لە ڕانیە ڕێپێوانێکی جەماوەری لە دژی چەکی کیمیایی ڕێکخرا

بە پێشەنگایەتیی دەستپێشخەریی ئازادیی گەل، لە ڕانیە ڕێپێوانێک دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە رێکخرا.

لە شاری ڕانیە لە پارێزگای سلێمانی لە دژی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک رێپێوانێک ڕێکخرا. دوای رێپێوانەکە ئیدریس عەبدوڵا راگەیاندراوێکی خوێندەوە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی تورک لەسەر عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم دامەزراوە و نکۆڵی لە بوون و ناسنامەی گەلی کورد دەکات. دەیان ساڵە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی کورد هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد.  دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدایە گەلی کورد لە رووی سیاسی و کلتوری و جەستەییەوە لە ناو ببات. لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بە هێزی سەربازی و چەکی کیمیایی قەدەغەکراو کۆمەڵکوژ و کاولکاری و تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕەخنە لە بێدەنگیی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گیراوە و داوا لە ڕای گشتیی کوردستان، عێراق و نێونەتەوەیی، لایەنە پەیوەندیدارەکان، یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەڵوێستیان هەبێت.

هەروەها بانگەوازێک بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی دەوڵەتی تورک کرا.

ژ.ت