کۆمەڵکوژی پاریس لە مەخمور شەرمەزارکرا

لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی پاریس رێپێوان ئەنجامدرا و داوا لە حکومەتی فەڕەنساکرا کە بە زووترین کات راستی پشت هێرشەکە ئاشکرا بکرێت.

دوێنێ لە ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە گەڕەکی ساینت دەنیسی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا. هێرشبەرەکە هەروەها تەقەی لە رێستۆرانێکی کوردان و ئارایشگایەک کرد. لە هێرشەکەدا ئەڤین (ئەمینە کارا) یەکێک لە پێشەنگەکانی تەڤگەری ژنانی کورد، میر پەروەر ئەندامی بزوتنەوەی کەلتوری و عەبدوڵلا کزڵ شەهید بون.

لەدژی کۆمەڵکوژیەکە دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جوودی (مەخمور) رێپێوانێکیان ئەنجامدا.

رێپێوانەکە لەبەردەم دەزگای خانەوادەی شەهیدان دەستی پێکرد و تاوەکو بەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بوو.

لە رێپێوانەکەدا ئاڵاکانی 'پەکەکە، هەپەگە، یەژەئاستار و کەجەکە' بەرز کرانەوە. هەروەها دروشمی 'شەهید نامرن' ، ' بێ سەرۆک نابیت' و ' بمرێت فاشیزم' بەرزکرانەوە.

لەبەردەم ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، خولەکێک ریز لە هەموو شەهیدانی شۆڕشی ئازادی گیرا و دواتر راگەیەندراوێک لەلایەن یوسف کارا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەزمور خوێندرایەوە.

یوسف کارا لە سەرەتای قسەکانیدا، ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی پاریس کرد و وتی، " دەوڵەتانی داگیرکر بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەم کۆمەڵکوژیانە لە بەرامبەر گەلی کورد و منداڵانی کورد ئەنجام دەدەن. پێویستە گەلی کورد ئەم هێرشانە بە باشی لێکۆلینەوە بکات بۆ ئەوەی بزانێت کە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بۆ ئێمە دیموکراسی ناهێنن. ئێمە وەک گەلی کەمپی مەخمور داوا لە رای گشی کوردستان دەکەین کە لە دەوری شەهیدانی ئازادی وەک (ئەڤین) کۆببنەوە. ئەگەر ئێمە شایەنی ئەو شەهیدانە بین پێویستە خاوەنداری لە دۆزی شەهیدان بکەین. تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە دەکەینەوە."

رێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشمی 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'، ' ژن ژیان ئازادی' و ' شەهید نامردن' کۆتایی هات.

ف.ق