کتێبخانەی شەهید ڕەشید سەردار بووەتە شوێنی خوێندن و لێکۆڵینەوە

گەنجانی مەخموور ڕایدەگەیەنن، خوێندنەوە بۆ هەموو تەمەنەکان زۆر گرنگە و داواش لە گەنجانی کەمپەکە دەکەن خوێندنیان بەرەوپێش ببەن بۆ ئەوەی مێژووەکەیان باشتر بناسن و بە جیهانی بناسێنن.

کتێبخانەی شەهید ڕەشید سەردار لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی لە مەخموور بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی گەنجانی مەخموور و یەکێتی قوتابیانی ئازاد لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥  کرایەوە. کتێبخانەکە بە ناوی فەرماندەی گەورە شەهید ڕەشید سەردار کە تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە عەگیدی دووەم ناودەبرێت کرایەوە و بووەتە ناوەندی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ گەلی کەمپەکە.

سەبارەت بە ئامانج و گرنگی کتێبخانەکە گەنجانی کەمپەکە لەگەڵ ئاژانسی فورات قسەیان کرد.

'خوێندنەوە بۆ هەموو تەمەنێک زۆر گرنگە'

خەڵات نەرەخی ژنە گەنج لە سەرەتای قسەکانیدا، پیرۆزبایی کردنەوەی کتێبخانەی شەهید ڕەشید سەردار دەکات و دەڵێت:"خوێندنەوە بۆ هەموو تەمەنێک زۆر گرنگە، زۆربەی گەنجان دەچنە کتێبخانە و دەخوێننەوە. بۆ ئەوەی خۆمان بناسین و پێشبکەوین و مێژووی خۆمان بناسین پێویستمان بە خوێندنەوەیە. جگە لەوەش ڕێژەی خوێندنەوە نەک تەنها لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا کەمی کردووە. بۆیە داوا لە هەموو گەلی کورد و بەتایبەت گەنجانی کەمپەکە دەکەم، لە بواری پەروەردەوە خۆیان پێشبخەن. بۆ ئەوەی زانستمان زیاتر بێت، مێژوومان باشتر بناسین و بە جیهان بیناسێنین، پێویستە بخوێنینەوە."

'داخوازی بۆ زانین زۆر کەمە'

هەروەها خوێندکاری پەیمانگەی شەهید کەریم کاتۆ ماهیر تونچ، لەسەر هەمان بابەت قسەی کرد و وتی:"ئامانج لە کردنەوەی کتێبخانەکەمان ئەوەیە کە ئێمە زیاتر دەربارەی ناسنامەی گەلەکەمان و ڕاستی گەردوون و کۆمەڵگاکەمان بزانین. هەروەها ئارمانجی ئێمەیە کە لە سیستەمی سەرمایەداری دوور بکەوینەوە و بیرکردنەوەکانمان لە سەر لاپەڕەکان بەکار بێنین. وەک دەزانرێت حەز و ئارەزووی گەنجان و قوتابیانمان بۆ خوێندنەوە و زانست زۆر کەمە. بۆیەکردنەوەی ئەم کتێبخانەیە زۆر گرنگە بۆ گەلەکەمان بەتایبەت بۆ گەنجان. بۆ ناسینی گەلەکەمان، مێژوومان، پێویستە بخوێنینەوە. ئەگەر نەخوێنینەوە هیچ زانیارییەک لەسەر ژیانی ڕابردوو و ئێستامان نازانین."

"پێویستە بخوێنینەوە و فێری خوێندنەوەش بکەین"

لە درێژەی قسەکانیدا، ماهیر تونچ باسی ئەوەی کرد کە سیستەمی سەرمایەداری و هێزە داگیرکەرەکان دەیانەوێت گەنجانی کەمپەکە تووشی دۆگماتیزم بکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"بۆ ئەوەی لەم دۆگما و بیرکردنەوە کۆنەپەرستانەیە ڕزگارمان بێت، پێویستە بخوێنینەوە و خوێندنەوە فێری کەسانی دیکە بکەین. بۆ زانین پێویستمان بە زانستە و بۆ زانست پێویستمان بە خوێندنەوەیە. بۆ ئەوەی دەرگای زانست بکرێتەوە، پێویستە لاپەڕە بە لاپەڕە مێژوویەکە نووسراوە بخوێنینەوە. لە کتێبخانەکەدا کتێبی زۆر هەیە، لە ئەدەبەوە تا دەگاتە کولتوور و مێژووی کورد، بۆ ئەوەی خۆمان بە مێژوو و کۆمەڵگا بەرەو پێش ببەین پێویستە بخوێنینەوە. خوێندنەوە بۆ هەموو مرۆڤێک پێویستییەکە. وەک چۆن شۆڕشگێڕ بەبێ چەکەکەی ناتوانێت شەڕ بکات، گوڵ بەبێ ئاو ناتوانێ گوڵ بکاتەوە، مرۆڤیش بەبێ پەروەردە خاوەنی هیچ نییە. چونکە کەسانی خوێندەوار کەسانی زانا و بەسوودن و کۆمەڵگای خۆیان و کاتەکانیان دەناسن. بۆ ئەوەی لە خوێندنەوە بێبەش نەبین، پێویستە ئەو کتێبانەی دەخوێنینەوە لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوبەشی بکەین."

ماهیر تونچ لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای لە سەرجەم گەنجانی کەمپەکە کرد بخوێننەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دەرفەتانەی ئێستا هەیە لە زۆر شوێن لەبەردەستدا نییە و وتی:"پێویستە هەموومان دەست تێکەڵ بەدەستی یەکتر بکەین و لەم کار و چالاکییانەدا کە بە شانازییەوە لەم کتێبخانە ئەنجام دەدرێت، ئەم کتێبخانەیە دەرفەتێکە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لەبواری فیکری و ئایدیۆلۆژییەوە خۆیان پێشبخەن."