کەنەکە ١٠مین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای پیرۆز کرد

کەنەکە: " ئێمە داوا لە دۆست و هاوڕێکانمان لە جیهان و رای گشتی جیهان دەکەین کە وەک کۆبانێ، خاوەنداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن."

دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە لە راگەیەنراوێکدا ١٠مین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای پیرۆز کرد.

پەیامی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

" سبەینێ دەیەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە. ١٠ ساڵ پێش ئێستا، هێزە شۆڕشگێرەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری کۆبانێ یەکەمین هەنگاویان نا و شارەکەیان لە داگیرکەری رزگار کرد دواتریش دێرک، عەفرین و هەنگاو بە هەنگاو ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگار کرا. کاتێک کە لە کۆبانێ هەنگاوەکەنرا، زۆر مێژوویی بوو و لە شۆڕشی کوردستاندا بووە هەنگاوێکی زۆر گەورە.

ئێمە ئێستا پێشوازی لە دەیەمین ساڵڕۆژی شۆڕش دەکەین. لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا مێژوو بە ئاگر نووسرایەوە. لەم دە ساڵەدا قوربانییەکی زۆر درا، لە کەسایەتی قارەمانانی شۆڕشی کوردستاندا قارەمانییەکی گەورە سەری هەڵدا و بوو بە داستانێکی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی ڕێکخستن و بەرهەڵستی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی کوردستان بە تایبەتی بەرخۆدانی کۆبانێ بووە بە بنەما و هیوای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن لە سەرتاسەری جیهاندا سەریهەڵدا. ژنانی کورد پێشەنگ بوون لە شۆڕشدا و بوونە سیمبولی بەرخۆدان و ئازادی لە جیهاندا.

شەڕی گەورە لە دژی داعش و هێزە سەلەفییەکان و پارێزەرانی (حامیە) بەڕێوەبرا کە هەمووی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتگیری  لێدەکرا. دەوڵەتی تورک لە دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا هێرشی کردووەتە سەر هەموو هاوپەیمانەکانی. کاتێک ئەم هێزە تاریکانە شکستیان هێنا، دەوڵەتی تورک خۆی هێرشی کردە سەر چەندین ناوچەی ڕۆژئاوا و داگیری کرد. لە ئێستادا هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە و هەڕەشە و گوڕەشە گەورەکان لە دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێت. ئەرکی یەکەم ئەوەیە کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، ڕۆژئاوا بپارێزین و ناوچە داگیرکراوەکان رزگار بکەین. پێویستە هەموو کوردستان ئەم ڕاستییە ببینێت و دژی دەوڵەتی تورک بوەستێتەوە.      

ئەم شۆڕشە بە قوربانییەکی زۆرەوە و بە خوێنی دەیان هەزار قارەمان و شەهید گەیشتووەتە ١٠مین ساڵی خۆی. بەم بۆنەیەوە لە کەسایەتی شەهیدانی شۆڕشی ڕۆژئاوادا بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە و کڕنۆش بۆ یادی ئەوان دەبەین. پێش هەموو شتێک تێکۆشەرانی شۆڕش و دۆستانی نێودەوڵەتی و هەموو ئەوانەی لەشۆڕشی ڕۆژئاوادا کاریان کردووە سوپاسگوزاریی خۆیمن بۆ هەمووان دەردەبڕین و بە خۆشەویستیەوە سڵاویان لێدەکەن.

کەنەکە، شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەبینێت، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ هەموو کوردستانە و دەیپارێزێت. کەنەکە، لە یەکەم ڕۆژەوە و تاوەکو ئێستا، بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات و لەنێویدابووە و ئەمڕۆ بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لێدەکات.

لە دەیەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، ئێمە بانگەوازی لە هێز و ڕێکخستنەکانی کوردستان دەکەین کە پشتگیری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن و بیپارێزن و دەیەمین ساڵڕۆژی شۆڕش بە جۆش و خڕۆشەوە پیرۆز دەکەین. هەروەها داوا لە دۆست و هاوڕێکانمان لە جیهان و رای گشتی جیهان دەکەین کە هاوشێوەی کۆبانێ خاوەنداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بکەن.

بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە ١٠مین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا، پیرۆزبایی لە گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان و دۆستەکانی شۆڕش و هەموو گەلی کوردستان دەکەین و سڵاومان پێشکەش دەکەین."

ف.ق