لە کەرکوک کۆڕی "وەزیرە کوردەکانی عێراق لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوو" بەڕێوەچوو
کەرکوک، لە کۆڕێکدا لەژێر ناونیشانی "وەزیرانی کورد" باس لە سەرجەم وەزیرە کوردەکان و رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووی عێراق کرا.
کەرکوک، لە کۆڕێکدا لەژێر ناونیشانی "وەزیرانی کورد" باس لە سەرجەم وەزیرە کوردەکان و رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردووی عێراق کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کارێز لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی ڕۆشنبیری شارەکە، لەژێر ناونیشانی "وەزیرانی کورد" کۆڕێک بۆ ئەحمەد حەمید پارێزەر و نووسەر و ئەدیب سازکرا.
لە کۆڕەکەدا نووسەر باسی لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی کرد بەناونیشانی (وەزیری کورد لە وەزارەتەکانی بەغدا ١٩٢٠_٢٠٢٠) تێیدا باسی سەرجەم ئەو کەسایەتییە کوردانە دەکات کە لە ماوەی یەک سەدەدا لە حکومەتی عێراقدا لە پۆستی وەزیردا بوون، وەکو نووسەر دەڵێت، کتێبە لە ڕووی مێژووییەوە خزمەتێکی گەورەیە بە ڕۆڵی دەيان کەسایەتیی کورد لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا، ھەر لە دروستبوونییەوە تا پێنج ساڵ بەر لە ئێستا.
لە کۆڕەکەدا نووسەر، باسی لە ناونیشانی کتێبەکەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە دامەزراندنی یەکەم حکومەتی عێراقەوە سیڤی سەرجەم وەزیرە کوردەکانی ماوەی سەد ساڵێ ڕابردوو دەوڵەتم نووسیوە، ژمارەی وەزیرە کوردەکان زیاتر لە سەد وەزیر بوونە، بەشێوەیەکی دۆکیومەنتەری بەپشت بەستن بەسەرچاوە مێژووییەکانی بەریتانیا و عێراق، نووسەر مێژووی وەزیرە کوردەکانی بۆ چەند قۆناغێک دابەش کردووە، کە یەکەم قۆناغیان باس لە سەردەمی پاشایەتی دەکات تاوەکو ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی و هاتنی یەکەم حوکمی کۆماری بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم.
نووسەر لە قۆناغی دووەمی کتێبەکەی باس لەو وەزیرە کوردانە دەکات لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی کۆمارییەکان لە ساڵی ١٩٥٨ تاوەکو ساڵی ١٩٦٨ کە بەعسییەکان دێنە سەر دەسەڵات، قۆناغێ سێیەمیش لەسەردەمی هاتنی بەعسییەکان بۆ سەر دەسەڵات دەستپێدەکات تاوەکو دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، هەروەها لە کتێبەکەدا باس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس کرا لەوانەش مام جەلال و مەسعود بارزانی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی باشوری کوردستان.
' بۆ مێژوو بمێنێتەوە کورد رۆڵی گەورەی هەبووە لە بەڕێوەبردنی عێراق '
نووسەر ئەحمەد حەمید، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) بەم شێوەیە باسی لە کتێبەکەی کرد، "لەم کتێبەمەدا باسی سەرجەم ئەو کەسایەتییە کوردانەم کردووە کە لە ماوەی یەک سەدەدا لە حکوومەتی عێراقدا لە پۆستی وەزیردا بوون، کاتێک کە باس لە وەزیرە کوردەکان دەکەم، باس لە کەسانی شۆرشگێر و کورد پەروەر ناکەم بەڵکو باسی هەموو وەزیرەکان دەکەم کە سەر بە نەتەوەی کوردن، تاوەکو بۆ مێژوو بمێنێتەوە کە کورد رۆڵی گەورەی و باڵای هەبووە لە دامەرزاندن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق".
' بۆ بەهێز بوونی لێکۆڵینەوەکانم پشت بەو سەرچاوانە بەستووە '
هەروەها نووسەر ئەوەشی خستەڕوو، بۆ بەهێز کردنی نووسین و لێکۆڵینەوەکان زیاتر پشتی بە سەرچاوەکانی دۆکیومەنتەری عێراق و بەریتانیا بەستوە نەوەک سەرچاوەی کوردی، چونکە داگیرکەرانی کورد ئەوانەی نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن دان بە سەرچاوەی کورد نانێن بۆیە سەرچاوەکانی خۆیانی بەکارهێناوە، هەروەها نووسەر ئاشکراشی کرد، بەپێی سەرچاوە بەڕیتانییەکان لە کۆی ٣٠ وەزیری سەردەمی پاشایەتی نزیکەی ١٥یان کورد بوونە.