لەو ڕاگەیاندراوەی لە ماڵپەڕی کەژەکەدا بڵاوکراوەتەوە، گوتراوە: "ڕۆژی جیهانیی لەو شەهیدانەی لە ئاستی فیداکاری و پێشەنگایەتیدا بەشداری بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێ بوون، لە ڕێبەر ئاپۆ، لە شەڕڤانانی ئازادی و گەلەکەمان و مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز پیرۆزدەکەین. بە ڕێز و سوپاسەوە هەموو شەهیدەکانمان بیردەهێنینەوە کە بە گیانی خۆیان کۆبانێیان لەدەستی داعش ڕزگارکرد و کردیان بە نیشانەی شۆڕشی سەدەی ٢١. هەروەها دیسانەوە، سڵاو لە هەموو دۆستان و گەلان و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەکان و هاوڕێ ئەنتەرناسیۆنالیستەکان دەکەین کە بەشداربوون لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ڕزگارکردنی کۆبانێ".
ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت:
"بەرخۆدانی کۆبانێ لەڕووی نەتەوەییەوە، بوو بە سیمبولی یەکێتی و یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی، بۆیە لە ئاستی مێژووییدا گرنگ و بەنرخ بوو. لە ئاستی گەردوونیشدا، بۆ ژنان، گەلان، چەپەکان، سۆسیالیستەکان، ئەنارکیستەکان و دژە سەرمایەدارەکان بوو بە هەڵوێستێکی هاوبەش، نەخشەڕێگای نوێی تێکۆشانی ئینتەرناسیۆنالیستی دەستنیشان کرد، دەریخست کە هەڵوێستی هاوبەش و پێکەوەیی جڤاکە بندەستەکان و ژنان و گەلان، زۆر مەزنتر و بەهێزترە لە توندوتیژی شەڕی پەرتەوازەکردن و بەرژەوەندییەکان و سیاسەتی دەوڵەتەکان. بۆیە ئازادکردنی کۆبانێ تەنها ڕزگارکردنی خاکێکی بچووک یان شارۆچکەیەکی بچووکی ڕۆژئاوای کوردستان نەبوو، بەڵکو مانایەکی زۆر مەزنی هەبوو، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێش پێناسەی ئەم ڕاستیەیە.
ئەوەی لە کۆبانێ تێکشکا، تەنها هێزی سەربازی و جەستەیی داعش نەبوو. بەڵکو کردەوە و سیاسەتی داگیرکاری و تاڵان و قڕکردنی فاشیزمی پیاوسالاری هەژمونگەرا لە کۆبانێ شکستی هێنا. ئەو تاریکییەی داعش نوێنەرایەتی دەکرد و وەک هێزێکی وەکیلی فاشیزمی ئاکەپە مامەڵەی دەکرد، ویستی مەزنترین شۆڕشی دەسپێکی سەدەی ٢١ لە کەسێتی ڕۆژئاوادا، ناکام بکات و لەناوی ببات. دەیانویست بە پاشڤەڕۆترین شێوە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا سەرکوت بکەن، ئەو شۆڕشەی جێگەی هیوا و باوەڕی کوردستان و هەرێمەکە و تەواوی جیهان بوو. گەلی کورد کە بە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، ئازادیی دەئافراند، بەڵام بە قڕکردنی وەڵامی درایەوە، بە فاشیزمی تاریک وەڵامی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک درایەوە، بە دڕندەیی وەڵامی ژیانی ئازاد درایەوە، بەم جۆرە ویستیان هیوای شۆڕش سەرکوت بکەن.
بۆیە ئازادکردنی کۆبانێ بە پێشەنگایەتی ژنان لە ئاستی مێژوویی و گەردوونیدا، واتادار و گرنگە. داعش سەرەتا لە کۆبانێ تێکشکێندرا. دەوڵەتی فاشیستی تورک نەیتوانی بەرگەی ڕزگاربوونی کۆبانێ بگرێت، بۆیە پیلانی قێزەونی بۆ داگیرکردنی شارەکە ئامادە کرد. بە بۆنەی دەیەمین ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ، ژنان، گەلان، ئەنتەرناسیۆنالیستەکان و ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان لە هەموو جیهانەوە دێنە گۆڕەپانەکان لەپێناو پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئەمەش دەیسەلمێنێت، بەرخۆدانی کۆبانێ بەردەوامە.
لە بەرامبەر پلانە نوێیەکانی داگیرکاری دەوڵەتی قڕکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەتایبەت لەسەر کۆبانێ، زۆر گرنگە تێکۆشان بۆ پاراستنی شۆڕش لە هەموو شوێنێک مەزنتر بکرێت. هەم بۆ ڕزگارکردنی خاکی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبندەستی داگیرکاری دەوڵەتی تورکی فاشیست، هەم بۆ پێشگرتن لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری نوێ، بەبۆنەی ١٠ ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی کۆبانێوە، بانگەوازدەکەین بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.
بانگەواز لە گەلەکەمان و گەلانی هەرێمەکە و بزووتنەوەکانی ژنان و هێزە شۆڕشگێڕەکان و ڕێکخراوە چەپ-سۆسیالیستەکانی جیهان دەکەین، لە کەسێتی کۆبانێدا کە بە قوربانیدانی مەزن ڕزگارکراوە، بۆ پارێزگاریی بەهێزتر لە شۆڕشی سەدەی ٢١، فاشیزمی دەوڵەتی تورک ڕاوەستێنن. ئەمڕۆ فاشیزم لە چەندین هەرێمی جیهان لەڕێگەی دوژمنایەتی ژنان و داگیرکاری و شەڕ و قڕکردنەوە، هەوڵدەدات مرۆڤایەتی لەنێو تاریکیدا سەرکوت بکات. بۆ پاراستنی شۆڕشەکەمان، بۆ مسۆگەرکردنی سەردەمی ئازادی لە سەدەی ٢١دا، با هەموومان تێکۆشان دژی فاشیزم مەزن بکەین. بانگەوازدەکەین بە ڕۆحی بەرخۆدانەوە پێشوازی لە ١٠ هەمین ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ بکەین".