کەمانگەر: گەلانی ئێران بە یەکگرتوویی دەتوانن داهاتووی خۆیان دیاری بکەن

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی کەژار، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئێران وتی: "گەلانی ئێران، ناچن مۆر بۆ هەمان ئەو دەسەڵاتە بکەن، کە دەستی بەخوێنی ژنان و جەوانانی گەل سورە."

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات (کەژار) لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دوواییەی ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی: " لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئێراندا، خەڵکی بە ئاگا و هۆشیاری گەلانی ئێران وەڵامێکی تەواویان بە حاکمیەتی ئێران دا، کە ناچن و مۆر بۆ بەردەوامی ئەو دەسەڵاتە ناکەن کە دەستی بە خوێنی جەوانان و ژنانی ئێران سورە، خەڵک بوون کە دەسەڵاتیان خستە بەردەم ئەو پرسیارەی کە دەستکەوتی تۆ بۆ خزمەتی گەل چی بووە؟ جگە لە لەسێدارەدان و سەرکوتکردن و زیندانی کردن و برسی کردن، کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی وشیارە، ئەوان بەو ئەزمونەی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەیانبوو، جارێکی تر نەچوون و دەنگیان بە هەمان دەسەڵات نەدایەوە."

هەر لە بارەی ئەو بایکۆتانە و ئەو ڕێکارانەشی کە جمهوری ئیسلامی ئێران گرتییە بەر بۆ ئەوەی کە خەڵک بەشداربن لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆزەرین کەمانگەر وتی: "حاکمییەتی ئێران گەلێک ڕێباز و ڕێوشوێنی بەکارهێنا بۆ بەشداربوونی گەل، سیاسەتی بەزۆر، میدیا و ڕیکلامی ساختە بۆ ڕێژەی بەشداربوون، سیاسەتی نەرمی نواندن لەگەڵ خەڵک، بەڵام خەڵکی ئێران هەمیشە لە کاتە گرنگەکاندا هەڵوێستی ڕوون و کاریگەری هەبووە، ئەمجارەش لەبارمەبر ئەو حاکمییەتەدا بەهەمان جۆر هەڵوێستێکی تەواو ڕوون و بەرزییان نواند، ڕەنگە ڕێژەیەکی کەم لە خەڵک چوبن، بەڵام زۆرنییە و جێی باس نییە".

هاوکات بانگەوازی حزب و لایەنەکانیشی لەوانە پەژاک بۆ بایکۆتی پرۆسەکە بەبیرهێنایەوە، کە رۆڵی لەوەدا هەبووە کە کەمترین رێژەی دەنگدەران بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا بکەن.

 هەروەها ڕۆزەرین کەمانگەر ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی ئێستا دەتوانێ باروودۆخی ئێران پشانی جیهان بدات گەلانی ئێرانن نەک حاکمییەتی ئێران، هەر لەم بارەیەوە وتیشی: "گەلانی ئێران بەو کۆدەنگی و لەپشتوەستانەی یەکتری، دەتوانن خۆیان دەسەڵات دابڕێژنەوە و سیاسەت بکەن و داهاتووی خۆیان بنیاد بنێن، دەبێت هەر لەسەر ئەم ڕێگایەی خۆیان بەردەوام بن و هەمان هەڵوێستییان هەبێت، بەم جۆرە دەتوانن سەرکەوتووبن."

هـ . ب