کەسایەتی و رۆشنبیران و پیاوانی ئایینی ئێزدی وەڵامی دەستێوەردانەکانی پەدەکەیان دایەوە

ژمارەیەك كەسایەتی رۆشنبیرو چالاكوان و ئۆلدار و پیاو ماقوڵی ئێزدییان لەهەرێمی كوردستان و جیهان لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەنەوەو رایدەگەیەنن، چیدی رێگە نادەین حزب دەستبخاتە كاروباری ئاینی ئێزدییەكانەوە.

ژمارەیەك كەسایەتی رۆشنبیرو چالاكوان و ئۆلدار و پیاو ماقوڵی ئێزدییان لەهەرێمی كوردستان و جیهان لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەنەوەو رایدەگەیەنن، چیدی رێگە نادەین حزب دەستبخاتە كاروباری ئاینی ئێزدییەكانەوە.

 دەقی راگەیەنراوەكە...

وەڵامێك بۆ وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و راستكردنەوەی شێواندنی راستییەكان

بەڕێزان وەك ئاگادارن كە  نزیكەی دوومانگە، بابە شێخ  سەرۆكی جڤاتی رۆحانی ئێزدییەكان كۆچی دوایكردو بەپێی دابونەریتەكانی ئاینی ئێزدییەكان پێویستە لەماوەیەكی كورتدا، بابەشێخێكی نوێ دەستنیشانبكرێت، ئەم پرسەش لای ئێزدییەكان و ئێزدیناسەكان روون و ئاشكرایە كە بە چ میكانیزم و شێوازێك بەڕێوەدەچێت !

بەڵام بەداخەوە، لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی ئێزدییەكان و داب و نەریتە ئاینییەكان، لەشاری دھۆك لە كۆبوونەوەیەكی داخراو و ناڕەوادا كە رێگەنەدرا ئێزدییەكان بەشداری تێدابكەن و تەنھا كاندیدی مەبەستدار و ژمارەیەك لە ئێزدییەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان  ئامادەی بوون، دوور لەھەموو عورف و بەھایەك، بابەشێخێك دەستنیشانكرا! كە لە دەرەوەی ویست و داوای زۆربەی ئێزدییەكانە لە وڵات و دەروەی وڵات، بگرە بێ ئاگاش بوون لێی و بەرچاوڕوون نەبوون لە چۆنێتی ھەڵبژاردنەكە و شێوازی دیاركردنی بابە شێخ، ئەوەی جێی تێڕامان و قبوڵكراویش نییە لای ئێزدییەكان،  حازم تەحسین بەگ خۆی لە دەرەوەی ویست و خواستی ئێزدییەكان بە مەرامی دەزگای پاراستنی پارتی دیمكراتی كوردستان سەپێنرا و كرایە میر، لای ھەمووان روونە میری سەپێنراو، كەسێكی نەشارەزایە و توانای بەڕێوەبردنی ئەو پێگەیەی نییە، ئێستا چۆن مافی ئەوەی ھەیە سەرۆكی جفاتی رۆحانی ئێزدییەكان دەستنیشان بكات و بەبێ ڕێزگرتن لە ئیرادەی زۆرینەی ئێزدیەكان! ؟

لەكاتێدا تەئكید دەكەینەوە كە ئەمە پرۆسەیەكی ناڕەواو گوماناوییە و ئێمە رەتیدەكەینەوە.

دڵنیاشین، ئەم بڕیارە خواست وئیرادەی ئێزدیەكان نییە و ھەروەھا ئێزدییەكانیش رێگەنادەن جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كورددستان و هیچ پارتێكی تر یاری بەچارەنووس و ئایندەیان بكات. لەبەرامبەریشدا ببینەوە قوربانی سیاسەتە ھەلپەرست و قۆرخكارییەكان و ئایندەمان بدرێتەوە دەست قەدەر و یاری بە چارەنووسمان بكرێت و لەتەنگانە و نەھامەتیشدا بمانفرۆشن و بەجێمانبھێڵن.

خوشك و برایانی خۆشەویستمان

لەكاتێكدا چاوەڕێی وەڵام و ھەڵوێستی جددی سەركردایەتی پارتی بووین، لە بەرامبەر تەداخولات و ئەو بێڕێزییەی بەرامبەر پیرۆزییەكانی ئێزدییەكان كردیان و تەفرەقە و ناكۆكییان خستەناو ماڵی ئێزدییەكان و جارێكیتر بە پیلانی دەزگای پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان خەڵكی بێ گوناهی شنگال-یان  فرۆشتەوە و لەبری ئەوەی داوای لێبووردنیان بكردایە و باری لاری سەرشانیان رێككردبایەتەوە، كەچی بەداخەوە وتەبێژە بەناوەكەیان لە روونكردنەوەیەكدا كە سەرلەبەری  وشەی داتاشراو و ھەڵبەستراوە، پاساو بۆ ئەم كارە نەشیاوەیان دەھێنێتەوەو منەتبارمان دەكەن، بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەو روونكردنەوەیە بڵاوبكەینەوە.

وەك  ئاماژەمانپێداوە، پارتی و دەزگای پاراستن، ھەر لە سەرەتای كۆچكردنی جەنابی میر تەحسین و جەنابی بابە شێخ سەرۆكی جفاتی رۆحانی ئێزدییەكان، راستەوخۆ دەستیان وەردایە ناو كاروباری ئایینی ئێزدییەكان و ھەموو داب و نەریتە ئایینی و بگرە تێبینی و سەرنج و ھۆشداری كەسایەتی و پیاوانی ئایینی ئێزدییان فەرامۆشكردوو، دوور لە ھەموو بەھایەك، شوێنگرتنەوەی بابە شێخ یان لە مەراسیمێكی رووكەشدا پڕكردەوە بە مەرامی خۆیان، كە ئەمە پێچەوانەی ھەموو ئەو دەستەواژانەیە كە وتەبێژەكەی پارتی باسی لێوەدەكات، چونكە رێزگرتن لەماف و ئازادییەكانی ئێزدییەكان بەو شێوەیە دەگیرێت، كە ھەموو بەھاو بنەما ئاینییەكان پێشێلبكرێت و جارێكی تر ئێزدییەكان بفرۆشنەوە و تەفرەقە و فیتنە بخەنە ناو ماڵیان، لەكاتێكدا چاوەڕێ بووین لە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سارێژكردنی فرۆشتنی شەنگال و كەسوكارەكانمان بەتیرۆریستانی داعش ھەڵوێستێكی مرۆڤایەتی ھەبووایە و دەورێكی باشیان ببینیایە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام بوون لە سیاسەتی تێكدان و شێواندنی پیرۆزییەكانی ئێزدییەكان كە ئێمە بە پیلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو دایدەنێین بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئاینی و رەسەنایەتی كەلتوریمان. دیارە وتەبێژی پارتی و بەشێكی سەركردایەتییەكەیان ئاگاداری پیلانە  ژێربەژێرەكانی دەزگای پارستن نین، بۆیە ئەو ڕوونكردنەوەیان بەو ناوەڕۆكە بڵاوكردۆتەوە .

لای خەڵكی هەریمی كوردستان و عیراق و ھەموو ئێزدییەكانیش روونە پارتی لە دوای پرۆسەی رزگاركردنی عیراق لە  ( 2003 )ەوە دەستیكردووە بە سیاسەتی (تهدید و ترغیب) كردنی ئێزدیەكان، بەتایبەتریش لە دوای ڕادەستكردنی ئێزدیەكان لە شەنگال 3-8-2014 بەبەرنامە بۆداڕێژراو تر دەست لەكاروباری ئاینی و كۆمەڵایەتی ئێزدییەكان وەردەدات و بەسیاسەتی ترس و برسیكردن ھەڵسوكەوت لەگەڵ ئێزدییەكان دەكات.

لەم پرسەشدا راوێژكراوە لە گەڵ كۆنە بەرپرسانی مەفارزی ئەبو فیراس الحمدانی (مفارز أستخبارت النڤام البعپ سابقاً) ئەم مەرامەیان جێبەجێكردوو لە ھەوڵدان بە تەواوی پیرۆزییەكانمان بشێوێن .

خۆشك و برایانی خۆ ڕاگرو قارەمان لەچیای شەنگال، خەڵكی بێگوناحی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان، خەڵكی بێ دەسەڵاتی ناوچەی وڵاتی شێخ، خۆڕاگرانی ئێزدی لە ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان، خۆڕاگران لە جۆرجیا و ئەرمێنیا و وڵاتانی سۆڤیەتی كۆن، ئێزدیەكانی تاراوگە و پەنابەر لە ئەورپا و ئەمریكا و كەنەدا و ئوسترالیا، ناسنامە ئاینییەكەمان، خاكەكەمان، پرستگاكانمان، مافە گشتییەكانمان، بە ئاشكرایی و ڕاستەوخۆ كەوتونەتە ژێر مەترسی و لەناوبردن و قۆرەخكردن بازاڕپێكردن.

لەبەرامبەر ھەموو ئەم غەدرو دەستدرێژی و چەوسانەوەو بێڕێزیكردنەی بەرامبەرمان دەكرێت، بێدەنگیی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و ، سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان وحزبەكانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی جێگای سەرسوڕمانمان و ھەڵوەستە و نیگەرانیمانە . بۆیە ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە، ئێزدیەكان لەھەموو لایەك ھەموو ھەوڵەكانمان یەكبخەین بۆ گێڕانەوەی تەبایی وئاشتی و بەرگریكردن لە مافە ڕەوایەكانمان و قوڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان لەنێوان ھەموونەتەوە و پێكھاتە رەسەنەكانی وڵاتەكەمان .

ھەموو ھەوڵ و جوھدێكیش دەخەینەگەڕ بۆ رێگرتن و شكستپێھێنانی ھەر مەرام و پیلانێك و دەست تێوەردانێك لەناو كاروباری پیرۆزییەكانی ئاینی و كۆمەڵایەتیەكانمان.

هەر شاد بن.

ژمارەیەك كەسایەتی رۆشنبیر و چاڵاكوان و ئۆلدار و پیاو ماقوڵی ئێزدییان لە هەرێمی كوردستان و جیهان.

ژ.ت