کەنەکە بانگەوازێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد: لە بەرانبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بێدەنگ مەب

کەنەکە لە بانگەوازێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، تیمێکی تایبەت بنێرنە ئەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک چەکی کیمیاییان تێدابەکاردەهێنێت، کە چۆن چەکى قەدەغەکراو دژى گەریلا و هاوڵاتیانى مەدەنى بەکارهێناوە.

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بانگەوازێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، لە بەرانبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بێدەنگ مەبن

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن شوکروڵا حەمەئەمین، ئەندامى کەنەکەوە خوێندرایەوە کە بەم شێوەیەیە:-

”دەوڵەتى داگیرکەرى تورک شەڕێکى ناڕەواى بەسەر گەلەکەماندا سەپاندووە لەو شەڕەشدا هەموو پێوانە ئەخلاقى و یاسایی بەزاندووە و تا ئاستى بەکارهێنانى چەکى کیمایی و کۆمەڵکوژیى قەدەغەکراو دژى گەلەکەمان و دەیەوێت بە سیاسەتى زەبر و زەنگ، دەنگى ئازادیخوازانەى گەلەکەمان کپ بکات.

دەوڵەتى داگیرى تورک بەوە ناوەستێت، کە لە باکوورى کوردستان دژى مافەکانى گەلەکەمان بێت، بەڵکو ڕۆژانە هێرش و پەلامارەکانى بۆسەر ڕۆژئاوا و باشوورى کوردستان بەردەوامە، کە ئامانج تێیدا لەناوبردنى دەستکەوتەکانى گەلەکەمان و داگیرکردنى تەواوى خاکى کوردستانە.

شەش مانگە دەوڵەتى داگیرکەرى تورک هێرشێکى بەرفراوانى بۆسەر ئاڤاشین و مەتینا و زاپ دەستپێکردووە، کە تا ئێستا بەهۆى بەرگریى و ئازایی و خۆڕاگریى گەریلاوە سەرکەوتنى بەدەست نەهێناوە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ شاردنەوەى شکستەکانى و گەیشتن بە ئامانجەکانى بەپێى ڕاگەیەندراوەکانى مەیدانى شەڕ و بڵاوکردنەوەى بەڵگەکان، تا ئێستا چەندین جار چەکى کیمایی و چەکى کۆمەڵکوژیى قەدەغەکراوى جەنگى دژى گەریلا بەکارهێناوە، کە بەهۆیانەوە نەک هەر گەریلا، بەڵکو هاوڵاتى مەدەنیش بوونەتە قوربانیی بەرکەوتەى ئەو چەکانە.

ئەوەى تا ئێستا هێز و بوێریى داوەتە دەوڵەتى داگیرکەرى تورک، کە سڵ لە کوشتن و کۆمەڵکوژکردنى گەلى کورد و شێواندنى سروشت و ژینگەیی کوردستان نەکاتەوە، بێدەنگیى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیى و ڕاى گشتیە، ئەگەر لە ئێستادا ڕێگرى لە سیاسەتى شەڕخوازى و تەماحکارانەى ئەردۆغان نەگیرێت دووبارە کارەساتى هاوشێوەى کیمابارانکردنى چەندین ناوچەى کوردستان لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە دووبارە دەبێتەوە و چارەنوسى گەلەکەمان دەکەوێتە بەر مەترسى گەورە.

داوا لە ڕای گشتى جیهانى و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین، بەتایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان، ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، یەکێتى ئەوروپا، چین، ڕووسیا، وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى، دەکەین، کە چیتر لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووریى و سیاسییەکانیان لەئاست ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤانە چاو دانەخەن و سنوورێک بۆ سیاسەتى شەڕخوازانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک دابنێن. پێویستە تیمى تایبەت پێکبێت و بچنە ئەو ناوچانەى کە چەکى کیمایی تێدا بەکارهاتووە، تاوەکو بە چاوى خۆیان ڕاستییەکان ببینن، کە چۆن دەوڵەتى داگیرکەرى تورک چەکى قەدەغەکراوى بەکارهێناوە و لە هەمانکاتیشدا فشار لە ئەردۆغان بکەن و ناچارى بکەن، کە مل بۆ چارەسەرى ئاشتییانە بدات و کۆتایی بەم شەڕە ناڕەوایە بهێندرێت”.

ئێمە داوا لە دەوڵەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش دەکەین، کە بەجدیى بێنە سەرهێڵ و چیتر ڕێگە نەدەن دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەمشێوەیە و بە ئارەزووى خۆى سەروەریی خاکى عێراق پێشێل بکات و خاکەکەى داگیربکات و هاوڵاتیانى ئاوارە بکات و ژینگەکەى بسوتێنێت. داوا لەسەرجەم حزب و لایەنە سیاسی ە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و مامۆستایانى ئاینى و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان و تەواوى هاوڵاتیان دەکەین، کە بە ئەرکى نەتەوەیی و مرۆیی خۆیان هەڵسن و دژى هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک و ئەردۆغان بوەستنەوە."

ف.ق