کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا هەردوو فیلمی 'ژ بۆ ئازادی و وەرزی تووتڕک'-ی لە فیستیڤالی سلێمانی کشاندەوە

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر قەدەغەی نمایشکردنی فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، بریاریدا هەردوو فیلمەکەیان کە بریتین لە ‘وەرزی تووتڕک’ و ‘ژ بۆ ئازادیی’ بەفەرمیی لە فێستیڤاڵەکە بکشێننەوە، دەشڵێن:

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی لەبارەی قەدەغەی نمایشکردنی فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بڵاوکردەوە، کە شەوی ڕابردوو چەند کاتژمێرێک بەر لەوادەی نمایشکردنی فیلمەکە، بڕیاری قەدەغەکردنی درا.

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا دەڵێت: نە هیچ پاساوێکی ڕاست لەسەر ئەو قەدەغەکردنە بەئێمە درا، نە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەش هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕاستیی و پەرەسەندنەکانی ئەو بابەتە بڵاوبکرێنەوە.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەردوو فیلمی ‘ژ بۆ ئازادی’ و ‘وەرزی تووتڕک’ لەسەر داوای ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەشداریی پێکراوە لە فێستیڤاڵەکەدا، لە مانگی ١٠ی ئەمساڵەوە ئێمە لە کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا و ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە پەیوەندیدابووین، ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی ئاگایان لەوە هەبوو پێشتر فیلمەکە لە سلێمانی نمایشکردنی قەدەغەکراوە، ئەمەش لە کۆبوونەوەکانماندا باسکراون.

کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەخنە لە هەڵوێستی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەگرێت و باسلەوە دەکات، کە چەند کاتژمێرێک بەر لە وادەی نمایشکردنی فیلمەکە بڕیاری قەدەغەکردنیانداوە، “بەبێ ئەوەی هیچ زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشە بڕەخسێندرێت”.

هاوکات بڕیاریشیانداوە هەردوو فیلمی ‘وەرزی تووتڕک’ و ‘ژ بۆ ئازادیی’ لە مەراسیمەکەدا بکشێننەوە و داواش لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیی دەکەن، بەفەرمیی هۆکاری قەدەغەکردنی ئەو فیلمە بۆ ڕایگشتیی و هونەرمەندان و میوانانی فێستیڤاڵەکە ڕوونبکاتەوە.

بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر قەدەغەکردنی نمایشی فیلمی ‘ژ بۆ ئازادیی’؛

ڕاگرتنی نمایشی فیلەمەکە چەند کاتژمێرێک بەر لە نمایشکردنی فیلمەکە بڕیاری لەسەردرا، نە هیچ پاساوێکی ڕاست لەسەر ئەو قەدەغەکردنە بەئێمە درا، نە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەش هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕاستیی و پەرەسەندنەکانی ئەو بابەتە بڵاوبکرێنەوە.

ئێمە لە ساڵی ٢٠١٩ کاری بەرهەمهێنانی فیلمەکەمان کۆتایی پێهێناوە، هەمان ساڵ لە یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە کالکۆت نمایشکراوە، بۆ نمایشیکردنی یەکەمیشی لە کوردستان سلێمانی و ڕمێلانمان هەڵبژارد، بڕیاربوو شەوی ٣١ی ١٢ی ٢٠١٩ لە سلێمانی نمایشبکرێت، بەڵام لەلایەن پارێزگار و ئاسایشی سلێمانییەوە نمایشکردنی فیلمەکە قەدەغەکرا.

تا ئێستا لە ٢٠ فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمەکە نمایشکراوە، جگەلەوەی لە نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان نمایشکراوە، بەتایبەت لە ژاپۆن، بەرازیل، تایوان و ئیسپانیا و چەندین وڵاتی دیکە نمایشکراوە و لە هەندێک لە فێستیڤاڵەکانیشدا خەڵاتی وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ فشار و قەدەغەکردنێک ببێتەوە.

هەردوو فیلمی ‘ژ بۆ ئازادی’ و ‘وەرزی تووتڕک’ لەسەر داوای ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەشداریی پێکراوە لە فێستیڤاڵەکەدا، لە مانگی ١٠ی ئەمساڵەوە ئێمە لە کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوا و ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە پەیوەندیدابووین، لەسەر داوای ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە داوایان کرد هەرسێ فیلمی ‘ژ بۆ ئازادی’ لە دەرهێنانی ئەرسین چەلیک، ‘وەرزی تووتڕک’ لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر و دۆکیۆمێنتاری ‘عەشق لە قڕکردندا’ لە دەرهێنانی شێرۆ هندی بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن و ئێمەش قبوڵمانکرد و بەوشێوەیەک کەوتنە بەرنامەی فێستیڤاڵەکەوە.

ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی ئاگایان لەوە هەبوو پێشتر فیلمەکە لە سلێمانی نمایشکردنی قەدەغەکراوە، ئەمەش لە کۆبوونەوەکانماندا باسکراون، بەڵام ئەوەشمان پێ وتوون کە فیلمەکە لە عێراق بۆ خەڵک نمایش نەکراوە و هەتا بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەش دەکات نمایش ناکرێت، ئەوەش بەپێی مەرجەکانی فێستیڤاڵەکە.

پاساوی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بۆ نمایشنەکردنی فیلمەکە ئەوەبووە، کە ئەو فیلمە ساڵی ٢٠١٩ بەرهەمهاتووە، لەبەر ئەوە بڕیاریاندا فیلمەکە لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە دەربهێنن، دواتریش وتیان کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانین نمایشی بکەین.

هەڵبەت ڕاستیی هۆکارەکەی ئەوە نییە، ئەگەر ئەمە ڕاستەوخۆش نەوترابێت، بەڵام لە ساتی یەکەمەوە لێی تێگەیشتین، چونکە وەک لە سەرەوەش ئاماژەمان پێداوە؛

یەکەم: ئێمە داوامان نەکردووە فیلمەکە بکەوێتە فێستیڤاڵەکەوە، بەڵکو ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە خۆیان داوایان کردووە فیلمەکە بەشداریی بکات.

دووەم: ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە دەزانن کە فیلمەکە لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لە سلێمانی قەدەغەکراوە، بۆیە چۆن دەبێت فیلمەکە ساڵێک دوای ئەوەی قەدەغەکراوە نمایش بکرێت، بەرهەمهاتبێت!

سێیەم: بەشدارییکردنی فیلمەکان لەسەر پلاتفۆرمی “filmfreeway” دەبێت، لەوێ بەهیچ شێوەیەک باسی مێژووی بەرهەمهێنانی فیلمەکان نەکراوە، لە کۆبوونەوەکانیش لەگەڵ ئێمە بەهیچ شێوەیەک باسی ئەمە نەکراوە.

چوارەم: لە بەشەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکە فیلم هەن کە مێژووی بەرهەمهێنانیشیان بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێتەوە و نمایشیش دەکرێن.

ئێمە لە گفتوگۆکانی دوێنێشدا بە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەمان وت کە ئێمە کێشەمان نییە ئەگەر فیلمەکەش لە پێشبڕکێ دەربهێندرێت، بەو مەرجەی نمایشکردنی ڕانەگیرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک زەمینەی چارەسەرکردنیان نەڕەخساند، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هەمان ئەو ڕۆژە هەندێک پەرەسەندن دروستبوون، هەروەها لە شوێنی فێستیڤاڵەکەش زانیاریی هەبوو کە لە دەرەوەوە فشار دروستکراوە بۆ ئەوەی نمایشکردنی فیلمەکە ڕابگیرێت،

ئێمە وەک کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان ئەو هەڵسوکەوتانە ڕەخنە و شەرمەزار دەکەین، کە دوورن لە ئادابی هونەریی و سینەماییەوە، پاش گفتوگۆکردنیشمان لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکان بڕیارماندا بە کشاندنەوەی هەردوو فیلمی “وەرزی تووتڕک و ژ بۆ ئازادیی لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی”.

لە کۆتاییشدا داوا لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سلێمانیی دەکەین، ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەبارەی ئەو بابەتەوە بڵاوبکەنەوە و بابەتەکە بۆ ڕایگشتیی و هونەرمەندان و میوانانی فێستیڤاڵەکە ڕوونبکەنەوە.

ف.ق