کۆمسیۆنەکانی باشووری کەجەدەکەی ئەوروپا: نابێت سەرکوت و ئیرهاب لە دەسەڵاتی پەدەکە قبوڵ بکرێت

کۆمسیۆنەکانی باشووری کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد – ئەوروپا (کەجەدەکە - ئەوروپا) راگەیاندراوێکی لەبارەى دۆخی باشوور و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە بڵاوکردەوە.

کۆمسیۆنەکانی باشووری کەجەدەکەی ئەوروپا رایگەیاند، لە کاتێکدا چاوەڕێ بوون خۆپیشاندەران و چالاکوانانی دژ بە داگیرکەریی سوپای تورک لە باشوور ئازاد بکرێن، بەڵام دەسەڵاتی باشووری کوردستان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵیکوتایە سەر ماڵی رۆژنامەنووس شیروان شێروانی و دەستگیریان کرد.

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆمسیۆنەکانی باشووری کەجەدەکەی ئەوروپا

نابێ سەرکوت و ئیرهاب لە دەسەڵاتی ( پ.د.ک) قبوڵ بکرێ

دۆخی هەرێمی کوردستان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ بەرەو هه‌ڵدێر ملدەنێ، باری ئابوری و بژێوی خەڵک ته‌واو ڕوله‌ خراپیه‌، گەندەڵی و دزی لەباسکردندا نەماوە و بوونەتە بەشێکی سروشتی ڕوخساری دەسەڵات. هه‌تا دەرفەتیش بڕه‌خسێنن بۆ ئەوەی تەواوی دامودەزگا خزمەتگوزاری و پەروەردەیی و ته‌ندروستیەکانی کۆمەڵگاش بکەنە موڵکی تاکە کەسی و به‌رکوڵ بۆ چاوچنۆکی سەرمایەداران، هه‌روه‌ها له‌ کەرتی گشتی خزمەتگوزاری حوکمیەوە بیانگۆڕن بۆ کەرتی تایبەتی و سه‌رچاوه‌ی قازانج و موڵکی به‌رپرسان و کۆمپانیاکانیان، ده‌یان پلانی وێرانکردن و داڕوخاندنی ئه‌و که‌رتانه‌یان داڕشتووه‌ و پیاده‌یان ده‌که‌ن! ئەمەو دەیان کێشەی تری قوڵ هۆکارگه‌لێکن، که‌ خەڵک چیتر توانای ژیانکردنی نەمێنێت.

شەڕو و داگیرکاری و چاوساغی بۆ دەوڵەتی تورکیاش یەکێکی تری ئەو کارە ناڕەوایانەی دەسەڵاتی هەرێمه‌ و بەتایبەتیش (پارتی دیموکراتی کوردستان)ە، کە بەرامبەر ئازادیخوازانی کوردو ته‌ڤگەری ئازادی گەریلا و کوردی ئازاد بەڕێوەیان دەبات. هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکار، کە ئیتر خەڵک بێدەنگ نەبن و هاواریان بڵند بێت، بە ئیرادەی ئازاد و دەنگی زوڵاڵ بڵێن؛ نا بۆ ئەم هەموو کارە قێزەونەی دەسەڵات، نا بۆ ئەم حوکمڕانیە گەندەڵ و مافیایی و بەکرێگیراویەتان.

لەبەرامبەردا دەسەڵاتی هەرێم ، ڕاستتر؛ پارتی دیموکرات لەبری گوێ لە داوای خەڵک و چالاکوانی مەدەنی و سیاسی بگرێ، میتۆدی تروس و تۆقاندن و ئیرهاب و سەرکوتکردن بەکارده‌هێنێت.

پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە چەند هەفتەی پێشوو کۆمەڵێکی زۆر چالاکوانی مەدەنی و سیاسیان لە ناوچەکانی بادینان و هەولێر دەستگیر کرد. تەنها هۆکاریش بۆ ئەو ڕەشبگیریه‌ ئەوەیە، ئەم چالاکوانانە داوای مافی زەوتکراوی گەل و خەڵکی خۆیان کردبوو، بەشداری خۆپشاندانیان کردبوو و دەنگیان لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکی فاشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ماڵ و ژیانی خەڵک و بۆمباران و کۆمەڵکوژی بڵند کردبوو! بەڵام لەبەرامبەردا سەرانی پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بەعس ئاسا ئیرهاب و ڕەشبگیریان به‌رپاکرد.

هاونیشتمانیانی ئازادیخواز لە تاراوگە

لەکاتێکدا ئێمە چاوەڕوانبووین کە تەواوی زیندانە سیاسیەکان ئازاد بکرێن، بەداخەوە وەک ئاگادارن رۆژی ٧/١٠/٢٠٢٠ وەک پیشەی هەمیشەیی دەزگا سەرکوتەکانی پارتی و حکومەتەکەی هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی چالاکوانی مەدەنی و سیاسی (شێروان شێروانی)و بەشێوەیەکی ترسناک و تۆقێنەر دەستگیریان کردوە، ماڵەکەیان تەواو پشکنیوە و چەندین که‌لوپه‌لی تایبەتی ئه‌ویان له‌گه‌ڵ خۆ بردوه‌ و ڕەوشێکی دەرونی ترسناکیان بۆ مناڵ و خێزانەکەی ئه‌ویش دروست کردوە.

ئێمە وەک کۆمسیونەکانی باشوری کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد لە ئەوروپا ڕایدەگەیەنین؛ وەک چۆن لە ماوەی پێشوو لەڕێی کاری دبلۆماسی و ناڕەزایەتی سەر شەقام و بەردەم سەفارەتەکانی عێراق بێدەنگ نەبووین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی ئازادیخوازو گروپ و لایەنی سیاسی هه‌ماهه‌نگ بووین، هه‌روه‌ها ئەو ئیرهاب و سەرکووتکردن و تۆقاندنانەی سەرانی پارتی دیموکرات و حکومەتەکەیانمان شەرمەزارو ئیدانە کردوە. ئێستاش بە هەمان شێوە لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامی بە خەباتی خۆمان دەدەین و بەزوترین کات کار بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی و سەرجەم زیندانیانی تر بەگڕوتینه‌وه‌ دەکەین.

بانگەواز لە هەموو لایەنی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی و کلتوری و کەسایەتی وسەرجەم کوردانی ئازادیخواز دەکەین، که‌ لە دەرەوەی وڵاتن، ئیتر بێدەنگ نەبن و با هەموو پێکەوە دەست لەناو دەست چالاکی و ناڕەزایەتیەکانمان فراوان بکەینەوە و تەواوی ڕای گشتی و خەڵکی ئازادیخواز لەم کارە دژە ئازادی و نامرۆڤانەی پارتی و حکومەتەکەی بێنینە دەنگ ، تا فشارەکان بەهێزتر بکەین.

ژ.ت