پەیامەکە بەم شێوەیەیە:-
"سڵاو و ڕێز بۆ هەڤاڵ و ژنانی تێکۆشەری کورد
بە نوێنەرایەتی کۆنترین ڕێکخستنی سیاسی ژنانی ئەفغانستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان ڕاوا RAWA سوپاسی هەموو تێکۆشەرانی کورد و ژنانی کورد دەکەم کە خەڵاتێکی زۆر بە نرخ و بە ئیعتباری ساکینە جانسز دەکەنە دیاری بۆ خوشکانی ئەفغانییان. بێگومان ساکینە جانسز و هەموو هەڤاڵانیی، بە زانایی ، فیداکاری و قارەمانێتیان نمونە و مۆدێلن بۆ ئێمەی ژنان. نمونەن بۆ هەموو ژنان کە لە هەموو دەڤەرێکی جیهان لە پێناوی ئازادی و یەکسانی دا تێدەکۆشن. بێگومان نمونەیەکی زۆر بەنرخن بۆ ژنانی ئەفغانستان کە شەو و ڕۆژ لە هەلومەرجی سەخت و دۆزەخئاسا دا دەژین.
دوای ١٥ ئابی ٢٠٢١ و هاتنی دەسەڵاتدارێتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ژنانی ئەفغانستان لە دۆخێکی زۆر سەخت دا دەژین کە لەوانەیە لە زۆر کەم جێی جیهان ژنان لەو دۆخەدا بژین. بۆ نمونە، لە مافی سەرەتایی و مرۆیی بێبەشن. کچە گەنجێکی ئەفغانی ئیتر مافی چوونە خوێندنگەیان نەماوە و لە ماڵ دا ماونەتەوە. هەموو ژنان لە ئۆرگاکانی دەوڵەت یان کەرتی تایبەت دا و سەرقاڵی کاری جیاواز بوون و پۆستی دەوڵەت و نادەوڵەتی دا کاریان دەکرد، بێبەش بوون و ڕەوانەی ماڵەوە کراون. زانکۆ بە ڕووی زۆربەی گەنجانی ئەفغانستان چ کوڕ و چ کچ داخران و نەوەیەک لە گەنجانی ئەفغانستان دەرفەتی خوێندنیان بۆ نەهێڵراوە و وەک ئەوەی لە زیندان دا دەژین.
ئازادی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی زۆر سنوردار بووە. مەخابن ئەفغانستان هەر وڵاتێک بوو کە ئازادی ڕاگەیاندن، دەربڕین و چالاکی سیاسی نەبوو بەڵام بە هاتنی دەسەڵاتدارێتی تاڵیبان زۆربەی ڕاگەیاندنە بینراو، بیستراو و چاپەمەنیەکان داخران. چالاکڤان، ڕۆژنامەوان و کەسانی خاوەن هزری جیاواز ڕۆژانە لە ترس دا دەژین و زۆربەیان بەهۆی دۆخی جددی ئاسایشییەوە، ناچاربوون وڵات بەجێبێڵن. هەروەها ئەو هەژارییەی لەم چەند مانگەی ڕابردوو ڕووبەڕووی خەڵک بۆتەوە، دۆخێکی زۆر پەرێشانییە. بە تایبەت ئەو ژنانەی هاوژین و کەسی خۆیان لە ئەنجامی شەڕ و بۆردومانەوە لەدەستداوە نازانن چۆن و بە چ ڕێیەک پاروویەک نان بۆ منداڵەکانیان پەیدا بکەن. زۆربەی خەڵکی ئەفغانستان خاوەن هەر کار و پیشەیەکن، ئیتر مافی کارکردنیان نەماوە و زەمین و دەرفەتی کارکردنیش نەماوە. ئەفغانستان گەورەترین قەیرانی ئابوریی مێژووی خۆی، دەژی. مەخابن دیارە دەرکەوتن لەو قەیرانە ئابورییە و دەرفەتی دەرکەوتنیشی نیە. لە لایەک شەو و ڕۆژ گەل ژیان لە هەژاری و بێچارەیی و نائاسایشی دا دەگوزەرێنێ، لە لایەکی تر تاڵیبان هەموو ڕۆژێک گوشاری زیاتر بۆ خەڵک دێنێ. بۆ نمونە لە دوایین یاسای تاڵیبان دا ژن مافیان نیە بە تەنیا هاتوچۆ بکەن و دەبێ یەک لە پیاوانی مەحرەمیان لەگەڵ بێ. بەشداری لە نوێژی جەماعەت ئیجبارییە. واتە دەبێ هەموو کەسێک لە مزگەوت و جێگە مەزهەبییەکان ئامادە بێ و ئەگەر ئامادە نەبێ دەبێ پارە وەک سزا بدات. بە خەڵک گوتراوە گوێگرتن لە مۆسیقا، لێدانی مۆسیقا و هەموو جۆرە مەراسیمێکی کەیف و شادی وەک هاوسەرگیری و ساڵرۆژی بۆنەکان قەدەغە و حەرامە. زۆر یاسای تر تەنیا لە کۆمەڵگەکانی سەردەمی ناوین و هزری کۆنەپەرستی هێزێکی وەک تاڵیبان دەوەشێتەوە و بەس. بەڵام شتێکی باش ئەوەیە وێرای هاتنی دووەمین جاری دەسەڵاتدارێتی تاڵیبان، ژنانی ئەفغانستان وەک بیست ساڵ لەمەوبەر نین. ژنانی ئەفغانستان زاناترن و بۆ هەموو جۆرە فیداکارییەک ئامادەن کە دەنگی خۆیان لە دژی تاڵیبان بەرز بکەنەوە. ژنانی ئەفغانستان گەیشتوونەتە ئەو زانایی و وشیارییەی هیچ هێزێکی دەرەوە و هیچ هێزێکی ئیمپریالیستی وەک ئیمپریالیزمی ئەمەریکی و ناتۆ کە ڕێک ١٥ ساڵ ئەفغانستانیان لە دەستدا بوو و خاک و خوێنیان تێکەڵ بەیەک کرد، هەرگیز ناتوانن ئازادی و خۆشحاڵی بۆ وڵاتەکەی ئێمە بێنن. ژنانی ئەفغانستان گەیشتۆتە ئەو زاناییەی تەنیا و تەنیا بە تێکۆشان و هەوڵدان و بێ ترس دەبێ دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و تێکۆشانیان لە دژی کۆنەپەرستی بەهێزتر بکەن.
ڕاوا RAWA جارێکی تر تێکۆشەرانی کورد بۆ دانی خەڵاتی ساکینە جانسز سوپاس دەکات و لە یادی ناچێت کە لە دۆخێکدا هەموو جیهان ئەفغانستان و ژنانی ئەفغانستانی لە یاد کردووە، جارێکی تر ئێوە پاڵپشتمانن و ئاڵای تێکۆشانمان لە بەرامبەر پیاوسالاری و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی وەک ئەمەریکا هەڵگرتووە. هیوارام شان بە شانی یەک، یەک دەنگ و یەک دەست لەگەل ئێوە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ڕزگاری مرۆڤ لە هەموو کۆتبەندێکی داگیرکاری و دکتاتۆری درێژە بە تێکۆشان بدەین.
بژی یەکێتی هەموو ژنانی تێکۆشەری جیهان"
ف.ق