کەمپەینێکی گەورەی رۆشنبیران بۆ ئازادیی عەبدوڵلا ئۆجەلان رادەگەیەنرێت

لەمیانەی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلاندا، کەمپەینێکی گەورەی رۆشنبیرانی کورد بۆ ئازادیی رێبەر و بیرمەند عەبدوڵلا ئۆجەلان رادەگەینرێت.

لەم کەمپینەدا کە وا چاوەڕوان دەکرێت لەم رۆژانەدا رابگەیەنرێت سەدان رۆشنبیری کورد، هەر لە مامۆستای زانکۆ، ئاکادیمیسیێن، هونەرمەند، نووسەر، رۆژنامەوان و چالاکوانی کورد بەشداری تێدا کردووە و داوای دەستبەجێی ئازادیی جەستەیی رێبەر و بیرمەند عەبدوڵلا ئۆجەلان دەکەن، کە دەبێتە کلیلی چارەسەریی پرسی کورد و مایەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی لە کوردستان و تورکیا و خۆرهەڵاتی ناوین.

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) راگەیاند، ماوەیەکە دەستمان بەم کەمپینە کردووە و سەدان کەسێتی رۆشنبیریی کورد لە باشووری کوردستاندا بەشدارییان لەم کەمپینەدا کردووە و وا بڕیارە لەم رۆژانەدا رایبگەیەنین.

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجەلان، لە ماوەی رابردوودا چەندین کەمپینی دیکەی هاوشێوەی راگەیاندووە و لەهەوڵی ئەوەدان رۆشنبیرانی کورد و رای گشتی لە دۆخی گۆشەگیریی بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵیدا ئاگادار بکەنەوە و فشار بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا و ئەو دەوڵەتانە بهێنن کە بەشدارییان لە پیلانگێڕیی نێودەولەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا کردووە و ئێستاش سیستەمێکی ئەشکەنجە و گۆشەگیرییان بەسەر بەڕێز ئۆجەلاندا سەپاندووە، تا دەستبەجێ بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکەن.

ف.ق