۆشەگیر لە سەر رێبەر ئاپۆی زیاتر قورس کرد. گەریلا لەو ماوەدا سەرباری هێرشە زۆرەکانی سوپای تورکیش بە گوێرەی بڕیاری بزوتنەوەکەمان جوڵایەوە، بەڵام هێرشەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە ئەو بڕیارەی ئێمەی بێ واتا کرد. لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئێمە کە بە واتای پاڵپشتییە لە پرۆسەی سیاسی، ویژدانی و مرۆیی، ئۆپۆزسیۆن لە تورکیاش مامەڵەیەکی بەو جۆرەی نەنواند کە وەڵامی هەڵوێستەکەمان بداتەوە، بەردەوامبوو لە سەر مامەڵەی نەتەوەپەرستانە و بەرتەسکی خۆی و جیاوازییەکی لە نێوان خۆی و دەسەڵات نیشان نەدا.

بە گوێرەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی، هەروەها بۆ رێگریی لە ئاژاوەگێڕیی لە کاتی هەڵبژاردندا، بە مەبەستی بەهێزکردنی بواری کایەی سیاسی ئێمە ئەو بڕیارەمان دابوو. بەڵام سەرباری ئەو بڕیارەش زیاتر لە چوار مانگە هێرش و کۆمەڵکوژی لەسەر هێزەکانمان و گەلەکەمان زیاتر بوون و درێژەیان پێدرا، گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ زیاتر دژوارکرا. لە سلێمانی بە شەهیدکردنی هاوڕێمان باران ئاڤرێل (حسێن ئاراسان) ئاشکرا بوو کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بزوتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە. پێویستە کە لە دژی ئەو شەپۆلەی هێرشی فاشیستی لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بوەشێندرێت. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە رایدەگەیەنین لەمرۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین.

ئیتر هەموو کەسێک بە شێوەی باشتر ئەوەی بینی کە تا فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتەئاراوە. لەسەر بنەمای ئەو راستیە بانگەواز ئاراستەی گەلەکەمان، هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان و هەمووان دەکەین کە لە دژی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست زیاتر گوڕ بە تێکۆشان بدەن".

هـ . ب