لە کەرکوک کۆڕێک لەبارەی گرنگی رۆڵی شانۆ لە پەروەردەدا سازکرا
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئێوارە کۆڕێک لەژێرناونیشانی (شانۆی پەروەردەی زانستی و پراکتیزەکردنی بۆ پێگەیاندن و فێرکردن) سازکرا، بۆ جەختکردنەوە لە گرنگی ڕۆڵی شانۆگەری لە پەروەردەدا.
لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئێوارە کۆڕێک لەژێرناونیشانی (شانۆی پەروەردەی زانستی و پراکتیزەکردنی بۆ پێگەیاندن و فێرکردن) سازکرا، بۆ جەختکردنەوە لە گرنگی ڕۆڵی شانۆگەری لە پەروەردەدا.
ئەمرۆ، لە کتێبخانەی کارێز لەگەڕەکی باردوخەی شاری کەرکوک، بەدەستپێشخەری بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک، ئێوارە کۆڕێک بۆ (دکتۆر. هاوڕێ زەنگەنە) لەژێر ناوی (شانۆی پەروەردەی زانستی و پراکتیزەکردنی بۆ پێگەیاندن و فێرکردن بۆ نموونە: پرۆژەی دیالۆگی هزری فرە رەنگی ئاینی) سازکرا.
دەیان کەس لە رۆشنبیر و کەسایەتی هونەری پەروەردەیی شاری کەرکوک بەشداریان کرد.
دوای پێشکەش کردنی کۆڕەکە و باسکردنی چەندین بابەتی وەکو کاریگەری هونەر و شانۆ لەسەر پەروەردە و گەشەی مرۆڤەکان گریدروای بابەتەکە بەلایەنی دەرونی کۆمەڵگا و مرۆڤەکان ، پاشان ڕێگەی گفتوگۆ کرایەوە بۆ بەشداریکردنی ئامادەبووانی کۆڕەکە بۆ گەیاندنی هەر پرسیار و سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی کۆڕەکە.
دوای کۆتاییهاتنی کۆڕەکە، قەڵغانی رێزلێنان لەلایەن بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری کەرکوک بەخشرایە (د. هاوڕێ زەنگەنە) بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرەی کە بە بواری شانۆی کردووە.
سەبارەت بەگرنگی کۆڕەکە دکتۆر هاورێ زەنگەنە پسپۆری شارەزا لە شانۆ، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "گرنگی ئەم کۆڕە لەوەدایە کە باسی گرنگی بەشێک دەکەین کە ئەویش بەشی پەروەردەیە، تەواوی وڵاتانی پێشەکەوتوو کار لەسەر پەروەردە دەکەن، چونکە هەر کۆمەڵگایەکی پێشکەتوو بە پێشکەوتنی پەروەردەکەیەوە پێشدەکەوێت، ئێمەش لەم کۆڕە باسمان لە پەروەردەی زانستی کرد کە ئەم جۆرە پەروەردەیە لەرێگەی شانۆوە ئەنجام دەدرێت، شانۆ بەشێکی گرنگی ناسنامەی هەر کەلتورێکە."
هەروەها د. هاورێ زەنگەنە پسپۆری شانۆیی، دەربارەی پەیوەندی نێوان پەردوەردە و شانۆ وتی،"ئێمە هەردوو بەشی شانۆ و پەردەوەدە دەبەستین بەیەوەکەوە بۆ خزمەتکردنی تەواوی چینەکانی کۆمەڵگا بە منداڵ و گەنجەوە تا دەسەلاتیش، چونکە ئەگەر منداڵێک لەرێگەی شانۆیی پەروەردەیی هەستی بە بەرپرسیارێتی کرد، ئەوە ئەو بەرپرسیارێتیە لەخۆیدا دەبینێت، شانۆش باشترین ناوەندی گەیاندنە بە منداڵان."
لەکۆتایدا سەبارەت بەتوانای شانۆ بۆ گەیاندنی پەروەردە، ئەو پسپۆرەی بواری شانۆ ئەوەی خستەڕوو، "پەروەردە رێگەیەکی کاریگەرە بۆ ئەوەی دیاردەیەکی جوان جوانتر بکات و دیاردە ناشرینەکانیش کەمبکاتەوە تا ئاستی لەناوبردن. لەئیستادا پەروەردە و شانۆ هەردوکیان زانستن، لەئیستاشدا لە رێگەی زانستێکەوە بەناوی (شانۆی پیتاگۆکیک) واتای شانۆی(پەروەردە و پێگەیاندن و فێرکردن) کە هەردوو زانستی پەروەردە و شانۆ لەخۆی دەگرێت، ئێمەش لەئیستادا پێویستمان بەو پەروەردەیەی کۆمەڵگا هەیە."
ف.ق