کۆمەڵەی کۆمۆنیست پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی شەرمەزارکرد

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران پەسەندنکردنی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی شەرمەزار کرد و داوای لە سەرجەم حزب، ڕێکخراو و لایەنە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکان کرد دژی ئەو سزایە هەوڵەکانیان بخەنەکار.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا هاتووە: "پەخشان عەزیزی ژنێکی تێکۆشەرە کە بەشێک لە ژیان و چالاکییەکانی لە ڕۆژئاوا لە پێناو یارمەتی خەڵکی ستەملێکراوی ئەو ناوچەیە و لە دژی چەتەکانی داعش بەسەر بردووە. پەخشان عەزیزی چەندین مانگە لە زیندانەکانی ڕژیمدا لە ژێر ئەشکەنجەدانێکی قورسدا بووە و لەبەرامبەر تۆمەتە هەڵبەستراوەکان بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکات. گەلانی کوردستان و ئێران خەبات و تێکۆشانی پەخشان عەزیزی لە پێناو مافەکانی ژناندا بەرز دەنرخێنن و ڕێزی لێدەگرن. لە ڕوانگەی گەلی کوردەوە ناوبراو قارەمان و تێکۆشەرێکی پێشەنگ بووە کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە مرۆییەکانیدا تەنانەت سنوورەکانی ئێرانیشی تێپەڕاندووە.

ڕژیمی ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا سزای لەسێدارەدان لەدژی پەخشان عەزیزی پەسەندکردووە، کە بەهۆی خەبات و خۆڕاگری جەماوەریی کرێکاران، خانەنشینان، ژنانی ئازادیخواز و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا ڕووبەڕووی قەیرانێکی جددی بووەتەوە. بۆیە ڕژێم پێی وایە کە بەمجۆرە هەوڵە نامرۆڤانانەیە دەتوانێت مەترسی داڕمان و ڕووخان لە خۆی دوور بخاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا چیتر سیاسەتی ترس، تۆقاندن و دەرکردنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، نەک هەر کۆمەڵگا چاوترسێن ناکات بەڵکوو ئاگری ڕق و تووڕەیی پەرە پێدەدات.

ڕێژیم بە سەپاندنی سیستماتیکی ستەمی نەتەوەیی بەسەر گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا، دەیەوێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، دەسەڵاتێکی ڕەوا نییە و هەوڵی سەپاندنی لەسێدارەدانی نیشانەی داماوی و سەرلێشێواوی ئەم دەسەڵاتەیە و لەڕاستیدا بە دەستی خۆی، دەرفەتەکانی لەناوچوونی خۆی پێک دەهێنێ.

ئێمە، دووپاتی دەکەینەوە ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە سەرجەم حیزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان دەکەین کە لە بەرامبەر سەپاندنی سزای کۆنەپەرستانەی لەسێدارەدان بۆ چالاکانی سیاسیی، لەوانە پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، بێهروز ئێحسانی، مێهدی حەسەنی، موجاهد کورکور، عەباس دریس، مێهراب عەبدوڵازادە و زیندانیانی تری مەحکووم بە ئێعدام، بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن لە دژی دەسەڵاتداری ئیسلامی و جێبەجێکردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە و لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان بەتایبەت بۆ پەخشان عەزیزی کە لە سەروبەندی لەسێدارەداندایە و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، هەموو هەوڵەکانیان بەکار بهێنن.

جێی ئاماژەیە کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران له راگەیەندراوێکی جیادا که له لایەن کۆمیتەی دەرەوەی ئەو حزبەوە بڵاوکرابووەوە، بۆ ڕێگری له سزای سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشه مورادی بانگەوازیەکی بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەینێکی سەرانسەری راگەیاندبوو.