لە جوانڕۆ گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژرا
هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوێنێ جارێکیتر لە شاری جوانڕۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵەیان بە ناوی بورهان ئەلیاسی شەهید کرد.
هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوێنێ جارێکیتر لە شاری جوانڕۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵەیان بە ناوی بورهان ئەلیاسی شەهید کرد.
دوێنێ خەڵکی جوانڕۆ بەپێی بانگەوازەکان بۆ بەشداریکردن لە چلەى گیانبەختکردوانی ڕاپەڕینەکاندا بەرەو گۆڕستانی حاجی ئیبراهیم بەڕێکەوتن و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە رێگریکردن لە خەڵک کرد. لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا گەنجێکی ئەو شارە شەهید بوو و ٧ کەسی تریش بریندار بوون، کە ٢ کەسیان منداڵ بوون.
دوێنێ سەرەڕای کەشی ئەمنیی توند، هاووڵاتییانی جوانڕۆ بۆ بەڕێوەچوونی مەراسمی چلەی گیانبەختکردوانی ڕاپەڕینەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران بەرەو گۆڕستانی حاجی ئیبراهیم بەڕێکەوتن. سەدان کەس لە هێزە ئەمنییەکان بە داخستنی رێگاکانی ڕۆیشتن بۆ گۆڕستانەکە رێگرییان لە هاووڵاتییان کرد، کە بچنە سەر گۆڕی گیانبەختکردوان و بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی جەنگی هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییان. هێزە ئەمنییەکان لە شارەکەشدا بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییان و تەقەشیان لە هاووڵاتییانی خۆپیشاندەر کرد.
لە بەرامبەر نەخۆشخانەی "حەزرەتی ڕەسوڵ" لە شاری جوانڕۆ لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خۆپیشاندەران ٨ کەس بریندار بوون، کە دوو کەسیان منداڵی تەمەن ٧ ساڵ و ١٣ ساڵ بوون و هەروەها گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی بورهان ئەلیاسی شەهید بوو.
ژنانی ئازادیخوازیش شانبەشانی پیاوان لە شەقامەکاندا بوون و بە بەرزکردنەوەی پۆستەر ولافیتەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "لە جوانڕۆ تا تاران ستەم لە دژی ژنان" لە دژی یاسا دژە ژنیەکانی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتیان نیشاندا.
ژ.ت