لە شارەدێی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین تەرمی گەریلا `فەرمان راپەرین` بەخاک سپێردرا
بە مەراسیمێکی جەماوەرییانە، تەرمی گەریلای شەهید’فەرمان ڕاپەڕین’، لە گۆڕستانی حاجیاوای کۆن بەخاک سپێردرا.
بە مەراسیمێکی جەماوەرییانە، تەرمی گەریلای شەهید’فەرمان ڕاپەڕین’، لە گۆڕستانی حاجیاوای کۆن بەخاک سپێردرا.
ڕابەر محەمەد ناسراو بە ‘فەرمان ڕاپەڕین’ ساڵی ۱۹۹٦ لە شارەدێی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین لەدایک بووە، ساڵی ۲۰۲۰ بەشداری رێزەکانی گەریلا دەبێت، دوای ماوەیەکی کەم لە بەشداربوون، لە ۲٥ی تەمموزی ۲۰۲۰ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە چیای ئاسۆس شەهید بوو.
شەهید فەرمان لە مەزاری شەهیدان لە چیای ئاسۆس لە تەنیشت هەڤاڵانی شەهیدی بە خاک سپێردرابوو، لەسەر داوای بنەماڵەکەیان، ئەمڕۆ تەرمەکەی هێندرایەوە بۆ زێدی لە دایکبوونی خۆی و بە مەراسیمێکی جەماوەریی و لە ژێر دروشمی “شەهید نامرن”، لە گۆڕستانی حاجیاوای کۆن بەخاک سپێردرا.
دوای بەجێهێنانی مەراسیمی ئاینیی مامۆستای ئاینی ‘محەمەد پشت ئاشانی’ لە سەر مەزاری شەهید وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ڕابەر محەمەد گەنجێکی کورد بووە و بۆ ئازادیی نیشتمان ودژ بە زوڵم و زۆرداریی سەر گەلی کورد، ڕێگای چیای هەڵبژارد، دڵنیام لای خوای گەورە وەک هاوڕێ و هاوسەنگەرانی پێغەمبەر و ئەسحابەکان، کە لەپێناو ئاین و نیشتمان شەهید بوون هەژمار دەکرێت.
وتیشی: ئەم شەهیدانە لە دونیا و قیامەت ناویان هەمیشە بە زیندوویی دەمێنیتەوە.
دواتر ئامانج حەمەڕەش ئەندامی كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری كوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: وەكو كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری كوردستان لە بەرامبەر شەهید ڕابەر و خانەوادەی شەهید و سەرجەم شەهیدان سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ گیان و خوێنی شەهید ڕابەر، بەڵێن و بڕیار دەدەین، كە ڕێگا نادەین خوێنی پاكی شەهید بەفیڕۆ بچێت و بەردەوام بین لەسەر ڕێگاو ڕێبازی، تاوەكو ئاوات و ئامانجی شەهید ڕابەر و شەهیدان بەدیدێت.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: هەموومان دەبێت باش ئەم ڕاستییە بزانین، كە شەهید ڕابەر، شەهیدی لایەنێک و پارچەیەک نییە بەڵکوو شەهیدی هەموو كوردستان و مرۆڤایەتییە، شەهیدی گەل و نەتەوەیەكی داگیر كراو و چەوساوەیە، ئێستا هەموو گەلی كورد شانازی بەم شەهیدەوە دەكات لە هەرچوار بەشی كوردستان.
دواتر بە دروشمی ‘شەهید نامرن’، ‘ئەی شەهید خوێنی تۆ لە عەرز نامێنێت’ کۆتایی بە مەراسیمی ناشتنی تەرمی شەهید ڕابەر’فەرمان ڕاپەڕین’ هات.
مەراسیمی پرسەی شەهید فەرمان ڕاپەڕین لە حاجیاوای کۆن لە ماڵی باوکی شەهید بەرێوە دەچێت.
ف.ق