کوردانی فەیلی: تا ئێستا بڕیارەکانی رژێمی بەعس دژ بەکوردانی فەیلی جێبەجێ دەکرێت

کوردانی فەیلی داوا دەکەن کورد یەکڕیز بێت و دەڵێن: "بە یەکڕیزی گەلی کورد دەتوانین مافە نەتەوەییەکانمان بەدەستبهێنین".

فەیلییەکان کۆمەڵە کوردێکی ڕۆژھەڵاتین لە لوڕستان و کرماشان و ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین و بەشێکیشیان لە عێراق لە ڕۆژھەڵاتی دیجلە لە بەغداد و پارێزگای دیالە دەژین و شیعە مەزهەبن. ئەم زارەوەیە (فەیلی) بەکۆمەڵێک ھۆزی (کوردی ئیلامی) دەوترێت، کە نیشتەجێی (پێشکۆ، پشتکۆ)ی زنجیرەچیای زاگرۆس بوون.

 زۆربەی مێژوونووسان، کۆکن کە لەسەر ئەوەی کە ڕەچەلەکی کوردانی فەیلی (ئیلامی) یا (گۆتین)، کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق  لە ناوچەکانی (مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جەسان، خانەقین، کەرکوک، بەغدا، کوت، عەمارە و بەسرە) دەژین. 

لەلایەن چەند کەسانێکی ڕۆژھەڵاتناسی وەکو (ڤلادمیر مینۆرسکی) ڕووسی و (جۆن ماڵکۆن) و توێژەری کورد (د.ئیسماعیل قوماندار) پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن، کە بڕوایان وایە سەرەتای دەرکەوتنی زاراوەی (فەیلی) لە سەدەی شازدە بووە، ئێستاش ئەم زاراوەیە بۆ ئەو کوردانە بەکاردێت، کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بەر دەوڵەتی عێراق کەووتون.

نەھامەتی کوردە فەیلییەکان

کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شیعەکان بەردەوام بەو ململانێ سیاسییانەی نێوان دەوڵەتی عوسمانیی تورک و سەفەویی ئێرانی تێپەڕیوە کە رێخۆشکەربووە بۆ دابەشکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەکە، زۆر لە شیعە عێراقیەکان بە ئێرانی ناونوسکران، کە لە ناویاندا کوردە فەیلیەکان هەن. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی ڕووبەڕوی جیاکاری بوونەتەوە لەگەڵ توێژ و چینەکانی تری کۆمەڵگای عێراقی.

 لە ساڵی ۱۹۲٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە. لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان رێبازی شیعە بوون، بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە ھەمیشە کەوتوونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق. لە دوای ھاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەسەڵات و دەستبەسەرداگرتنی، لە ساڵی ۱۹٦۸ـەوە کوردە فەیلیەکان ڕووبەڕوی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناو بردن بوونەوە، لە سەرەتای ساڵانی (۱۹۷۰) ڕژێمی بەعسی پێشوو نزیکەی ٤٠ ھەزار کوردی فەیلیی بە زۆرەملێ ڕاگوێزی ئێران کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە.

 لە درێژایی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلیەکان، رژێمی بەعس لە ساڵی ۱۹۸۰ بەپێی بڕیاری ٦٦٦ مافی ھاووڵاتیبونی لە کوردانی فەیلی سەندەوە، ئینجا دەستگیرا بەسەر ماڵ و سامانەکانیان دا. ھێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرایە سەر کوردە فەیلیەکان، بە زەوتکردنی ئافرەت و کوشتنی پیاو و منداڵەکان، کە لە مێژوودا کەموێنە بووە.

 لە میانەی چەوسانەوەو توندوتیژی، سەرۆکی پێشووی عێراق سەدام حسێن بڕیارێکی نوێ ھاتە کایەوە، کە بڕیار درا کە هەر پیاوێکی عێراقی ژنەکەی فەیلیە دەبێ لێی جیا ببێتەوە، بەرامبەر بە چوار ھەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، دوو ھەزار و پێنج سەد دینار (بەپێی دراوی پێشوی عێڕاق) ئەگەر سڤیل بێت.

 بەپێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی، ٤۰۰،۰۰۰ ھاوڵاتیی فەیلی بوونەتە قوربانیی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦)ی ساڵی ۱۹۸۰ی پووچەڵ کردەوە. لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک لە کوردە فەیلیەکان توانییان مافەکانیان بەدەست بھێننەوە، هەرچەندە لە ئێستادا بەشێکی زۆری فەیلییەکان ناسانەمەیان وەرنەگرتۆتەوە و ئەو فەیلییانەی کە بەزۆرە ملێ ڕاگواستران بۆ ئێران تا ئێستا حکومەتی عێراق دان بە هاوڵاتیبوونیان دا دانانێت.

لە شۆڕشە ئازادیخوازەکانی گەلی کوردا، ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە فەیلیەکان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە شۆڕشی باشوری کوردستان و بەو هۆیەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زۆر چەوسێنرانەتەوە، یەكەم ژنیش كە لە سێدارەدرا لەیلا قاسم بوو، کە فەیلی بوو.

رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی

ئەمڕۆ کە ٤ی نیسانە بە رۆژی شەهیدانی فەیلی دیاریکراوە، ئاژانسی هەوالی فورات (ANF) لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لە رۆژی شەهیدانی کوردانی فەیلی باس لە نەھامەتی و دۆخی کوردانی فەیلی دەکات لە عێراق و باشوری کوردستان بە تایبەتی لە شاری کەرکوک.

کوردی فەیلی لەگەڵ تەواوی کوردان هەمان پرسی نەتەوەییان هەیە

بەرپرسی كوردە فەیلییەكانی كەركوك حاجی داود ئەسعەد فەیزوڵا، دەربارەی جیاوازی کوردانی فەیلی لەگەڵ باوەڕە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕاگەیاند: " کوردانی فەیلی هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ کوردانی دیکەی کوردستان، تەنها لەڕووی مەزهەبەوە کوردانی فەیلی جیاوازن کە کوردانی فەیلی لەسەر مەزهەبی ئیمام جەعفەر سادقن، کە بە شیعە هەژمار دەکرێن، بەڵام کوردانی فەیلی لەلایەن قسە و کردەوە و پرس و بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە یەک پرس و بەرژەوەندیمان هەیە لەگەڵ کوردانی تەواوی کوردستان".

کوردە فەیلییەکان بڕبڕەی ئابوری عیراق بوون

سەبارەت بەو ناوچانەی کە کوردانی فەیلی تیایدا دەژێن، حاجی داود ئەسعەد وتی، "کوردانی فەیلی لە ناوچەکانی مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جەسان، خانەقین، کەرکوک، بەغدا، کوت، عەمارە و بەسرە هەن، بەرلە ساڵانی (١٩٧٠) کوردانی فەیلی بڕبڕە پشتی ئابوری بوون لە عێراق، چونکە پێداویستییە سەرەتایەکانی وەکو خۆراکیان هاوردە دەکرد و بۆ تەواوی عێراق دابینیان دەکرد، تەنانەت بەجۆرێک کە تەواوی خۆراکی سوپایان دابین دەکرد و قەرزیان دەدا بەحکومەت".

لە ڕێگەی ڕاگواستنەوە هەوڵیاندا ناسنامەمان لەبیربکەین

 هەروەها دەربارەی ئامانج لە پرۆسەی ڕاگواستنی کوردانی فەیلی، ناوبراو وتی: " لەساڵانی (١٩٧٠) پاش روودانی شۆڕشی ئەیلول، حکومەتی بەغدا بڕیاریدا کوردانی فەیلی لە بەغدا دەربکات و پرۆسەیەکی ڕاگواستن ئەنجامدرا دژ بە کوردانی فەیلی، کوردانی فەیلی بەزۆرە ملێ گواسترانەوە بۆ باشور و رۆژئاوای عێراق، بەشێکی دیکەشیان بەرەو ئێران کۆچیان پێکرا، رژێمی عێراق بۆ سڕینەوەی ڕەگ و ڕیشە و ناسنامەی کوردبوونی کوردانی فەیلی، سیستمێکی بەکاردەهێنا بە چەند ماڵێکی کوردی لەناوچەیەک نیشتەجێ دەکرد کە هەمووی عەرەب بوون تا کوردانی فەیلی ناسنامەی خۆیان لەبیربکەن" .

ناسنامەیان لە کوردی فەیلی سەندەوە

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، دەربارەی بەردەوامی پرۆسەی ڕاگواستن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردانی فەیلی لەلایەن رژێمی عێراقەوە، ئەو بەرپرسەی کوردانی فەیلی کەرکوک، وتیشی: "لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٨٢ رژێمی بەعس لە عێراق بەپاساوی ئێرانی بوونی کوردانی فەیلی، بازرگانە کوردە فەیلییەکانی کۆمەڵکوژ کرد و دەستی بەسەر تەواوی ماڵ و سەروەت و سامانی فەیلییەکاندا گرت و ناسانەمەیان لە تەواوی فەیلییەکان سەندەوە و ژن و منداڵانی فەیلییان بەرەوە سنورەکانی ئێران دەرکرد و بەشیکی زۆریان بەهۆی مینی چێندراو و سەختیی ڕێگاوبانەوە گیانیان لەدەستدا و بە نەهامەتییەکی گەورە گەیشتنە ئێران".

تائێستا بڕیارەکانی رژێمی بەعس دژ بەکوردانی فەیلی جێبەجێ دەکرێت

سەبارەت بە ماف و بارودۆخی کوردانی فەیلی دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە عێراق لەساڵی ٢٠٠٣، حاجی داود ئەسعەد فەیزوڵا، ئاشکرایکرد: "لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە عێراق هیوایەکمان هەبوو، کە بارودۆخی کوردانی فەیلی باشبێتەوە و بتوانن ناسنامەی خۆمان وەربگرین، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بڕیارەکانی رژێمی بەعس دژ بەکوردانی فەیلی جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا بەشێکی زۆری ناسنامەی کوردانی فەیلییان نەداوەتەوە، هەروەها ئەو کوردە فەیلییانەی کە ڕاگواستراون بۆ ئێران ناتوانن بگەڕینەوە بۆ عیراق، چونکە هیچ بەڵگەیەکی عێراقی بوونیان پێ نییە، چونکە رژێمی پێشوو تەواوی بەڵگە ناسنامەکانیانی لێسەندونەتەوە، داواشمان لە حکومەتەکەی کازمی کردووە هەوڵبدات بۆ گەڕانەوەی مافی کوردانی فەیلی، بەڵام دەتوانم بڵێم، کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا هیچ شتێک بۆ کوردانی فەیلی نەکراوە" .

عەلەوییەکان وەکو کوردانی فەیلی لەلایەن تورکیاوە دەچەوسیندرێنەوە بەهۆی نەتەوە و مەزهەب

سەبارەت بە چەوساندنەوەی کوردان لەلایەن عیراق و دەوڵەتانی دیگەی داگیرکەری کوردستان وەکو تورکیا، ئەو بەرپرسەی کوردانی فەیلی دەڵێت: "ئێمە کاتێک لە عێراق دەمانەوێت حکومەت هاوکارمان بێت پێمان دەڵێن، ئێوە کوردن، بەهەمان شێوە من بەچاوی خۆم بینیوومە لە تورکیا چۆن کوردانی عەلەوێ دەچەوسێنرێنەوە بەهۆی نەتەوە و مەزهەبەوە، ئێمەش بە هەمان شێوە دەچەوسێنرێینەوە، لەگەڵ ئەوەی کە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە عێراق کەمێک ئازادیمان بەدەستهێناوە، بەڵام تا ئێستا لە مافەکانمان بێ بەشین".

بەیەکڕیزی دەتوانین مافی نەتەوەیمان وەربگرین

هەروەها دەربارەی گرنگی یەکگرتوویی و یەکڕیزی گەلی کورد، ئەو بەرپرسەی کوردانی فەیلی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان ژمارەیەکی زۆرە، ئەگەر گەلی کورد یەکگرتوو و یەکڕیز بێت، دەتوانێت بە یەکڕیزی گەلی کورد مافی خۆمان و مافی نەوەکانی داهاتوومان وەربگرینەوە" .

پاراستنی ناسنامەمان بەهۆی ڕەنجی خوێنی شەهیدانە

سەبارەت بە پەیامیان بۆ بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان، حاجی داواد ئەسعەد بەرپرسی کوردانی فەیلی لە کەرکوک ئەوەی خستەڕوو: "لە هەر چوار پارچەی کوردستان کوردان شەهید دەکرێن بەدەستی دوژمنان، من لێرەوە سەرەتا سەری رێز و نەوازش دادەنوێنم بۆ شەهیدانی تەواوی کورد و کوردستان، دەستی دایکی شەهیدان ماچ دەکەم و رێزمان بۆ دایک و باوکی شەهیدان هەیە و پێیان دەڵێم، مانەوەمان بەهۆی ڕەنجی خوێنی ئەو شەهیدانەوەیە، کە خۆیان کردە قوربانی لەپێناو ئەوەی بتوانین بە ئازادی بژین".

٢٠ هەزار گەنجی کوردی فەیلی زیندەبەچاڵکران

سەعدیە فاروق موسا بەرپرسی ڕێکخراوی ئافرەتانی کوردانی فەیلی لە کەرکوک، دەربارەی رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: "ئەمڕۆ ٤ی نیسان رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلیە، کە لەم رۆژەدا رژێمی پێشووی بەعس زیاتر لە ٢٠ هەزار گەنجی کوردی فەیلیی زیندەبەچاڵکرد لە پرۆسەی ئەنفالدا، دایکان چاوەڕوانی ڕۆڵەکانیان دەکرد، بەڵام دوای ڕووخانی رژیمی بەعس لە عێراق و ئاشکرا بوونی تاوانەکانی بەعس، ئەوە ئاشکرا بوو، کە ئەو ٢٠هەزار کوردە فەیلییە زیندەبەچاڵ کرابوون".

بەبیانوی نەتەوە و مەزهەبەوە هەر دوو حکومەتی هەرێم و عێراق ئیمەیان پەراوێز خستووە

سەبارەت بە وەرگرتنەوەی مافەکانیان لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە عیراق، سەعدیە فاروق باسی لەوەکرد: "بەداخەوە لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا ناسنامەیان نەداوەتەوە کوردانی فەیلی و تا ئێستا وەکو کەسانی بیانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە عێراق، لەکاتی چوونمان بۆ شارەکانی عێراق داوای کارتی نیشتەجێبوون (ئیقامەمان) لێ دەکەن، هەروەها مافمان لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خوراوە، بەجۆرێک کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق بەبیانوی ئەوەی کوردین هەمیشە پەراوێز خراوین و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێن، ئێوە فەیلین شێعەن و کوردنین، وەکو کورد نامانناسن و پەراوێز دەکرێین".

بۆ گەیشتن بەمافەکانمان پێویستە کورد یەکگرتوو بێت

هەروەها سەعدیە فاروق وتی: "ئێمە مەزهەبمان هەرچییەک بێت ئێمە هەر کوردین، کوردانی فەیلی لە دامەزراندنی تەواوی حزبە کوردییەکانی باشوری کوردستان دا ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام بەداخەوە بێ بەشکراوین لەمافەکانمان وەکو کورد، ئێمەی کورد بە بەتەواوی بیروباوەڕو مەزهەبەکانەوە دوژمنمان زۆرە، چ ئێران و تورکیا و عیراق و سوریا هەمووویان دوژمنایەتی کورد دەکەن بەبێ جیاوازی، هەموو کوردان وەکو دوژمنی خۆیان دەبینن، زۆر وڵات هەن ژمارەیان کەمە، بەڵام خاوەن دەوڵەتن چونکە یەکگرتوون، بۆیە بۆ گەیشتن بە مافەکانمان پێویستیمان بە یەکگرتوویی هەیە".

پیویستە کوردایەتی بکەین نەک حزبایەتی

بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی دژ بەکوردان، ئەو بەرپرسەی ئافرەتانی کوردی فەیلی وتی: "بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی نەتەوەکەمان پێویستە هەموومان یەکدەست بین و یەکڕیزبین، پێویستە حزبایەتی نەکەین، بەڵکو کوردایەتیی بکەین، چونکە بەیەکڕیزی دەتوانین بگەین بە مافەکانمان، دەوڵەتێکی خۆمان هەبێت، بەڵام تا جیاکاری بکەین لە نێوان کوردان لەسەر بنەمای حزبایەتی و بیروباوەڕ و مەزهەب ناگەین بەهیچ".

کوردی فەیلی بێبەشکراوە لەمافی هاوڵاتیبوون

سەبارەت بە پەیامی خۆیان لە رۆژی شەهیدانی فەیلی وەکو ژنانی فەیلی ناوبراو وتی: "تەواوی شەهیدانی فەیلی شەهیدانی تەواوی کوردستانن، هیوادارین هیچ جیاکاریەك لەنێوان کوردان نەکرێت، لەسەر بنەمای پارچە و مەزهەب و بیروباوەڕ، چونکە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان یەکن، هەروەها داواکارین تەواوی کوردانی فەیلی ناسنامەی خۆیان وەربگرنەوە، کە لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە ناسنامەیان لێ سەندراوەتەوە و بێبەش کراون لەسەرەکیترین مافیان، کە ئەویش مافی هاوڵاتیبوونە" .

کوردانی فەیلی تائێستا ناتوانن بە ئازادی باس لەناسنامەی خۆیان بکەن

لەکۆتایدا دەربارەی رۆڵی کوردانی فەیلی لە کۆمەڵگادا، سەعدیە فاروق بەرپرسی ژنانی کوردی فەیلی لە کەرکوک، وتی: "کوردانی فەیلی لە تەواوی کایەکانی کۆمەڵگای عیراق و کۆمەڵگای کوردستان رۆڵی کارایان هەبووە و بەشدارییان کردووە، بەهۆی ترس و فشاری زۆری رژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، بەشێک لە ژنانی کوردانی فەیلی بەهۆی بەزۆرە ملیی تێکەڵ بوونیان لەگەڵ عەرەب و تێکەڵ بوونیان لەگەڵ تورکمان زمانیان گۆڕاوە، چونکە بارودۆخی کوردانی فەیلی لە ناوچەکانی خوار و رۆژئاوای کەرکوک جیاوازە وەکو کەرکوک تا ئێستا ناتوانن بە ئازادی باس لە ناسنامەی خۆیان بکەن، ئێمە هەوڵمانداوە کوردانی فەیلی بە زمان و ناسنامەی خۆیان ئاشنا بکەینەوە".

ف.ق