کەنەکە یادی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفاڵی بەرزراگرت
کەنەکە بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و ئەنفاڵەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا راگەیاند، کە بەرخودان دژی داگیرکەران هێزیێکی گەورە بەوان دەبەخشێت.
کەنەکە بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و ئەنفاڵەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا راگەیاند، کە بەرخودان دژی داگیرکەران هێزیێکی گەورە بەوان دەبەخشێت.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بۆ یادی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفاڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رژێمە داگیرکەر و بکوژەکانی کوردستانیشی شەرمەزار کرد.
دەقی راگەیەنراوەکە بەم جۆرەیە:
لە کەسێتی شەهیدانی هەڵەبجەو ئەنفالدا هەموو شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە، رژێمە داگیرکەرو بکوژەکانی کوردستانیش بە توندی شەرمەزار ئەکەین
ئێمە هەرگیز هەڵەبجە لەیاد ناکەین
بەر لە ٣٥ ساڵ و لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، رژێمی عێراق کۆمەڵکوژییەکی گەورەی بە چەکی کیمیایی دژ بە خەڵکی بێتاوانی هەڵەبجە ئەنجام دا. لە لە ئاکامدا زیاتر لە پێنج هەزار مناڵ و ژن و پیر ژیانیان لێسەندرایەوەو بە هەزارانیش بریندار بوون. بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی یەکێک لە زنجیرە تاوانەکانی رژێمی بەعسی عێراق بوو بۆ جینۆسیادکردنی کورد لە باشووری کوردستان. هەروەک لە پێشدا بە کیمیابارانی ناوچەکانی بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و قەرەداغ دەستی بە پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال بە مەبەستی قڕکردن و لەناوبردنی کورد و کوردستانیان کردبوو.
هەر لە سەرەتاوە کە رژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی گرتە دەست، دەستی بە کۆمەڵکوژی و توانەوەی گەلی کورد کرد. دواتر کەوتە گیانی کوردانی فەیلی و بەهەزارانیان کوشت و بە دەیان هەزاریشیان دەربەدەرو بێ سەروشوێن کردن. هەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ٨ هەزار بارزانیان پێکەوە گرتن و کۆمەڵکوژیان کردن. لە پرۆسەکانی ئەنفالدا و لە ماوەی چوار ساڵدا لە هەموو باشووری کوردستان هەر گەرمیانەوە تا بادینان زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەسی بێتاوانیان راپێچی بیابانەکانی باشووری ئێراق کردو کۆمەڵکوژو زیندەبەچاڵیان کردن. زیاتر لە ٤٠٠٠ دێ و دێهاتی کوردستانیشیان خاپوور کرد.
بەڵام ئەوەی لە هەڵەبجە کردیان نموونەیەکی هەرە گەورەی تاوانەکانی سەدەی بیستەم بوو. لە ماوەی چەند خولەکێکدا ٥٠٠٠ کەس کۆمەڵکوژکران و هەزارانیش برینەدار بوون. بۆیە هەڵەبجە بوو بە سومبوڵ و زامێکی قووڵ لە جەستەی گەلی کوردستاندا.
گەلی کوردستان لە سەدەی رابردوودا رووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی بۆوە، لێ مخابن ئەو تاوانانە تا ئێستاش لە دادگا نێودەوڵەتیەکاندا وەک جینۆساید نەناسراون. بێگومان هەوڵ و تەقەلای زۆر بۆ ئەو مەبەستە دراوە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەر لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدا ماون و نەبوونە کەیسێکی سیاسی.
با هەرکەسێک ئەو راستییە بزانێ تا ئێستاش هێرشی کۆمەڵکوژیی لە دژی کوردان کۆتایی نەهاتووە. هەتا ئێستاش ئەو هێرشانە بە شێوەی جیاواز لە سەر هەر چوارپارچەی کوردستان بەردەوامن. هەردوێنی بوو لە شەنگاڵ خەڵکی ئێزدی قەلاچۆکران و ژن و کچ و مناڵیی کوردان رفێنران و بەهەزاران زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێن کران. حەوت ساڵ بەر لە ئێستا تاوانێکی کۆمەڵکوژیی بەرامبەر گەلی جزیرەی بۆتان کرا. پێنج ساڵ لەمەوبەریش هەمان تاوان لە عەفرین کرا. چوار ساڵ پێش ئێستاش هەمان سیناریۆ لە گرێ سپی و سەرێ کانی دووبارە بووەوە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە زۆر ناوچەی تری کوردستان بەردەوامن و کۆمەڵکوژی بەدوای خۆیاندا دێنن. پێویستە بزانین لە ٣٥ەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا هێشتاش کۆمەڵکوژیی لە زۆر شوێنی کوردستان لە رۆژەڤدایە. بۆ ئەوەی هەڵەبجەیەکی تر درووست نەبێت پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستان پێکەوە رێکبکەون و پێکەوە خاوەندارێتی لە هەموو کوردستان بکەن. پێویستە هێزی بەرگری و پاراستنی کوردستان ببنە یەک و بەهێزبکرێن.
تراژیدیای هەڵەبجە لە رووی مرۆڤایەتیەوە بوو بە ناسنامەی قەلاچۆکردنی کوردان. کارەساتی شەنگاڵیش بەهەمانشێوە ناسنامەی ئەو دۆخەیە. هاوتەریبی ئەمانەش بەرگری و بەرخۆدان، بە تایبەتیش بەرخۆدانی کۆبانێ، هاوسەنگەری و پێکەوبوونی هێزی بەرگریی کوردستانیان لە دژی تیرۆریزمی داعشیی، ناسنامەی بەرخۆدان و بەرگریی ئافراندووە.
ئەو جەربەزەیی و بەرخۆدانە بەرامبەر تێرۆر و داگیرکاریی کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەیە، هەمانکاتیش هێزێکی مەزن بە ئێمە ئەبەخشێ و رێگای گەیشتن بە ئامانجەکانمان فراوانتر ئەکات.
ئێمە هەرگیز هەڵەبجە لە یاد ناکەین، هەروەک چۆن دێرسیم، گەلی زیلان، سەردەشت، مەریوان، عامودا، ئەنفال، کوردانی فەیلی، یارسان، یەزیدی، شەنگال، رۆبۆسکی و هەموو کۆمەڵکوژیەکانی تر کە بەدەستی داگیرکەران کراون، لەیاد ناکەین. بەڵی ئێمە هەرگیز هەڵەبجەو جزیرەی بۆتان لە یادا ناکەین.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دی لە کەسێتی شەهیدانی هەڵبجەو ئەنفالدا، سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەبیردێنینەوە، سەری رێز بۆ یادی ئەوان دائەنەوێنین.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-ك.ن.ك
١٥ی ئازاری ٢٠٢٣ برۆکسل
هـ . ب